ئەزموونی چالاکیم وەک ژنێک لە کۆمەڵگەی زانستی فەرهەنگیی کوردستان

2026/04/14 54 بینین
ئەم نووسراوە گێڕانەوەی ئەزموونی چالاکییەکانمە لەناو کۆمەڵگەی زانستی فەرهەنگیی کوردستان؛ تیشک دەخەمە سەر ئەو زنجیرە توندوتیژییەی کە لە بەرامبەرم ئەنجام درا و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووم بوونەوە.

ئەم نووسراوە گێڕانەوەی ئەزموونی چالاکییەکانمە لەناو کۆمەڵگەی فەرهەنگیی کوردستان؛ تیشک دەخەمە سەر ئەو زنجیرە توندوتیژییەی کە لە بەرامبەرم ئەنجام درا و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووم بوونەوە.

پێشەکی

ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩، سەرنجدانم لەسەر دۆخی ڕۆژاوای کوردستان بووە سەرەتایەک بۆ ئەوەی بەدواداچوونی زۆرتر بۆ پرسی کورد بکەم. لە هەمان کاتدا، هەستم بە بۆشایییەکی گەورە دەکرد بۆ چالاکی کردن لەو بوارانەی کە هەمیشە وەک خەم و خولیای ژیانم مابوونەوە، بەتایبەت پرسی ژن و پرسی ژینگە. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ڕێکخراوێکی زانستی-فەرهەنگی بە ناوی «هۆژان» نزیک ببمەوە.

پێش ئەوەی بێمە سەر لێدوان و ڕەخنەکانم دەربارەی کەشوهەوای فەرهەنگیی کوردستان و بەتایبەت ئەو ڕێکخراوەی کارم تێدا کرد، پێویستە کەمێک لەسەر مێژووی ژیانم بدوێم، تا هەم باشتر لەگەڵ کەسایەتیی من ئاشنا ببن و هەم باشتر بتوانم پەیوەندی و تێکەڵبوونی ئەم دۆخانە بە یەکەوە شی بکەمەوە بۆتان.

من دوایین منداڵی بنەماڵەیەکی نەریتی-ئایینیم. باوکم، وەک زۆرینەی باوکە کوردەکان، کەسایەتییەکی کۆنترۆڵکەر و دیکتاتۆری هەبوو. دایکم بەدەست ئاڵۆزیی دەروونی و وەهم و هەزیانەوە دەیناڵاند، براکانیشم وەک باوکم کۆنترۆڵکەر بوون و دووانیان وەک دایکم تووشی کێشەی دەروونی قورس بوون.

جیا لەو فشارانەی کە باسم کرد و بەهۆی جیاوازیی بیروڕام لەگەڵ بنەماڵەکەم دروست بووبوو، لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر فشارێکی دەروونیی قورسدا بووم؛ ئەویش سەرکوتکردنی خۆم و گومانەکانم بوو بەرامبەر بە ئایین و نەریت، تەنیا لەپێناو مانەوە و بەرگەگرتن لەو دۆخە سەختەدا.

تەنیا ڕێگەچارەم بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە خوێندن بوو، هەر بۆیە بە هەموو توانامەوە هەوڵم دا. هەتا بڕوانامەی ماستەرم بە نمرەیەکی بەرز بەدەست هێنا و چەندین وتاری ئەکادیمیشم بڵاو کردەوە.

کە گەیشتمە تەمەنی ٢٣ بۆ ٢٤ ساڵی، تێ گەیشتم کە ئیتر توانای سەرکوتکردنی خۆمم نەماوە؛ هەر بۆیە تەقیمەوە و کێشەکانی ژیانم بۆ هەندێک کەس درکاند.

هاوکاریی ڕێکخراوەی هۆژان

هەر لە سەرەتای چوونە نێو ئەم ڕێکخراوەوە کە بە شێوەی ئۆنلاین و لە تێلێگرامدا چالاک بوو، جۆرێک لە ئیلیتیزمی (Elitism) بێ بنەمام تێدا بەدی کرد؛ بە جۆرێک ڕێز و بایەخ زۆرتر لەو کەسانە دگیرا کە لە دەرەوەی وڵات بوون یان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بوون.

