مەترسییە ژینگەیییەکان بەپێی هۆکارە بنەڕەتییەکەیان دەکرێت دابەش بکرێن بە سێ پۆلی بەیەکەوە پەیوەندیدار وەک بایۆلۆجیکال، کیمیایی، و فیزیکی. ئەم پۆلێنبەندییانە زۆر جار لەگەڵ مەترسییە نەریتی و مۆدێرنەکاندا بەریەککەوتنیان هەیە. بۆ نموونە، پیسبوونی هەوای ناوماڵ دەتوانێت هەم مەترسییەکی فیزیکی بێت و هەم مەترسییەکی کیمیایی.
جۆرە جیاوازەکانی مەترسی دەتوانن کارلێکەرییەکان لەسەر یەک هەبێت و کاریگەرییەکانی یەکتر گەورەترەوە بکەن. بۆ وێنە، لافاو، کە بە پلەی یەکەم مەترسییەکی فیزیکییە، دەتوانێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانە کە لە ڕێگەی ئاوەوە دەگوازرێنەوە کە مەترسییەکی بایۆلۆجیکن. بە هەمان شێوە، مەترسییە کیمیایییەکان وەک پیسبوونی هەوا دەتوانن زیان بە کۆئەندامی هەناسەدان بگەیەنن کە دەبێتە هۆی لاوازی لە بەرامبەر نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان کە ئەوانیش مەترسییەکی بایۆلۆجین. نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان کە جۆرێکن لە مەترسی بایۆلۆجیکال دەتوانن کۆئەندامی بەرگری جەستە لاواز بکەن بۆیە دەبنە هۆی ئەوە کەسەکان زیاتر بچنە ژێر کاریگەرییە زیانبەخشەکانی مەترسییە کیمیایییەکان.
مەترسییە بایۆلۆجییەکان
بۆ زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتی، هەڕەشە سەرەکییەکانی تەندروستی بریتی بوون لە مەترسییە بایۆلۆجییەکان، کە ئەو نەخۆشییانەن کە بەهۆی پاتۆژێنەکانەوە دروست دەبن وەک بەکتریاکان، کەڕووەکان، مشەخۆرەکان، ڤایرۆسەکان و پرایۆنەکان.
- بەکتریاکان: زیندەوەری تاک خانەیین کە دەبنە هۆی نەخۆشی وەک سیل و کۆلێرا.
- کەڕووەکان: زیندەوەرێکن کە تاک خانەیی یان فرە خانەیین، بەرپرسن لەسەر هەندێک لە نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان و نەخۆشییە سەختەکانی کۆئەندامی هەناسەدان.
- کرمە مشەخۆرەکان: هەندێک ئاژەڵن وەک کرمی شریتی کە مادە خۆراکییەکان لە خانەخوێکانیان وەردەگرن و زۆر جار لە ڕێگەی گۆشتی نەکوڵاوەوە دەگوازرێنەوە.
- پرۆتۆزوا: زیندەوەری تاک خانەیین کە بەرپرسن لە نەخۆشی وەک مەلاریا و جیاردیا.
- ڤایرۆسەکان: ئەو پاتۆژێنانەن کە لە ماددەی بۆماوەیی پێکهاتوون کە بەرگێکی پرۆتینی لە دەوریاندایە، دەبنە هۆی نەخۆشی وەک کۆڤیدی نۆزدە و هەڵامەتی ئاسایی.
- پرایۆنەکان: پرۆتینی نائاسایین کە ماددەی بۆماوەییان نییە و دەبنە هۆی نەخۆشی دەگمەن وەک نەخۆشی کرۆیتسفێڵد-جاکۆب.
لە کاتێکدا مردن بەهۆی نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان بە گشتی کەم بووەتەوە، ئێستا ئەو نەخۆشییانە کە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی دیکە ناگوازرێتەوە وەک شێرپەنجە و نەخۆشی دڵ زۆرینەی حاڵەتەکانی مردن پێک دەهێنن. بەڵام هێشتا نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان نزیکەی یەک لە پێنجی مردنەکانی جیهانیان لە ساڵی 2017یان پێک هێناوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە خەریکی گەشەسەندنن و لە نێو منداڵاندا.
چەندین هۆکار هێشتا پاڵنەرن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان و ڕێژەی مردنی بەرز دەهێڵنەوە:
- کەم خۆراکی، بەدخۆراکی
- ئاوی پیس
- خاوێنیی لاواز
- دەست ڕاگەیشتنی کەم بە چاودێری تەندروستی
سەرەڕای ئەمانە، ئاڵۆزییەکان وەک ئەو پاتۆژێنانە کە بەرگرییان بەرامبەر دژە بەکتریاکان هەیە، بەرگری ئەو مێرووانە کە هەڵگری نەخۆشین بەرامبەر دژەمێرووەکان و زۆریی دانیشتووان زیاتر هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان ئاڵۆز دەکەن. چارەسەرکردنی ئەم کێشانە زۆر پێویستە بۆ کەمکردنەوەی باری نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان لەو وڵاتانەی کە خەریکی گەشەسێندنن و باشترکردنی دەرەنجامەکانی تەندروستیی جیهانی.
- environmental hazards: مەترسییە ژینگەیییەکان
- waterborne diseases: ئەو نەخۆشییانە کە لە ڕێگەی ئاوەوە دەگوازرێنەوە
- infectious disease: نەخۆشییە تەشەنەسێنەکان
- pathogens: ئەو ئۆرگانیزمانە کە دەبنە هۆی نەخۆشی وەک بەکتریا، کەڕوو و ڤایرۆس، پاتۆژێن
- bacteria: بەکتریا
- fungi: کەڕوو
- parasite: مشەخۆر
- virus: ڤایرۆس
- protozoa: پرۆتۆزوا
- prion: پرایۆن
- tuberculosis: سیل
- cholera: کۆلێرا
- tapeworms: کرمی شریتی
- host: خانەخوێ
- malaria: مەلاریا
- giardiasis: جیاردیا
- genetic material: ماددەی بۆماوەیی
- Creutzfeldt-Jakob disease: کرۆیتسفێڵد-جاکۆب
- cancer: شێرپەنجە
- heart disease: نەخۆشیی دڵ
- malnutrition: کەم خۆراکی، بەدخۆراکی
- contaminated water: ئاوی پیسکراو
- poor sanitation: پاکوخاوێنی لاواز
- limited access to healthcare: دەست ڕاگەیشتنی کەم بە چاودێری تەندروستی
- antibiotic resistant pathogens: بەرگریی پاتۆژێنەکان بەرامبەر دژە بەکتریاکان (ئانتی بایۆتیکەکان)
- pesticide-resistant: بەرگریی مێرووەکان بەرامبەر دژەمێرووەکان
- overpopulation: زۆریی دانیشتووان