فێمینیزمی دامەزراوەیی؛ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پیاوسالاری لە بەرگی ڕزگاریخوازیی ئۆنلایندا
پێشەکی
لە جیهانی مۆدێرندا، فێمینیزم وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات سەری هەڵدا. بەڵام کاتێک ئەم چەمکە دەگاتە کوردستان، لە فیلتەری دامەزراوە و ناسیۆنالیزمەوە تێ دەپەڕێت و دەبێتە ئەوەی من ناوی دەنێم «فێمینیزمی دامەزراوەیی». ئەم جۆرە فێمینیزمە نەک هەر ناتوانێت گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروست بکات، بەڵکوو دەبێتە کەرەستەیەک بۆ ڕەوایی دان بە هەمان ئەو سیستەمە پیاوسالارەی کە دەیچەوسێنێتەوە.
لە ئاستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا، جۆرێک لە فێمینیزمی خێڵەکی سەری هەڵداوە کە تێیدا پێکدادانی ئازاری ڕاستەقینە لەگەڵ بەرژەوەندیی گرووپەکاندا، بەرژەوەندیی تاک و پرەنسیپەکان دەخاتە ژێر پێ. ئەم جۆرە فێمینیزمە، لەجیاتی ئەوەی ببێتە مەکۆیەک بۆ ڕزگاری، بووەتە ئامرازێک بۆ پاسەوانیکردن لە شکۆی کۆمەڵێک کە پیاوسالاریی ناوخۆیی بە بەشێک لە بەرژەوەندیی خۆی دەبینێت. بەکارهێنانی هەشتەگ و دروشمی ڕادیکاڵ، کاتێک لە واقیعدا بەرگری لە ژنێکی قوربانی ناکەن، نیشانەی ئەوەیە فێمینیزم لای هەندێک کەس تەنیا نمایشێکی سیاسییە. ئەوان دەیانەوێت ڕادیکاڵ دەربکەون، بەڵام ئامادە نین باجی ڕادیکاڵبوون بدەن، کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی پیاوسالاریی ناوخۆیی و ئەو کەسانەیە کە لەنێو بازنەی خۆیاندا دەسەڵاتدارن.
تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم گرووپانە ئەوەیە کە بەهۆی ئەوەی خاوەن پێگەی ئەکادیمی یان سیاسی و کۆمەڵایەتین، زۆر بەلێهاتوویی چەمکەکان بۆ مەبەستی خۆیان دادەڕێژنەوە. کاتێک توندوتیژییەک لەنێو هاوڕێکانیاندا ڕوو دەدات، ناوی دەنێن دیپلۆماسی، بەڵام کاتێک کەسێک ڕەخنەی ڕاستەقینە دەگرێت، دەچنە ڕۆڵی قوربانی.
فێمینیزمی ڕاستەقینە، نەشتەرێکە هەم ڕووی لە ناوەوەیە بۆ چاککردنی برینەکانی کۆمەڵگە و هەم ڕووی لە دەرەوەیە بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ. کاتێک فێمینیزم دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوەی ناپاکیی هاوڕێیان و پاراستنی ناوبانگی نەتەوە یان گرووپ، ئەو فێمینیزمە چیتر خزمەت بە ئازادی ناکات. ئەرکی ئێمە لێرەدا ئەوەیە نەهێڵین ئەو دەمامکانە ڕاستییەکان بشارنەوە، چونکە حەقیقەت لە هەموو دەستکەوتێکی کاتیی گرووپەکان گرنگترە.
چەمکناسی فێمینیزمی دامەزراوەیی
فێمینیزمی دامەزراوەیی ئەو گوتارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە کە تێیدا ژن داوای مافەکانی دەکات، بەڵام بە مەرجی ئەوەی خاتری پیاو، خێڵ، و نەتەوە نەڕەنجێنێت. ئەم فێمینیزمە هەمیشە لە دۆخی بەرگری و داوای لێبوردندایە.
یەکێک لە ڕەهەندە مەترسیدارەکانی ئەم دۆخە، سەرهەڵدانی پیاوسالاریی شاراوەیە کە ئیتر بە ئاشکرا ناڵێت ژن نابێت بخوێنێت یان ژن نابێت کار بکات، بەڵکوو بە شێوازێکی نەرم ژن دەستەمۆ دەکات. لەم جۆرە پیاوسالارییەدا، پیاو (سەرۆکی ڕێکخراوە، باوک، یان هاوسەر، هاومەرام و هاوپەیمان) ڕێگە بە ژن دەدات چالاک بێت، بە مەرجێک ئەو چالاکییە لە خزمەت وێنەی پیاوەکە یان ڕێکخراوەکەدا بێت. ئەمە جۆرێکی تری داگیرکارییە کە تێیدا ژن هەست دەکات ئازادە، بەڵام لە ڕاستیدا لەناو هێڵە سوورەکاندا یاری دەکات کە پیاو بۆی کێشاوە.
