کەشوهەوا و  گۆڕانی ئاووهەوا دەتوانن کاریگەری لەسەر مەزاج و وزە دابنێن

کەشوهەوا و گۆڕانی ئاووهەوا دەتوانن کاریگەری لەسەر مەزاج و وزە دابنێن

2026/07/15 50 بینین
ئەگەرچی کەشوهەوا کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆ و سووکی لەسەر مەزاج، وزە و توانای بیرکردنەوەی زۆرێک لە خەڵک هەیە، بەڵام نزیکەی 30%ی دانیشتوانی زەوی زۆر هەستیارن بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان.

کاریگەرییەکانی کەشوهەوا

مەزاج (خوو)

ئەم بارودۆخانەی خوارەوەی کەشوهەوا، لەلای زۆربەی خەڵک بەستراونەتەوە بە نزمبوونەوە یان بەرزبوونەوەی مەزاج:

مەزاجی نزم، بێتاقەتی:

مەزاجی بەرز، گەشبینی و دڵخۆشی:

  • پلەی گەرمی مامناوەند، بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ١٠ بۆ ٢١ پلەی سێلسیوس.
  • ئاسمانی ساف
  • تیشکی خۆر.

وزە

بە گشتی، کەشوهەوای سارد سیگناڵ دەنێرێت بۆ جەستەت کە ئارام ببێتەوە و بچێتە دۆخی خەوی زستانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وزە لە مانگەکانی زستاندا. گەرما دەتوانێت وزە و مەزاجت پێکەوە بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا تا سنووری ٢١ پلەی سێلسیوس کار دەکات. لەدوای ئەو سنوورە، ڕەنگە ماندوو ببیت و هەست بە ئارەزووی ڕاکردن لە گەرماکە بکەیت.

تیشکی خۆریش کاریگەری لەسەر وزە هەیە. ڕووناکی بە کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستەت دەڵێت بەخەبەر بێت، و تاریکیش بە مێشکت دەڵێت کاتی حەوانەوەیە. بە واتایەکی تر، ڕۆژە درێژ و ڕووناکەکان دەتوانن وزەت پێ ببخشن. بەڵام لە ڕۆژە کورت یان هەورەکاندا، ڕووناکیی کەمتر هەیە بۆ هاندانی بەخەبەربوون، بۆیە ڕەنگە زیاتر لە جاران هەست بە خەواڵوویی بکەیت.

سترێس 

ئەگەر تا ئێستا پێش هاتنی زریان هەستێکی ناخۆش و لەرزینێکی سووکت لە جەستەتدا هەبووبێت، ئەوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە جەستەت بووە کە هەستی بە دابەزینی پەستانی بەرگەهەوا کردووە. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ئاژەڵان دەری دەخات کە دابەزینی پەستانی بەرگەهەوا دەتوانێت بەشێک لە مێشک کە کۆنترۆڵی هاوسەنگی و هەست پێکردن دەکات، چالاکتر بکات. ئەم توێژینەوەیە لەسەر «مشک» ئەنجام دراوە، بەڵام مرۆڤەکانیش خاوەنی ئەم ناوچەیەن لە مێشکیاندا.

نووسەرانی توێژینەوەکە پێشنیار دەکەن کە ئەم ناوچە دەمارییە ڕەنگە سیستەمی سترێسی جەستەت پێش زریان تێک بدات و هانت بدات هەست بە نائارامی بکەیت. هۆرمۆنە بڵاوبووەکانی سترێسیش دەتوانن دەمارەکانت هەستیارتر بکەن.

پلەی گەرمی بەرزیش دەتوانێت ئاستی سترێس بەرز بکاتەوە. توێژینەوە پێشووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خەڵک لە مانگە گەرمەکاندا زیاتر توندوتیژ یان تەنانەت شەڕەنگێز دەبن. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٨ش پلە بەرزەکانی گەرمی دەبەستێتەوە بە زیادبوونی شڵەژان و دڵەڕاوکێوە.

توانای ڕوون بیرکردنەوە و بڕیاردانی بەئاگا

کەشوهەوای گەرم و هەتاوی دەتوانێت بەم شێوانە کار بکاتە سەر توانای مێشک:

  • بەرزکردنەوەی توانای بیرەوەری (بیرهاتنەوە).
  • یارمەتیدانت بۆ ئەوەی کراوەتر بیت بەرامبەر بە زانیاری نوێ.
  • باشترکردنی کێشەی کەم سەرنجی، ئەگەر تووشی (ADHD) بیت.

