هانای ئێستا، بەشی دووەم

هانای ئێستا، بەشی دووەم

2026/07/15 49 بینین
پێشتر ستراتیژی من بۆ ژیان جیاواز بوو؛ بەڵام ئێستا ئیتر نە دەمەوێت خۆم بسڕمەوە و نە تاقەتی شەڕی دەرەکیم ماوە بۆ کۆمەڵگەیە باشتر. چیتر نامەوێت بە هیچ چەمکێکی کۆمەڵایەتی یان کولتوورییەوە ببەسترێمەوە. ستراتیژی ئێستای من تەنیا گرنگیدانە بە ژیانی خۆم وەک تاکێک و پاراستنی ئارامیی دەروونیم. من لە ناخەوە و بە ناوەڕۆک بڕوام بە چەمکە مرۆیییەکان هەیە، بەڵام چیتر بڕوام بە هیچ کام لە ئاڵاهەڵگرەکانی نییە لە هیچ کوێیەکدا. بۆ خۆشم، نامەوێت وەک ئاڵاهەڵگری هیچ چەمکێک بناسرێم.

کاتێک لە ژینگە و جوگرافیایەکدا گەورە دەبیت کە دامەزراوە، یاسا و کلتوورەکەی لە تۆ وەک «تاک»ێک بە تەواوی تایبەتمەندی و جیاوازییەکانتەوە پارێزگاری ناکات و تەنانەت یەکەمین بازنەی ژیانت کە بنەماڵەیە بۆت ئەمن نییە، ناچار دەبیت یان ببیتە بەشێک لەو ژینگەیە، یان خۆت گۆشەگیر (ئیزۆلە) بکەیت، یان سەختترین ڕێگا کە شەڕکردن دژ بەو سیستەمەیە، هەڵببژێریت. من نەمدەویست ببمە بەشێک لەو ژینگە باوە؛ ئەگەر بمویستایە دەمتوانی، بەڵام هەڵبژاردنی من ئەوە بوو کە خۆم گۆشەگیر بکەم، بەڵام تا ئەو ڕۆژەی توانیم خۆم بە تەواوی لێ ڕزگار بکەم هەندێک جاریش ناچار بووم دژ بەو دۆخە شەڕ بکەم.

​ژنبوون لە ژینگەی یەکەممدا، فێری بەرخۆدانی کردم. بۆ ئەوەی بتوانم بە شێوازێکی ئاسانتر بەرگەی سەختییەکانی ئەو ژینگەیە بگرم، چنگم بە چەمکەکانی مافی مرۆڤ و فێمینیزمەوە گرت؛ ئەمەش یارمەتیدەرم بوو کە لە ڕووی تیۆری و ئەکادیمییەوە لە دۆخی ژیانی خۆم تێ بگەم. بەڵام هەر کاتێک ویستم بەپێی ئەو چەمکانە کەمێک لە تەنیاییی خۆم بێمە دەرەوە و ئەو تیۆرییانە لە ژیانی ڕاستەقینەدا داببەزێنم، تێ گەیشتم کە ژیان چەندە لە تیۆرییەوە دوورە، بەتایبەت لەو ژینگەیەی من لێی هاتووم و تەنانەت لەنێو توێژی خوێندەوار و ڕۆشنبیریشدا. لە نووسینی پێشوومدا لەسەر ماڵپەڕەکەم تا ڕادەیەک ئەوەم ڕوون کردەوە کە بۆ دەربڕینی خۆم چۆن چنگم بە بەستێنە باوەکانەوە گرتبوو، بەڵام ئێستا ئیتر نامەوێت ببمە بەشێک لە هیچ ململانێیەک. من بڕوام وایە کە ژنان لە ڕابردوودا، بە تایبەت لە هەندێک ناوچەی جیهاندا، زوڵم و غەدرێکی زۆریان لێ کراوە و ئێستاش هەر دەکرێت. ئەزموونی ژیانی خۆم سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. هەروەها بڕوام وایە کە لە درێژەی مێژوودا، تەنیا پیاوان پەرەپێدەری ئەو سیستەمە باوە ژەهراوییە نەبوون، بەڵکوو کۆمەڵێک مرۆڤی دەسەڵاتخواز، کۆنترۆڵکەر و ترسنۆک لە هەموو جێندەرەکانەوە تێیدا بەشدار بوون. هاوکات، ڕێفۆرم و چاککردنی ئەو سیستەمەش تەنیا کاری ژنان و چەمکی فێمینیزم نەبووە، بەڵکوو کۆمەڵێک مرۆڤی جیاواز و بە چەمکی جۆراوجۆری مرۆڤدۆستانەوە جیهانیان بەرەو شوێنێکی باشتر بۆ ژیان گۆڕیوە.