من سەرەڕای ئەوەی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و وتاری زانستیی ISI بووم، بەڵام هەمیشە هەستم بەو ڕوانینە سەر بۆ خوارە دەکرد کە جۆرێکە لە توندوتیژیی سیمبۆلیک و پەراوێز خستنی فیکری. یەکێکی دیکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، هەژموونی بیرکردنەوەی خێڵەکی بوو، چونکە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی خەڵکی شارێکی دیاریکراو بوون و خۆیان بە خاوەنی ڕەهای ڕێکخراوەکە دەزانی.

نەبوونی بەشی سەرچاوە مرۆیییەکان (HR) بۆ پاراستنی مافی ئەندامان، کەشێکی ڕەخساندبوو کە تێیدا توندوتیژیی زارەکی و غەیبەتکردن ببێتە ئاسایی؛ بە جۆرێک لە پشتەوە کاری ئەندامانیان بێ نرخ دەکرد و سووکایەتییان بە تواناکانیان دەکرد. من وەک تاکێکی چالاک کە بەڕێوەبردنی سۆشیاڵ میدیاکان وەک ئینستاگرام، فەیسبووک و تویتەر بە دەستمەوە بوو و هەروەها پرۆژەکەم دەناساند، ڕووبەڕووی بۆڵیینگ (Bullying) و توندوتیژیی دەروونی بوومەوە. کاتێک دەستم بە کوردی نووسینی زانستی کرد، لەبری دەستخۆشی، گاڵتەیان بە زمانەکەم دەکرد. هەروەها بەهۆی داکۆکی کردنم لە پرسی ژن، ڕووبەڕووی گاردی توند و هێرشی بەکۆمەڵ بوومەوە. جارێک کە لە ستۆریی ئینستاگرام لێدوانێکی سێکسیستی بەردەنگێکم شی کردەوە، لەبری پشتگیری، هەڕەشەی لێسەندنەوەی پێگەم درا.

لێرەدا ئاماژە بە چەند وتارێکی گرنگی خۆم دەکەم؛ نەک تەنیا بۆ ئەوەی بڵێم زوو فێری نووسینی زانستی بووم بە زمانی کوردی، بەڵکوو بۆ نیشاندانی ئەوەی خاوەن بیروباوەڕێکی ڕەسەن و پڕ لە بایەخ بووم کە بەداخەوە قەدری نەگیرا: چەندین جار بوێرانە لەسەر بنبڕکردنی دارەکانی کوردستان، پرسی ئیکۆساید و گۆڕانی ئاووهەوام نووسی؛ تەنانەت بەشێکم لە دامەزراوەی هۆژان بە ناوی «هۆژان-ژینگە» کردەوە. هەروەها سەبارەت بە ژنان و زانست چەندین بابەتی زانستیم بڵاو کردەوە کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر تەرخانکردنی ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری هۆژین بۆ ئەو پرسە. کۆمەڵگەی کوردستان بەدەگمەن دەتوانێت کەسانی خاوەن ڕوانگەی وەک من بەرهەم بهێنێت. من پەروەردەی دەستی خۆم و دەرەنجامی گومان و پرسیارەکانم بووم، کە چی لە بەرانبەردا دەیان جار پەراوێز خرام.

