Ecofemenism

 ئیکۆفێمینیزم (Ecofeminism)، لقێکی فێمینیزمە کە لە پەیوەندییەکانی نێوان ژنان و سروشت دەکۆڵێتەوە. ئەم ناوە لەلایەن فێمینیستی فەڕەنسی فرانسوا دۆبۆن/Françoise d’Eaubonne لە ساڵی ١٩٧٤دا داهێنرا. ئیکۆفێمینیزم بنەما سەرەکییەکانی فێمینیزم بە کار دەهێنێت کە بریتین لە یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکان، دووبارە بەهاپێدانەوە بەو پێکهاتانە کە پیاوسالارانە نین، و تێڕوانینێک بۆ جیهان کە ڕێز لە پرۆسە ئۆرگانییەکان، پەیوەندییە گشتبینیەکان و کارکردنی بەکۆمەڵ دەگرێت.

ئیکۆفێمینیزم هەم پابەندبوون بە ژینگە و هەم هۆشیاری بەرامبەر بەو پەیوەندییانەی لە نێوان ژنان و سروشتدا دروست کراون، زیاد دەکات. بەتایبەت، ئەم فەلسەفەیە جەخت لەسەر ئەو شێوازانە دەکاتەوە کە تێیدا سروشت و ژنان لەلایەن کۆمەڵگەی پیاوتەوەر (یان باوکسالار)ەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئیکۆفێمینیستەکان لە کاریگەریی پۆلێنکردنی ڕەگەزی دەکۆڵنەوە بۆ نیشاندانی ئەو ڕێگایانەی کە تێیدا نەریتە کۆمەڵایەتییەکان هەژموونێکی نادادپەروەرانە بەسەر ژنان و سروشتدا دەسەپێنن.

هەروەها ئەم فەلسەفەیە پێی وایە کە ئەو نەریتانە دەبنە هۆی دروستبوونی ڕوانگەیەکی ناتەواو بۆ جیهان؛ لایەنگرانی ئەم ڕێچکەیە داکۆکی لە ڕوانگەیەکی جێگرەوە بۆ جیهان دەکەن کە بەهایەکی پیرۆز بە زەوی دەبەخشێت، دان بە وابەستەییی مرۆڤ بە جیهانی سروشتیدا دەنێت، و هەموو جۆرە ژیانێک بە بەنرخ دەزانێت.

بنەچەی ئیکۆفێمینیزم

بزووتنەوەی ئیکۆفێمینیزمی مۆدێرن لە ئەنجامی زنجیرەیەک کۆنفرانس و وۆرکشۆپەوە لە کۆتایییەکانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن هاوپەیمانییەکی ژنانی ئەکادیمی و پیشەیییەوە لە دایک بوو. ئەوان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو ڕێگایانەی کە دەکرێت فێمینیزم و پاراستنی ژینگە تێیدا تێکەڵ بکرێن بۆ برەودان بە ڕێزگرتن لە ژنان و جیهانی سروشت؛ پاڵنەری ئەمەش ئەو تێڕوانینە بوو کە پێشینەیەکی مێژوویی درێژخایەن لە پەیوەستکردنی ژنان بە سروشتەوە، بووەتە هۆی چەوساندنەوەی هەردوو لا. ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆر جار ژنان و سروشت وەک شتێکی بێسەروبەر، ناعەقڵانی و پێویست بە کۆنترۆڵکردن وێنا کراون، لە کاتێکدا پیاوان زۆر جار وەک عەقڵانی، ڕێکخراو و بەمەش وەک توانای ئاڕاستەکردنی بەکارهێنان و گەشەپێدانی ژنان و سروشت وەسف کراون.

ئیکۆفێمینستەکان پێیان وایە کە ئەم ڕێکخستنە دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکهاتەیەکی هەرەمی کە دەسەڵات دەبەخشێتە پیاوان و ڕێگە بە چەوساندنەوەی ژنان و سروشت دەدات. 

کارە سەرەتاییەکانی ئیکۆفێمینیزم زیاتر پێک هاتبوو لە بەدۆکیۆمێنتکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ژنان و ژینگە و پاشان گەڕان بەدوای ڕێگاکانی پچڕاندنی ئەو پەیوەندییانەدا. یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئیکۆفێمینیزم، خوداناس «ڕۆزماری ڕۆیتەر/ Rosemary Ruether» جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو ژنان دانی پێدا بنێن و کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە باڵادەستی بەسەر سروشتدا ئەگەر بیانەوێت بەرەو ڕزگاریی خۆیان هەنگاو بنێن. ئەو داوای لە ژنان و چالاکوانانی ژینگە کرد پێکەوە کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمە باوکسالارییەکان کە جەخت لەسەر پلەبەندی (هەرەمی)، کۆنترۆڵکردن و پەیوەندییە نایەکسانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە. کارەکانی ڕۆیتەر لەلایەن زانایانی فێمینیزم و چالاکوانانەوە وەرگیرا، کە دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن نەک تەنیا لە تیۆرییە ئیکۆلۆژییەکان کە چاویان لە کاریگەریی سیستەمە باوکسالارییەکان دەپۆشی، بەڵکوو لەو تیۆرییە فێمینیستییانەش کە لێکۆڵینەوەیان لە پەیوەندی نێوان ژنان و سروشت نەدەکرد.