کەشوهەوای گەرم بە گشتی وادەکات مرۆڤەکان زیاتر بەرگەی مەترسییە دارایییەکان بگرن. ئەگەر بینیت لە مانگە گەرمەکاندا وەبەرهێنان یان کڕینی بەپەلە و بێسەروبر دەبەی بەڕێوە، ڕەنگە کەشوهەوا یەکێک بێت لە هۆکارەکان.

شایەنی باسە ئەم کاریگەرییانە تەنیا ئەو کاتە ڕوودەدەن کە تۆ بە ڕاستی بچیتە دەرەوەی ماڵ. تەنیا سەیرکردنی دەرەوە لە پەنجەرەوە لە ڕۆژێکی هەتاویدا، پێناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت.

مەترسیی خۆکوژی

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەوڵی خۆکوژی لە وەرزی بەهار و سەرەتای هاویندا زیاترە لە هەر وەرزێکی تری ساڵ. توێژەران بە تەواوی نازانن بۆچی ئەم شێوازە ڕوودەدات، بەڵام چەند تیۆرییەکیان هەیە:

  • بەرکەوتنی زیاتری تیشکی خۆر، ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ئاستی ڕاگوێزەرە دەمارییەکان.
  • بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمی دەکرێت ببێتە هۆی خولێکی شڵەژانی مەزاج، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی دوو جەمسەرییان هەیە.
  • بەرزیی ڕێژەی گەردەی گوڵ لە هەوادا ڕەنگە ببێتە هۆی هەوکردن لە مێشکدا و نیشانەکانی تەندروستیی دەروونی خراپتر بکات.
  • ئەگەرچی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە تەنیایی نابنە هۆی ئەوەی کەسێک هەوڵی خۆکوژی بدات، بەڵام دەکرێت وەک هۆکارێکی هاندەری زیادە (تریگەر) کار بکات بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان لەژێر مەترسیدان.

کێ زیاتر هەستیارە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا؟

بۆ زۆرێک لە خەڵک، کەشوهەوا تەنیا کاریگەرییەکی زۆر بچووک و کەمبایەخی لەسەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی هەیە. بەڵام بۆ ئەو ۳٠٪ی خەڵک کە لەگەڵ نەخۆشیی کەشوهەوا (میتۆرۆپاتی) دەژین، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی نیشانانەی وەک:

  • زوو تووڕەبوون و نائارامی.
  • میگرێن.
  • بێخەوی.
  • کێشە لە تەرکیز.
  • ئازار لە دەوروبەری شوێنی.

ئەم نیشانانە کاتێک کەشوهەوا باشتر دەبێت، ون دەبن و نامێنن. نەخۆشیی کەشوهەوا (میتۆرۆپاتی) زیاتر کاریگەری دەکاتە سەر:

  • ژنان.
  • کەسانی بەتەمەن.
  • ئەو کەسانەی هەستیاری دەروونی بەرز تیایاندا.
  • ئەو کەسانەی کە دەستنیشانکردنی پزیشکییان بۆ تێکچوونی مەزاج هەیە.
  • نەخۆشیی کەشوهەوا خۆی لە خۆیدا وەک دەستنیشانکردنێکی پزیشکیی سەربەخۆ سەیر ناکرێت، بەڵکو دەکرێت نیشانەکانی مەزاج خراپتر بکات. 

هەروەها کەشوهەوا ڕۆڵێکی ناسراوی هەیە لەم بارودۆخانەی خوارەوەدا:

خەمۆکیی وەرزی

دیسۆردەری خەمۆکیی ماژۆر (MDD) بە شێوازی وەرزی، کە ڕەنگە وەک دیسۆردەری سۆزداریی وەرزی (SAD) بیناسیت، ئاماژەیە بۆ نیشانەکانی خەمۆکی کە تەنیا لە کاتە دیاریکراوەکانی ساڵدا دەردەکەون.

زۆربەی ئەو کەسانەی ئەم جۆرە خەمۆکییەیان هەیە، لە مانگەکانی پاییز و زستاندا نیشانەکانی وەک خەمۆکی، خەواڵوویی و زیادبوونی ئارەزووی خواردن ئەزموون دەکەن، بەڵام لە بەهار و هاویندا هیچ نیشانەیەکیان نییە.

بەڵام هەندێک کەسی تر کە خەمۆکیی وەرزییان هەیە، نیشانەکانیان پێچەوانەیە: کەشوهەوای گەرم و هەتاوی بەهار و هاوین نیشانەکانی خەمۆکییان تێدا بەئاگا دەهێنێتەوە و مانگە ساردەکانی زستان ئارامییان پێ دەبەخشێت. نیشانەکانی خەمۆکیی بەهار یان هاوین ڕەنگە شڵەژان، بێخەوی، و کەمخواردن لەگەڵ بێتاقەتیدا لەخۆ بگرێت.