هەروەها من لە نزیکەوە ئاگاداری بوونی ئەبیوز (Abuse) بووم بەرامبەر بە ژنان لەو ڕێکخراوەدا، کە بەداخەوە یەکێک لە قوربانییەکانی ئەو ئەبیوزە خۆم بووم لە لایەن یەکێک لە ئەندامەکانەوە. ئەو کەسە، سەرەڕای ئەوەی ئاگاداری کێشە قورسەکانی ژیانم بوو، پێگە و هەژموونی خۆی بە کار هێنا بۆ ئازاردانم؛ ئەمەش ڕێک ئەو جۆرەیە کە پێی دەوترێت کەڵکوەرگرتن لە پێگەی کۆمەڵایەتی بە دەمامکی زانست و فەرهەنگەوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ژنان. بەداخەوە، ئەوەی لێرەدا ئاماژەی پێ دەکەم تەنها بەشێکی بچووکە لەو سووکایەتی و توندوتیژییە دەروونییەی (ئەبیوز) کە لەلایەن یەکێک لە ئەندامە بەناو ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕێکخراوەوە بەرامبەرم ئەنجام دراوە. ئەو کەسە بە پەردەی ڕۆشنبیری و بەکارهێنانی ڕواڵەتێکی ساختە، سەرەتا سەرنجت ڕادەکێشێت، بەڵام هەر کە دەچیتە نێو بازنەی پەیوەندییەکەوە، ڕووە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت؛ لە ڕێگەی بەراوردکردنی بەردەوامم لەگەڵ کەسانی تر بۆ تێکشکاندنی متمانە بەخۆ بوونم، بێبایەخ کردنی هەستەکانم (بۆ نموونە کاتێک باسی نەخۆش بوونی براکەمم کرد، بە شێوەیەکی سارد گوتی «تێ ناگەم بۆ چی لە ژیانت ڕازی نیت!»)، و لە کۆتاییشدا بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە کە گەر بە کەس بڵێم ئازاری داوم وردەکارییەکانی پەیوەندییەکە دەگێڕێتەوە بۆ گشتی. ئەمە نموونەی ئەو دەستدرێژییە دەروونییانەیە کە لەژێر ناوی ڕۆشنبیریدا بەرامبەرم کراوە.

بە هۆی پێشینەی ژیانم و بوونی دڵەڕاوکێ زوو بە زوو سۆشیاڵ میدیاکانم دی ئەکتیڤ دەکرد، توندوتیژییەکانی نێو ئەو ڕێکخراوەش زۆر بوون، بەس لەجیاتی تێگەیشتن، لە گرووپە داخراوەکاندا تۆمەتی نەمانی متمانەیان بۆ هەڵبەستبووم، کە ئەمەش جۆرێکی دیکەیە لە توندوتیژیی سیستماتیک بۆ تێکشکاندنی کەسایەتی.

دواجار، تەنانەت دوای کۆچکردنم و گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ تیمی نووسەران، بینیم کە چۆن ژنە ئەندامێکی ناو خۆیان هێرشی کردە سەر بزووتنەوەی ژنان و کاتێک من بە مەنتیق وەڵامم دایەوە، پەنای برد بۆ توندوتیژیی کەسی و بریندارکردنی کەرامەتم بەوەی کە حەتمەن بنەماڵەکەت کێشەیان هەیە. ئەوەی جێگەی داخە، پیاوانی نێو ڕێکخراوەکە لەبری لایەنگریی حەق، داوای نەرمونیانییان لە من دەکرد و ڕەواییان بەو بێڕێزییە دەدا.

هەروەها بوونی ئەندامی پیاو لەم ڕێکخراوەدا کە ڕەوایەتیان بە شێوەی پابلیک لە دەستدرێژیی سێکسی لە تویتەر هەیە یان ئەندامی دیکە کە تویتی دژەژنی بڵاو دەکردەوە، دەیسەلمێنێت کە ئەم فەزایە نەک زانستی نییە، بەڵکوو مافیایەکە بۆ پاراستنی ئەبیوزێر و دژە ژنەکان لەژێر دمامەکی زانست و فەرهەنگ.