​پێشتر خۆم وەک فێمینیست دەناساند و سوور بووم لەسەری؛ بەڵام کاتێک لە کۆمەڵگەکەی خۆمدا بە دەیان جار دەنگم بەرز کردەوە کە لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانمدا وەک ژنێک زوڵمم لێ کراوە، لەبری پشتیوانی، لەلایەن هەمووانەوە، تەنانەت ئەوانەش کە خۆیان بە ئاڵاهەڵگری پاراستنی مافی ژنان دەزانی، خرامە پەراوێزەوە و پشتگوێ خرام. لێرەوە ئیتر بڕوام بەوەش نەما کە خۆم بەم فێمینیست بناسێنم. ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەمەوێت تەنیا وەک «تاکێک» سەیر بکرێم؛ وەک مرۆڤێک کە بڕوای بە ئازادی و پاراستنی مرۆڤەکان وەک تاک هەیە، جیا لەوەی ڕەگەز و جێندەریان چییە.

​ئێستا کە ژینگەم گۆڕاوە و لە وڵاتێکی ترم، لە هەموو شتێک ئەوە بۆم گرنگترە کە وەک تاکێک سەیر بکرێم، و بەرامبەرەکانیشم وەک تاک هەڵسوکەوت بکەن و بەرپرسیارێتیی ڕەفتارەکانی خۆیان بگرنە ئەستۆ. نەک ئەوەی هەر کاتێک ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی کرانەوە، لە پشتی چەمکەکانی مافی مرۆڤەوە خۆیان بشارنەوە و خۆیان لە ڕەخنە بدزنەوە. من لەم دواییانەدا ئەوەم ئەزموون کرد کە زۆرێک لە مرۆڤەکان بۆ شاردنەوەی گرێ دەروونی و چارەسەرنەکراوەکانی ژیانیان، پەنا دەبەنە بەر چەمکە گەورە مرۆیییەکان. ئەمە لانی کەم بووە هۆی ئەوەی ڕوانینی من بەرامبەر بەم دیاردەیە ڕەش ببێتەوە. نەمدەزانی مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ئەو پەڕی داماوی کە کێبڕکێ لەسەر نیشاندانی ڕەنج و مەزڵووم بوونی خۆی بکات، تەنیا بۆ ئەوەی خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو چەمکانە بزانێت، خۆی لە ڕەخنە بەری بکات و وەک «سوپەر هیومەن» خۆی وێنا بکات؛ بەڵام بە داخەوە، مرۆڤ دەتوانێت تا ئەو ئاستەش نزم بێتەوە.

​پێشتر ستراتیژی من بۆ ژیان ئەوە بوو کە یان خۆم ئیزۆلە بکەم، یان شەڕێکی دەرەکی بکەم بۆ چاککردنی ئەو کۆمەڵگە و ژینگەیەی لێی هاتووم؛ بەڵام ئێستا ستراتیژم بە تەواوی گۆڕاوە. ئیتر نە دەمەوێت خۆم بسڕمەوە و نە تاقەتی شەڕی دەرەکیم ماوە. من بە پێی پێویست قوربانیم داوە. چیتر نامەوێت بە هیچ چەمکێکی کۆمەڵایەتی یان کولتوورییەوە ببەسترێمەوە. ستراتیژی ئێستای من تەنیا گرنگیدانە بە ژیانی خۆم وەک تاکێک، پاراستنی ئارامیی دەروونیم، و پەرەپێدانی ئەو بوارەیە کە تێیدا پسپۆڕم. من لە ناخەوە و بە ناوەڕۆک بڕوام بە چەمکە مرۆیییەکان هەیە، بەڵام چیتر بڕوام بە هیچ کام لە ئاڵاهەڵگرەکانی نییە لە هیچ کوێیەکدا. بۆ خۆشم، نامەوێت وەک ئاڵاهەڵگری هیچ چەمکێک بناسرێم.