لە کوردستاندا چالاکبی ژنان سەربەخۆ نییە و بووەتە لقێکی بچووک لە مەکتەبی سیاسیی ڕێکخراوەکان. لێرەدا فێمینیزمی دامەزراوەیی خۆی دەنوێنێت؛ ئەو ژنانەی لەم ڕێکخراوانەدان، ناتوانن دژی ئەو بیرۆکە زاڵە پیاوسالارە کە هەم ژن و هەم پیاو بەڕێوەبەرین بوەستنەوە کە بودجە، پلە و پۆستیان و یان پێگەی کۆمەڵایەتییان پێ دەبەخشن. بۆیە، پرسی ژن لە کوردستاندا نەبووەتە پرسێکی جەماوەری، بەڵکوو تا ڕادەیەکی بەرچاو وەک دیکۆرێک ماوەتەوە و ناوێرێت دەست بۆ چەقی کێشەکان ببات، ئەم بزووتنەوەیە زیاتر خەریکی کۆڕ و سیمیناری نمایشییە. کاتێک ژنێک لە گوندێکی زۆر دوور بە ناوی نامووسەوە دەکوژرێت، ئەم فێمینیزمە تەنیا بەیاننامەیەکی شەرمنانە دەردەکات کە تێیدا هێرش ناکاتە سەر عەقڵیەتی پیاوسالار، بەڵکوو داوا لە یاسا دەکات (کە خۆی پیاوسالارە) کارەکەی بکات.
یەکێک لە گەورەترین گورزەکان کە بە درێژایی دەیان ساڵ، لە سەربەخۆییی فیکریی ژنی کورد دراوە، ئەوەیە کە هەر کاتێک ژنان ویستبێتیان دژی ستەمی ناوخۆیی بجووڵێنەوە، لەلایەن گوتاری ناوخۆیی دەمکوت کراون کە ئێستا کاتی ئەوە نییە کۆمەڵگە پارچە پارچە بکەین. بەم شێوەیە، ئازادیی ژن کراوە بە قوربانیی ئازادییەکی سیاسی کە تەنیا خزمەت بە گوتاری پیاوسالاری دەکات. ئەمە وای کردووە فێمینیزمی دامەزراوەیی هەمیشە هەست بە تاوان بکات ئەگەر بیەوێت پرسی جێندەری لە سەروو دابنێت.
کارتێکی فشار بۆ جوانکاری (Tokenism)
زۆر جار نیشاندانی ژنان لە هەموو بەستێنە سیاسی و کولتوورییەکان بۆ ئەوە بووە کە بە جیهان بگوترێت ئێمە نەتەوەیەکی مۆدێرنین. بەڵام کاتێک هەمان ئەو ژنانە دەگەڕێنەوە ناو شار و ناو خێزان، ڕووبەڕووی هەمان ئەو یاسا و نۆرمانە دەبنەوە کە وەک مرۆڤ سەیریان ناکات. لێرەدا عەقڵیەتی دامەزراوەیی، ژن وەک پێشانگا بە کار دەهێنێت بۆ شاردنەوەی عەقڵیەتە خێڵەکییەکەی ناوەوەی.
ئەگەر نەتەوەیەک نەتوانێت کەرامەتی نیوەی دانیشتووانەکەی بپارێزێت، ئایا شایانی ئەوەیە وزەی بۆ تەرخان بکرێت؟ فێمینیزمی دامەزراوەیی ناوێرێت ئەم پرسیارە بکات. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە لە زۆر شوێندا، خاک و سنوور بوونەتە پیرۆزییەک کە لە سەروو مافی ژیان و ئازادییەکانی ژنەوە دانراون. ئەمە وای کردووە کە تیرۆری مەعنەوی دژی ژنانی ئازاد بە ناوی پاراستنی پیرۆزییەکانی نەتەوەوە ئەنجام بدرێت.
لە کوردستاندا، ڕێکخراوە تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو دەسەڵاتێکە کە دەست دەخاتە ناو کایەکانی ژیان، لەوانەش پرسی ژن. فێمینیزمی دامەزراوەیی لەم ژینگەیەدا گەشە دەکات، چونکە ڕێکخراوە جێگە بە بزووتنەوە ژنانە سەربەخۆکان تەنگ دەکات.