تێکچوونی دوو جەمسەری 

نزیکەی ١ لە هەر ٤ کەس لەوانەی تێکچوونی دوو جەمسەرییان هەیە، ڕاپۆرتی بوونی شێوازێکی وەرزی لە نیشانەکانی مەزاجیاندا دەکەن. ئەگەرچی ئەنجامی توێژینەوەکان جیاوازن، بەڵام کۆدەنگییەکی گشتی هەیە: خولەکانی خەمۆکی لە زستاندا زیاتر ڕوودەدەن، و خولەکانی شەیدایی (مانیا) لە بەهار و هاویندا زیاتر دووبارە دەبنەوە. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠یش پێشنیاری ئەوە دەکات لە نێوان ئەو کەسانەی کە تێکچوونی دوو جەمسەرییان هەیە، ئەوانەی مێژووی هەوڵی خۆکوژییان هەیە، مەیلیان بەرەو هەستیاریی زیاتر بۆ کەشوهەوا و نیشانەی توندتری نەخۆشیی کەشوهەوا (میتۆرۆپاتی) هەیە. ئەو بەشداربووانەی کە ژمارەیەکی زیاتری هەوڵی خۆکوژییان هەبووە، نمرەی بەرزتریان لە تاقیکردنەوەکانی پشکنینی میتۆرۆپاتیدا بەدەست هێناوە.

کاریگەریی گۆڕانی ئاووهەوا

کەشوهەوای توندوتیژ کاریگەری لەسەر نزیکەی هەموو کەسێک جێدەهێڵێت، نەک تەنیا ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشیی کەشوهەوا (میتۆرۆپاتی) بوون. بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٦، پلەی گەرمی سەروو ٢١ پلەی سێلسیوس دەتوانن:

  • هەستە ئەرێنی و دڵخۆشکەرەکان (وەک شادی) کەم بکەنەوە.
  • هەستە نەخوازراوەکان (وەک تووڕەیی) زیاد بکەن.
  • ببنە هۆی دروستبوونی ماندوێتی و بێهێزی.

توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٧ش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەهۆی گۆڕانکاریی ئاووهەوا دەبەستێتەوە بە زیادبوونی ئاستی توندوتیژی لە سەرانسەری جیهاندا. کاتێک هەوا گەرمتر دەبێت، سترێس، هەڵسوکەوتی بێسەروبر و شەڕەنگێزی ڕوو لە زیادبوون دەکەن. هەروەها وشکەساڵی و کەمیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش دەبنە هۆی دروستبوونی کێبڕکێی زیاتر لەسەر سەرچاوەکانی ژیان.

زیادبوونی سترێس، شەڕەنگێزی و هەڵسوکەوتی بێسەروبر دەکرێت ڕۆڵیان هەبێت لە دووبارەبوونەوەی توندوتیژییە بەکۆمەڵەکاندا، وەک ئاژاوەگێڕی و شەڕی ناوخۆ. بەڵام دەکرێت ببنە هۆکاری توندوتیژیی نێوان کەسەکانیش، کە هێرشکردن، کوشتن یان دەستدرێژیی سێکسی لەخۆ دەگرێت.

تیۆرییەک پێشنیاری ئەوە دەکات کە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی کە کار دەکەنە سەر چالاکییەکانی ڕۆژانە، دەبنە هۆی توندبوونی گرژی و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان مرۆڤەکاندا، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ کەسانی نەناسراو و هاوبەشانی ژیان.

ڕووداوە سروشتییە قورسەکان

گۆڕانکاریی ئاووهەوا تەنیا کار لەسەر پلەی گەرمی ناکات، بەڵکو ڕێژەی ڕووداوە سروشتییە قورسەکانیش وەک لافاو، گەردەلوول و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان زیاد کردووە. ئەم ڕووداوانە دەتوانن ژیانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو تێک بدەن و ببنە هۆی تێکچوونی تەندروستیی دەروونی. بەپێی پێداچوونەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠ کە ١٧ توێژینەوەی لەخۆ گرتبوو و بەشداربووانی لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا تووشی ڕووداوێکی سروشتیی قورس بووبوون:

  • ٪١٩.٨ی بەشداربووان نیشانەکانی دڵەڕاوکێیان ئەزموون کردبوو.
  • ٪٢١.٤ی بەشداربووان نیشانەکانی خەمۆکییان ئەزموون کردبوو.
  • ٪٣٠.٤ی بەشداربووان نیشانەکانی دیسۆردەری سترێسی پاش زەبر (PTSD)یان ئەزموون کردبوو.

