نموونە باوەکانی کانزا قورسەکان بریتین لە ئارسینیک، جیوە، قورقورشم، و کادمیۆم.
ئارسینیک توخمێکی سروشتییە کە لە ئاو، خاک، تۆز، هەوا و خۆراکدا دەدۆزرێتەوە. خەستییەکەی (concentration) لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت بەهۆی هۆکارەکانی وەک کشتوکاڵ، پیشەسازی و چالاکییە جیۆلۆجییەکان. ئەو ئارسینیکەی لە کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بەکاردێت، مەیلی هەیە بە توندی بە خاکەوە ببەسترێتەوە و دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە نزیک ڕووی زەوی بمێنێتەوە، ئەمەش مەترسی کەوتنەبەری درێژخایەن زیاد دەکات. ئەو تەختانەی کە بە ئارسینیک چاکتر کراون و لە دروستکردنی شوێنەکانی وەک هەیوان و گۆڕەپانی یاری منداڵان بەکاردێن، دەکرێن ببنە هۆی کەوتنەبەر. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لە سەرچاوەکانى ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی سروشتی ئاستێکی بەرزی ئارسینیکیان تێدایە.
ڕێگا سەرەکییەکانی کەوتنەبەر بە ئارسینیک بریتین لە خواردنی خۆراک و ئاوی پیسبوو، کە ئەمەش نیگەرانییەکی سەرەکییە لە وڵاتانی وەک بەنگلادیش، چیلی، چین، ڤێتنام، تایوان، هیندستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەندێک خۆراکی دیاریکراو، وەک برنج و ماسی، دەتوانن ئارسینیک لە ژینگەوە دەرکێشن، ئەمەش زیاتر دەبێتە هۆی چوونە ناوەوەی سیستەمی خۆراکی. هەڵمژینی تۆزی پڕ لە ئارسینیک ڕێگایەکی تری ئەگەریی کەوتنەبەرە.
کەوتنەبەر بە ئارسینیک پەیوەستە بە مەترسییە تەندروستییە جددییەکان وەک تێکچوونی سیستەمی هۆرمۆنەکان تەنانەت لە ئاستە نزمەکانیشدا. هەروەها وەک مادەیەک کە دەبێتە هۆکاری شێرپەنجەی مرۆیی پۆلێن کراوە، کە پەیوەندی هەیە بە شێرپەنجەکانی پێست، سییەکان، میزڵدان، گورچیلەکان و جگەر.
- کانزا قورسەکان: Heavy metals
- ئارسینیک: Arsenic
- جیوە: Mercury
- قورقورشم: Lead
- کادمیۆم : Cadmium
- چالاکییە جیۆلۆجییەکان: Geological activity
- کەوتنەبەری درێژخایەن: Prolonged exposure
- ئاوی ژێرزەوی : Underground water
- دەرکێشان: Absorb
- هەڵمژین: Inhalation
- تێکچوونی سیستەمی هۆرمۆنەکان: Hormone system disruption