ڕێکخراوە کوردییەکان جۆرە مۆدێلێکی دیاریکراو لە ژنیان دروست کردووە کە من ناوی دەنێم ژنی کارتۆنی. ئەم ژنانە پۆستی باڵایان پێ دەدرێت، دەکرێنە ئەندام، بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵاتی بڕیاردانی سەرەکی و سەربەخۆیان بە دەگمەن هەیە. ئەرکی سەرەکی ئەوان بریتییە لە جوانکردنی سیمای ڕێکخراوە لەبەردەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان؛ دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو گوتارە پیاوانە کە سەرۆکی ڕێکخراوە دای دەڕێژێت.
هەر ژنێک بیەوێت لە کایە ڕێکخراوە و دامەزراوەییەکان بچێتە دەرەوە و ڕەخنە لە بنەماکانی پیاوسالاری بگرێت، ڕووبەڕووی تیرۆری مەعنەوی دەبێتەوە. ئەم تیرۆرە لە چەند ڕێگەیەکەوە ئەنجام دەدرێت:
- تۆمەتی ئەخلاقی: باوترین چەک بۆ شکاندنی ژنێکی ئازاد ئەوەیە کە هێرش دەکەنە سەر ناوبانگ و ژیانی شەخسیی و دەیکەن بە نەخۆشی دەروونی.
- تۆمەتی دژە کورد بوون: ئەگەر ژنێک بڵێت ئەم سیستەمە کوردییە دەمچەوسێنێتەوە، یەکسەر دەگوترێت ئەمە دژی کوردایەتییە و خزمەت بە دوژمنان دەکات. ئەم جۆرە لە فشار وا دەکات فێمینیزمی دامەزراوەیی هەمیشە لە ناو قاوغی خۆیدا بمێنێتەوە و نەوێرێت دەست بۆ کێشە قووڵەکان ببات.
پێویستی فێمینیزمێکی ڕەسەن
دەبێت ڕاشکاو ببین بەپێی ئاڵۆزبوونی کێشەی ژن لە کوردستاندا و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لەنێو کولتوور و چەمکی شەرەف و نامووسدا، ئێمە پێویستمان بە فێمینیزمێکە کە لەرزە بخاتە ناو ئەو سیستەمە کۆنەپارێزەی کە هەزاران ساڵە ژنی نەک وەک مرۆڤ بەڵکوو وەک پاشکۆیەکی پیاو ناساندووە. دەبێت ئەو تێڕوانینە تێک بشکێنرێت کە پێی وایە پیاو پێوەرە. دەبێت زمان لەو وشە و ئیدیۆمانە پاک بکرێتەوە کە ژن وەک نامووس یان کاڵا دەبینن. دەبێت یاسایەکی نوێ لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و پاراستنی مافی تاک دابڕێژرێت.
وەک کورتەیەک بەپێی تەجروبەی ژیانم بنەما نەگۆڕەکانی فێمینیزمی دادپەروەر بە شێوەی ژێرەوە دەبینم:
- پشتیوانیی بێ مەرج بۆ کەرامەتی مرۆڤ: هەر ڕەفتارێک ئەم کەرامەتە بشکێنێت، بێ گوێدان بە ناسنامەی ئەنجامدەر، جێگەی قبووڵ نییە.
- بنەمای نا بۆ بێدەنگی: بێدەنگی لە ئاستی ستەم، بە واتای شەریکبوونە لە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمەکەدا.
- سنووردارکردنی پەیوەندییە ژەهراوییەکان: فێمینیزم واتە دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ گەشەکردن؛ مانەوە لەگەڵ کەسانی سێکسیست یان ئەبیوزەر، تێکدانی بنەما ئەخلاقییەکانی خەباتی فێمینیستییە.
- ڕەتکردنەوەی سیستەمە پیاوسالارییەکان: تێگەیشتن لەوەی کە دەستدرێژی و دەستکاریی دەروونی (manipulation)، ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی پیاوسالارین و نابێت وەک ڕووداوی تاکەکەسی سەیر بکرێن.
- سۆزداریی هۆشمەندانە (conscious empathy): پشتیوانیکردنی قوربانییان دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری بێت، نەک بۆ بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک لە ململانێی شەخسیدا.
- پاکی و شەفافیەت لە ڕەفتاری ڕۆژانە: کردەوەکان، بڕیارە کەسییەکان و شێوازی مامەڵەکردن، پێوەرێکی ڕاستەقینەی فێمینیست بوونن.
- ڕەتکردنەوەی manipulationی قوربانیبوون: پارێزگاری لە قوربانییان پێویستە، بەڵام نابێت ڕێگە بدرێت چەمکی قوربانیبوون وەک ئامرازێک بۆ دەستکاریی دەروونیی بەرامبەر بەکار بێت.
- هاوپشتیی ستراتیژی: فێمینیزم خەباتێکی بەکۆمەڵە، بەڵام هاوپشتی نابێت ڕێگر بێت لە ڕەخنەگرتن لەو هەڵانەی کە پەرەپێدەری پیاوسالارین، تەنانەت ئەگەر لەلایەن ژنانیشەوە ئەنجام بدرێن. هێرش بۆ سەر ڕەفتارە چەوسێنەرەکان، ئەکتێکی فێمینیستییە.