تەندروستیی دەروونیی منداڵان بەتایبەتی لە پاش ڕووداوە سروشتییەکان زۆر ناسک و لاوازە. تا ٪٧١ی ئەو منداڵانەی لە کارەساتە سروشتییەکان ڕزگاریان دەبێت، تووشی نیشانەکانی سترێسی پاش زەبر دەبن. تەنانەت ئەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆش ڕووبەڕووی ئەم کارەساتانە نەبوونەتەوە، ڕەنگە بە بیستنی هەواڵەکانیان تووشی دڵەڕاوکێ ببن. بۆ هەندێک کەس، هەڕەشە بوونیادییەکەی گۆڕانکاریی ئاووهەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستێکی قورسی ترس و بێهیوایی کە پێی دەوترێت دڵەڕاوکێی ژینگەیی. لەگەڵ خێرابوونی گۆڕانکاریی ئاووهەوادا، دڵەڕاوکێی ژینگەیی زیاتر بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت لە نێوان نەوەی گەنجدا کە دەبێت لە داهاتوودا ڕووبەڕووی کاریگەرییە درێژخایەنەکان ببنەوە.

چۆن ڕووبەڕووی ببینەوە؟

تۆ ناتوانیت کەشوهەوا بگۆڕیت، بەڵام دەتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بارودۆخی خۆت.

ئەگەر گومانت هەیە کە بە گۆڕانی کەشوهەوا هەستیاری، ئەم ئامۆژگارییانە ڕەچاو بکە:

  • ڕۆژانە بارودۆخی مەزاجت بنووسەرەوە بۆ ئەوەی بزانیت شێوازە جیاوازەکانی کەشوهەوا چۆن کارت لێ دەکەن.
  • چاودێریی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بکە تا بتوانیت بۆ ڕۆژە سەختەکان، خشتەی کار و چالاکیی کەم-فشار ئامادە بکەیت.
  • لە کاتی کەشوهەوای سەختدا لە ناوماڵدا بمێنەرەوە. ئەگەر ماڵەکەت سیستەمی گەرمکەرەوە یان فێنککەرەوەی تێدا نییە، دەتوانیت سەردانی نزیکترین ناوەندی فریاگوزاریی گەرمکردنەوە یان فێنککردنەوەی گشتی بکەیت.

نەخۆشیی کەشوهەوا (میتۆرۆپاتی) بە شێوەیەکی باو تەنیا چەند ڕۆژێک دەخایەنێت و بە باشبوونی کەشوهەواکە نامێنێت. ئەم نیشانانە ڕەنگە بێزارکەر یان ناخۆش بن، بەڵام بە گشتی ژیانی ڕۆژانەت بە تەواوی پەکناخەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر مەزاجت هەیە، زیانی نییە ئەگەر سەردانی پزیشک یان پسپۆڕ بکەیت. ئەوان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە دڵنیابوونەوە لە نەبوونی کێشەی بنەڕەتی تر و ڕێنماییی زیاترت پێ بدەن لەسەر بژاردەکانی چارەسەر. ئەگەر نیشانە دەروونییەکانت زیاتر لە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ مایەوە، یان ڕێگری لێکردی لە ئەنجامدانی کارە ئاساییەکانی ڕۆژانەت، باشترە پەیوەندی بە پسپۆڕێکی دەروونییەوە بکەیت بۆ وەرگرتنی پشتگیریی زیاتر.

ئەگەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا نیشانە دەروونییەکانت بەئاگا دەهێننەوە، بژاردە گونجاوەکانی چارەسەر ئەمانە دەبن:

  • بۆ دڵەڕاوکێی ژینگەیی: ژینگە-چارەسەری (Ecotherapy) و گرووپەکانی پشتگیری.
  • بۆ خەمۆکیی وەرزی: ڕووناکی-چارەسەری، دەروون-چارەسەری و دەرمانی دژەخەمۆکی.

