هانای ئێستا، بەشی یەکەم

هانای ئێستا، بەشی یەکەم

2026/07/13 72 بینین
تەمەنی بیستەکانی من، وێستگەی خۆناسینی زیاترم بوو؛ قۆناغی بنیاتنانەوەی کەسایەتی، بیرکردنەوەی قووڵتر و ئاشت بوونەوە لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی دەروونم. هانا-ی ئێستا نایەوێت بەشێک بێت لە ململانێ سیاسییەکان و شەڕی ڕەوایەتە باوەکان. من ئەوەم کە خۆم دەڵێم. ئیتر نامەوێت بەشێک بم لە هیچ کام لەو ململانێیانە. ئەم نووسراوەیە سەفەری دەروونی منە بۆ گەیشتن بە هانای ئێستا

تەمەنی بیستەکانی من، وێستگەی خۆناسینی زیاترم بوو؛ قۆناغی بنیاتنانەوەی کەسایەتی، بیرکردنەوەی قووڵتر و ئاشت بوونەوە لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی دەروونم. لە تەمەنی ٢١ بۆ ٣١ ساڵیدا، سۆشیاڵ میدیام وەک سەکۆیەکی وردبوونەوە لە دەوروبەرەکەم بەکارهێنا، بەڵام بە هۆی ماهییەتی سۆشیاڵ میدیاوە، زۆرجار دەکەوتمە ناو شەپۆلی ململانێ سیاسی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەوە. ​ئەو قۆناغە بەشێک بوو لە پرۆسەی خۆناسینی من. ئێستاش هەندێک جار شەپۆلی هەندێک بەستێنی تایبەت، وەک پرسی کوردستان یان بابەتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە باوەکان، وەک سەکۆیەکی خۆدەربڕین دەمگرن؛ بەڵام ئەمە تەنیا شەپۆلێکە لە ڕابردوو، نەک ناسنامەی ئێستام.

​هانا-ی ئێستا نایەوێت بەشێک بێت لە ململانێ سیاسییەکان و شەڕی ڕەوایەتەکان؛ جا چ ڕەوایەتی کوردستان بێت، یان گێڕانەوە و ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکانی دیکە. من ناتوانم ئەو واقیعە بسڕمەوە کە ئێرانی بوون لە پاسپۆرتەکەمدا هەیە و وەک تاکێک کاریگەری لەسەر ژیانم هەبووە. ئێمە هەموومان کە لەو جوگرافیایە گەورە بووین، بەشێکین لەو ناسنامە سیاسییە و کاریگەریمان لەسەرە، ئەگەرچی خۆم هەڵم نەبژاردووە.

​هەروەها، من هەڵم نەبژاردووە کە خوێندنی ئەکادیمیم تا ئاستی ماستەر بە زمانی فارسی بێت، بەڵام ئەو زمانە ئێستا بەشێکە لە پێکهاتەی مێشکی من و پاک نابێتەوە؛ قبووڵکردنی ئەمە بە واتای ئاسێمیلەبوون نییە. بە هەمان شێوە، من هەڵم نەبژاردووە کە کورد بم و سەر بە مەریوان و گوندێکی چکۆلەی لای دەریاچەی زرێبار بم، یان ئەوەی زمانی یەکەمم کوردی بێت؛ بەڵام کوردیبوون بەشێکی گرنگە لە پێکهاتەی مێشکم. ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێت حەتمەن سەر بە ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی کوردی بم تا ئەو بەشەی ناسنامەم ئیزنی خۆدەرخستنی هەبێت.​من پێشتر چەنگم لە بەستێنە باوەکان دەگرت بۆ ئەوەی بیروباوەڕی ڕەسەنی خۆم ئیزنی خۆدەربڕینی هەبێت. دروستە مرۆڤەکان بەرپرسیاری قسە و کردەوەکانیانن، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە لە چ قۆناغێکی ژیان و لە چ دۆخێکدا بووین. لە تەمەنی بیستەکانمدا، چوارچێوەی کەسایەتیم ڕوون بوو، بەڵام شێوەی خۆدەربڕینم هێشتا لە قۆناغی ئەزموونکردندا بوو.

​بەڵام ئێستا ئیتر دەمەوێت خۆم بڕیار بدەم و خۆم سازکەری بەستێنی خۆدەربڕین بم. 

من کۆچکردنم هەڵبژارد، چونکە جوگرافیای سیاسیی ئێران و شوێنی ژیانم (مەریوان و سنە)، بۆ ژنێک ئەمن نەبوو. چونکە وەک ژنێک، ژینگەیەکی هەرچەندە چکۆلەشم بۆ خۆدەربڕین نەبوو؛ تەنانەت لەو سۆشیاڵ میدیایەشدا کە پێشتر باسم کرد. هەڵمبژارد بێم بۆ ئوسترالیا. زۆرینەی دیکە هۆکاری بنەڕەتییان بۆ کۆچ ئابووری بوو، بەڵام هۆکاری من دۆزینەوەی ئازادی و ئیزنی خۆدەربڕین بوو.

​بە کورتی؛ من هەموو ئەوەی ئەزموونم کردووە، هەم. ڕابردوو بەشێکە لە من، هیچ بەشێکی پاک ناکەمەوە و خۆیشم بمهەوێت پاک نابێتەوە. ئیتر دەمەوێت خۆم بەستێن بۆ خۆدەربڕین ساز بکەم؛ نامەوێت ببم بە بەشێک لە ئایدیۆلۆژی، ململانێ سیاسی و ڕەوایەتە باوەکان و باجی سۆزداری بدەم بۆ ئەوەی بتوانم خۆم دەربخەم. من ڕازی نیم ببەسرێمەوە بە هیچ ئایدیۆلۆژییەکی سیاسییەوە. زمانی کوردی موڵکی ناسیۆنالیزمی کوردی نییە کە بە بەکارهێنانی، ببم بە بەشێک لەو ڕەوایەتە. بەکاربردنی زمانی فارسی بە مانای ئەوە نییە کە من بەشێک لە ئایدیۆلۆژییەکی تایبەتم یان ئاسێمیلەم.

​من ئەوەم کە خۆم دەڵێم. ئیتر نامەوێت بەشێک بم لە هیچ کام لەو ململانێیانە.