- سەربەخۆییی فیکری: فێمینیست دەبێت خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و لە ژێر کاریگەریی کولتووری پیاوسالارانەی دەوروبەریدا نەبێت.
- کردەوە لە سەرووی تیۆرییە: فێمینیزم بیروباوەڕێکی کردەیییە؛ بەهاکان تەنیا لە ڕێگەی هەڵوێست و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤە چەوساوەکانەوە دەسەلمێنرێن.
ستراتیژییەکان بۆ پاراستنی دەروونی و فیکری
بۆ ئەوەی وەک ژنێکی تێکۆشەر، ترۆماکانت نەبنە ڕێگر لە بەردەم چالاکییەکانت و باجی سۆزداریی زۆر نەدەیت، پێویستە ئەم ڕێوشوێنانە ڕەچاو بکەیت:
- جیاکردنەوەی سۆز لە دادپەروەری: پشتیوانی لە ماف و دادپەروەری بکە بۆ قوربانی، بەبێ ئەوەی پێویست بێت پابەندی کەسایەتییەکەیان بیت یان متمانەی بێمەرجیان پێ بکەیت.
- پشتبەستن بە بەڵگە نەک سۆز: لە ڕووبەڕووبوونەوەی manipulationدا، تەنیا بەڵگەکان و کردەوەکان پێوەر بن. چالاکوانێک کە بەڵگە و هەڵسوکەوتی دووفاقە و ناشەفافی هەیە، شایەنی متمانەی تەواو نییە.
- دانانی سنووری ڕوون (Boundaries): کاتێک کەسێک هەوڵی manipulationت دەدات، دانانی سنوور پاراستنی فێمینیزمە لە سوودخوازان.
ناسینەوەی سیستەمی پیاوسالاریی ژنانە (female-led patriarchy)
ئەم سیستەمە ئاڵۆزە کاتێک دروست دەبێت کە ژنان هەمان شێوازی دەسەڵاتداریی پیاوسالاری (تاکڕۆیی، سزادانی نەیار و دیکتاتۆری) بە کار دەهێنن. نیشانەکانی بریتین لە:
- تیرۆری کەسایەتی: بەکارهێنانی ناوزڕاندن دژی هەر دەنگێکی ڕەخنەگر.
- بەخێوکەری شەخس پەرستی: هەوڵدان بۆ ئەوەی خۆیان وەک تاکە نوێنەری ژن نیشان بدەن.
- دووانەی ساختەی قوربانی/تاوانبار: هەمیشە وەک قوربانی خۆیان نیشان دەدەن بۆ ئەوەی ڕەفتارە دیکتاتۆرییەکانیان پەردەپۆش بکەن.
- تۆڕی پارێزەران (proxies): خاوەن گرووپێکی بچووکی موریدن کە ئەرکی هێرشکردنە سەر نەیارانیان پێ دەسپێرن.
- بەکارهێنانی ڕابردووی ترۆماتیک: ترۆمای ژنان وەک کەرەستەیەک بە کار دەهێنن بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان.
شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پیاوسالاریی ژنانە
- ڕەخنەی زانستی: هەرگیز ڕێگە مەدەن بە ناوی هاوپشتیی ژەهراوی بۆ ژنان دەنگت کپ بکرێت.
- داواکردنی شەفافیەت: لە هەر سیستەمێکدا، داوای لێپرسینەوە و شەفافیەت بکە؛ چونکە ئەم سیستەمە دیکتاتۆرییانە لە نهێنیدا دەژین.
- دوورکەوتنەوە: ئەم کەسانە زۆر شارەزان لە manipulateکردنی مرۆڤەکان؛ تەنیا بە دابڕان لە ژینگەی ئەوان دەتوانیت کاریگەرییان بەسەر خۆتدا کەم بکەیتەوە.
بە هیواین ئەم ڕێچکەیە، فێمینیزم لە بازاڕیبوون و نمایش پاک بکاتەوە، چونکە فێمینیزمی ڕاستەقینە بریتییە لە دادپەروەری، ئازادی و کەرامەتی مرۆیی.
لە کۆتاییدا، ئاماژە بە نووسراوەی پێشوومدا لە ماڵپەڕەکەم دەدەم کە شیم کردووەتەوە کە ئەگەرچی هێشتا بڕوام بە چەمکەکانی مافی مرۆڤ و ژنان هەیە، بەڵام ئیتر خۆم بە فێمینیست ناناسێنم و ئامادە نیم قوربانی لەسەر ژیانی کەسیم بدەم.