خاڵی کۆتایی

ئەگەرچی کەشوهەوا کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆ و سووکی لەسەر مەزاج، وزە و توانای بیرکردنەوەی زۆرێک لە خەڵک هەیە، بەڵام نزیکەی سی لەسەدی دانیشتوانی زەوی زۆر هەستیارن بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکان. سەرباری ئەمەش، گۆڕانکاریی ئاووهەوا ڕێژەی ڕووداوە سروشتییە توندوتیژەکانی زیاد کردووە، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆرتر بکەونە ژێر مەترسیی تووشبوون بە سترێسی پاش زەبر (PTSD)، خەمۆکی و دڵەڕاوکێی بەستراو بە کارەساتە سروشتییەکانەوە. کارکردن لەگەڵ ڕاوێژکارێکی دەروونی بۆ چارەسەکردنی نیشانەکانت سوودی دەبێت لەسەر ئاستی کەسی بەڵام هەوڵە گەورەکان لەسەر ئاستی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی ئاووهەوا، دەتوانن ڕۆڵی زیاتریان هەبێت لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەو زەبرە دەروونییانەی کە بەهۆی کەشوهەواوە دروست دەبن.

سەرچاوە: healthline.com/health/mental-health/weather-and-mood


وشەکان:

  • mood مەزاج، خوو، خوڵک
  • Humidity: شێ (ڕێژەی هەڵمی ئاو لە هەوادا).
  • Precipitation: بارین (باران، بەفر یان تەرزە).
  • Atmospheric pressure: پەستانی بەرگەهەوا.
  • Hibernate: خەوی زستانە 
  • Circadian clock: کاتژمێری بایۆلۆژی (کاتژمێری ناوەکیی جەستە کە خولی خەو و بەخەبەربوون ڕێکدەخات).
  • Stress system: سیستەمی سترێس (سیستەمی کاردانەوەی جەستە بەرامبەر بە گوشارە دەروونی و جەستەییەکان).
  • Chronic pain flare-ups: سەرهەڵدانەوەی ئازارە درێژخایەنەکان.
  • Inattentiveness: کەم سەرنجی / نەبوونی تەرکیز.
  • ADHD: تێکچوونی کەمبوونەوەی سەرنج و زێدەچالاکی ( Attention Deficit Hyperactivity Disorder).
  • Bipolar disorder: تێکچوونی دوو جەمسەری (جۆرێکە لە ئاڵۆزی دەروونی کە تێیدا مەزاجی مرۆڤ لە نێوان خەمۆکیی قووڵ و شەیدایی تونددا دەگۆڕێت).
  • Inflammation: هەوکردن.
  • Trigger: هۆکاری هاندەر / بەئاگاهێنەرەوە.
  • Neuroticism: نیورۆتیزم 
  • Mania: شەیدایی / مانیا (دۆخێکی دەروونییە لە نەخۆشی دوو جەمسەریدا کە تێیدا وزە و چالاکیی کەسەکە بە شێوەیەکی نائاسایی زۆر بەرز دەبێتەوە).
  • perception هەست پێ کردن
  • neurotransmitter ڕاگوێزەری دەماری
  • pollen گەردەی گوڵ
  • meteoropathy میتۆرۆپاتی کە لە زانستی پزیشکیدا پێی دەوترێت نەخۆشیی کەشوهەوا یان هەستیاریی کەشوهەوا، بریتییە لە کۆمەڵێک نیشانەی جەستەیی و دەروونی کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییە خێرا و لەناکاوەکانی کەشوهەوادا لە لای هەندێک مرۆڤ سەرهەڵدەدەن.
  • Major Depressive Disorder (MDD) دیسۆردەری خەمۆکی ماژۆر
  • Seasonal Affective Disorder (SAD) دیسۆردەری سۆزداریی وەرزی
  • Impulsivity: بێسەروبرەیی لە بڕیارداندا / ئیمپۆلسیڤیتی (ئەنجامدانی کارێک بەپەلە و بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی).
  • Interpersonal violence: توندوتیژیی نێوان کەسەکان (توندوتیژییەک کە لە نێوان دوو کەس یان لە ناو خێزاندا ڕوودەدات).
  • Extreme weather events (EWEs): ڕووداوە سروشتییە قورسەکان (وەک لافاوی گەورە، گەردەلوول و هتد).
  • Post-traumatic stress disorder (PTSD): تێکچوونی سترێسی پاش زەبر (حاڵەتێکی دەروونییە کە بەهۆی ئەزموونکردنی کارەساتێکی ترسناک یان ناخۆشەوە دروست دەبێت).
  • Eco-anxiety: دڵەڕاوکێی ژینگەیی (مەترسی و دڵەڕاوکێی قووڵ لە داهاتووی زەوی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە).
  • Mood journal: ڕۆژنامەی یادداشتی مەزاج (تۆمارکردنی ڕۆژانەی باری دەروونی بۆ ناسینی گۆڕانکارییەکان).
  • Ecotherapy: ژینگە-چارەسەری / سروشت-چارەسەری (جۆرێکە لە چارەسەری دەروونی کە پشت بە بەسەربردنی کات لە ناو سروشتدا دەبەستێت).