بۆ چی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە دەبنە هۆی لەناوبردنی متمانەی گشتی؟

بە هۆی دۆخی کوردستان زۆرتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە پێویستی بە پەروەردە و چاکسازی کولتووری ڕادیکاڵ هەیە نەک بە ڕواڵەت. ئەم جۆرە ڕێکخراوە زانستی و فەرهەنگییانە، کاتێک دەبنە شوێنێک بۆ گرووپێکی خێڵەکی یان سەکۆیەک بۆ کەسانی دەستدرێژیکار (Abusers)، گەورەترین گورز لە متمانەی کۆمەڵایەتی دەوەشێنن. کاتێک ناوێکی بریقەدار وەک زانست بە کار دێت بۆ داپۆشینی ڕەفتاری پاشکەوتوو و دژەژن، مانای زانست لە کۆمەڵگەدا خەوشدار دەبێت. ئەم فەزا ژەهراوییانە وای لێ دێت کە نەوەی نوێ و کچانی گەنج، گومان لە هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی بکەن و بترسن لەوەی لەژێر پەردەی ڕۆشنبیریدا دووبارە ڕووبەڕووی هەمان ئەو توندوتیژییانە ببنەوە کە لە بنەماڵە سونەتییەکاندا هەبووە.

لە ڕاستیدا، ڕێکخراوێک کە پرەنسیپی ئەخلاقی و سیستەمێکی ڕوونی بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆیی نەبێت، نەک خزمەت بە فەرهەنگ ناکات، بەڵکوو دەبێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری و بێهیوایی.

وەڵامی هۆژان

بە چەند جار هەوڵم دا بە شێوەی تاکەکەسی ئەمانەیان تێ بگەیەنم بەڵام سوودی نەبوو. چەند ڕۆژ پێشیش کە ژنە زانستمەندێکی نێو ئەو ڕێکخراوەیەم لە ئێکس (تویتەر) تەگ کرد، وەڵامەکەی ئەمە بوو:

«سپاس هانا گیان بۆ هاوبەشکردنی ڕەخنە و تێبینییەکانت. بەر لە هەرشتێک بێژم چوون منت وەکوو تاکێک تاگ کردووە، منیش هەر وەک تاکێک لە ڕوانگەی خۆمەوە و نە لەلایەن هۆژانەوە بۆت ئەنووسم.
زۆر بەداخەوە کە ئەبیسم ئەزموونی ناخۆشت لە هۆژان بووە. لەوانەیە من لەگەڵ گشت ڕەخنەکانت هاوڕا نەبم، بەڵام ڕێزم هەیە بۆ کاتێک کە تەرخانت کردووە بۆباسکردنی ئەزموون و ڕەخنەکانت. ڕەخنەی سازەندە پێویستە بۆ بەرەوپێشچوونی ڕێکخراوەکان، بەتایبەت ئەگەرئامانجی باشترکردنی ژینگەی ڕێکخراوەکە بێت
هەر کە ئاگاداری هۆژان ڕێکخراوەیەکی خۆبەخشە و تەنیا سەرمایەیک کە هەیە هێزی مرۆیی گەنجانی خۆبەخشە. دیارە ئێمە لە هۆژان و بەگشتی لە کوردستان هێشتا لە دەستپێکی دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ کاری تیمین.
هاوڕام کە هێشتا زۆرمان ماوە بە ئاستێکی ستاندارد بگەیین و لەوانەیە کارکردن لە ئاوا ژینگەیەک زۆر ئاسان نەبێت. بەڵام سەرەڕای گشت ئەم کەموکوڕییانە، وائەزانم زۆرینەی ئەندامانی هۆژان (تا ئەو جێگە کە من دیمە و ئەزموونم کردووە) زۆر گرنگی دەدەن بە کاری تیمی و فرەڕەنگ. بۆ نموونە لە کۆتایین پرۆژە، کۆڕبەندی زانستیی هۆژان، کە بەیارمەتیی و شەونەخۆنی دەیان گەنجی کورد بەڕێوە چوو، لە نزیکەوە ئەمبینی کە چەنێک هەوڵ ئەدرێت بۆ فرەڕەنگکردنی بەشداربووان لە باری جێندەری و ناوچەییەوە. تەنانەت هەوڵی زۆر درا کە لە پارچەکانی تری کوردستانەوە بەشداربوومان بێت. دیارە لە کۆتاییدا نەکرا بە ئامانجی ١٠٠٪ بگەین، بەڵام من ئەو هەوڵ و تێکۆشانە بە شتێکی ئەرێنی دەبینم. بڕوام وایە ئەو ئامانجە یەک شەوە بەدەست نایەت و پێویستی بە هەوڵی بێ وچان و بەردەوامی کۆمەڵگەیە. بە بڕوام زۆربەی کەسانێک کە بەشێوەی خۆبەخش و بەبێ چاوەڕوانی لە کات و خەوی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش دەدەن، ئەگەریش هەڵەیەک بکەن کە ببێتە هۆی دڵئێشانی کەسانی تر بەئەنقەست نییە و لەسەر نائاگاییە. جیاوازی لە ڕوانگە و چاوەڕوانی و شێوازی هەڵسوکەوتی کەسەکان دەتوانێت ببێتە هۆی ناکۆکی لە پەیوەندی و کامیونیکەیشندا. هەروەها، لەوانەیە دوو مرۆڤی جیاواز، ژینگەیەکی یەکسان بە شێوەیەکی جیاواز ئەزموون بکەن. بەڕێوەبردنی کاری بەکۆمەڵ لە ڕێکخراوەیەک کە ئەندامەکانی پێشینە و ڕوانگەی جیاوازیان هەیە هەمیشە ئاسان نییە و هەندێک جار ناکرێت بەرگری لە گشت ناکۆکییەکان بکرێت. ئەگەرچی هاوڕام کاتێک نیگەرانی و دڵ ئێشانێک ڕوو دەدات، گرنگە و ئیدەئالی ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ڕاگرتنی ڕێز لە یەکتر لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ کێشەکە چارەسەر بکرێت. بەڵام لە هۆژان، سەرچاوەکان زۆر سنووردارن، و لە ئاکامدا توانا و دەسەڵات سنوورداوە. لەوانەیە نەکرێت لە هەموو ناکۆکییەکدا دەستێوەردان بکرێت. لە کۆتاییا بە بڕوام گشتاندنی ئەزموونە تاکەکەسییەکان بۆ گشت ڕێکخراوە شتێکی قورسە و فەیر نییە. ئەگەر پێت خۆش بوو زیاتر و بەوردەکاریی زۆرتر باس بکەین، خۆشحاڵ ئەبم چاوپێکەوتنێکی ئۆنلاینمان بێت. لەگەڵ ڕێز.»


وەک وەڵامێک بۆ گێڕانەوەی ئەو خانمە زانستمەندە، دەتوانم بەم شێوەیە ڕەخنە و ئیرادەکان لەسەر ناوەڕۆکی وەڵامی ئەو خانمە شی بکەمەوە:

وەڵامی ئەو خانمە نموونەیەکی بەرچاوی لە ئینکارکردن و پۆشاندنی توندوتیژیی سیستماتیکە بە پەردەی خۆبەخشی و کەمیی ئەزموون. گەورەترین ڕەخنە لەسەر قسەکانی ئەوەیە کە هەوڵ دەدات ئازارە کەسی و دەروونییەکانی من وەک قوربانییەک، کە دەرەنجامی هەژموونی خێڵەکی و ئەبیوزی ڕاستەوخۆن، کورت بکاتەوە بۆ تەنیا جیاوازی لە ڕوانگە یان هەڵەی نائاگایانە. ئەو بە بەکارهێنانی زمانێکی دیپلۆماسییانەی سارد، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی ڕێکخراوەکە لە بەرامبەر پاراستنی کەرامەتی ئەندامەکانی دەسڕێتەوە و وا نیشانی دەدات کە بوونی ژینگەیەکی ژەهراوی باجێکی ئاساییە بۆ کاری گشتی لە کوردستان. ئەم جۆرە وەڵامدانەوەیە نەک هەر بێڕێزییە بەو مێژووە زانستی و چالاکییەی من و ئەو ئازارانەی کە کێشاومە بەڵکوو ڕەوایی دانە بە مانەوەی «ئەبیوزەرەکان» لەژێر سایەی چەمکی فرەڕەنگیدا، لە کاتێکدا فرەڕەنگی هەرگیز بە واتای جێگەکردنەوەی دەستدرێژیکار و کەسانی دژەژن نایەت.