لە کۆتایییەکانی هەشتاکاندا، ئیکۆفێمینیزم لە ژینگەی ئەکادیمی خۆی دەرچوو و بوو بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری. زۆرێک لە زانایان باس لە «ئینێسترا کینگ/Ynestra King»ی بیرمەندی فێمینیزم دەکەن وەک هۆکاری ئەو جەماوەربوونە. لە ساڵی ١٩٨٧دا، کینگ وتارێکی بە ناوی «ئیکۆفێمینیزم چییە؟» نووسی کە لە گۆڤاری «The Nation» بڵاو کرایەوە. لەوێدا ڕوو لە هەموو ئەمریکییەکانی کرد کە بیر لەو ڕێگایانە بکەنەوە کە سیستەمە باوەڕییەکانیان ڕێگە بە بەکارهێنانی چەوسێنەرانەی زەوی و چەوساندنەوەی زیاتری ژنان دەدات. بە یارمەتی وتارەکەی کینگ، چەمکی ئیکۆفێمینیزم هەم لە ڕووی پشتگیری و هەم لە ڕووی فەلسەفییەوە گەشەی کرد.

ئیکۆفێمینیزمی ڕادیکاڵ و ئیکۆفێمینیزمی کولتووری

لە کاتێکدا ئیکۆفێمینیزم بەردەوام بوو لە گەشەکردن، یەکەمین لێکترازان و دابەشبوونی بە خۆوە بینی. لە کۆتایییەکانی هەشتاکاندا، ئیکۆفێمینیزم بوو بە دوو قوتابخانەی هزری جیاواز: ئیکۆفێمینیزمی ڕادیکاڵ و ئیکۆفێمینیزمی کولتووری.

ئیکۆفێمینستە ڕادیکاڵەکان پێیان وایە کە کۆمەڵگەی باوکسالاری باڵادەست، سروشت و ژن وەک یەک دادەنێت تەنیا بۆ ئەوەی سووکایەتی بە هەر دوو لایان بکات. بۆ ئەو مەبەستە، ئیکۆفێمینیزمی ڕادیکاڵ جەخت لەسەر گوتەی ئیکۆفێمینستە سەرەتایییەکان دەکاتەوە کە دەبێت لێکۆڵینەوە لە باڵادەستیی باوکسالاری بکرێت بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو پەیوەندییەی لە نێوان ژنان و سروشتدا دروستکراوە. تێۆریستەکان گرنگییەکی تایبەت دەدەن بەو ڕێگایانەی کە تێیدا ژنان و سروشت بە سیفەتی نەرێنی یان بازرگانی (وەک کاڵا) وەسف کراون، لە کاتێکدا پیاوان وەک لایەنی توانای چەسپاندنی سیستەم و ڕێسا بینراون. ئەم دابەشکردنی سیفەتانە هانی چەوساندنەوەی ژنان و سروشت دەدات بۆ دەستکەوتنی هێزی کار و سەرچاوەی هەرزان.

لە لایەکی ترەوە، ئیکۆفێمینستە کولتوورییەکان هانی دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ژنان و ژینگە دەدەن. ئەوان پێیان وایە ژنان پەیوەندییەکی نزیکتریان لەگەڵ سروشتدا هەیە بەهۆی ڕۆڵە ڕەگەزییەکانیان (بۆ نموونە: پەروەردەکردنی خێزان و دابینکردنی خۆراک) و بایۆلۆژییەکەیان (بۆ نموونە: سووڕی مانگانە، دووگیانی و شیردان). لە ئەنجامدا، ئیکۆفێمینستە کولتوورییەکان بڕوایان وایە ئەم پەیوەندییانە ڕێگە بە ژنان دەدەن هەستیارتر بن بەرامبەر بە پیرۆزی و تێکچوونی ژینگە. ئەوان پێشنیاز دەکەن کە پێویستە کۆمەڵگە بایەخ بەم هەستیارییە بدات، چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ جیهانی سروشتدا دروست دەکات کە مرۆڤ دەبێت تێیدا بژیێت. هەروەها ئیکۆفێمینیزمی کولتووری ڕەگی لە ئایینە سروشت-تەوەرەکان و پەرستنی خوداوەندەکان و سروشتدا هەیە، وەک ڕێگەیەک بۆ زیندووکردنەوەی لایەنی ڕۆحی سروشت و ڕۆڵی کاریگەر و ئامرازییانەی ژنان لەو ڕۆحییەتەدا.

داهاتووی ئیکۆفێمینیزم

زۆرێک لە ژنان بە سنووردارکردنی بزووتنەوەکە ڕازی نەبوون. نیگەرانییەکی تایبەت هەبوو سەبارەت بە شکستی ژنانی وڵاتە پێشکەوتووەکان لە دداننان بەو ڕێگایانەی کە تێیدا شێوازی ژیانی خۆیان دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری ژینگەی هاوتاکانیان لە وڵاتە کەمتر گەشەسەندووەکان و هەروەها تێکچوونی گۆی زەوی بە گشتی.

ژنانی وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان ئاماژەیان بە کاریگەرییەکانی بەرهەمهێنانی خۆراکی بازرگانی، کارکردن لەو کارگانە کە دەچەوسانەوە تێیدا و هەژاری لەسەر خێزانەکانیان و ژینگەی ناوچەکانیان کرد. ئەوان ئیکۆفێمینستە سپییەکانیان تۆمەتبار کرد بەوەی هانی ئەو چەوساندنەوەیە دەدەن لەڕێگەی کڕینی ئەو کاڵایانەی کە لە ئەنجامی نادادییەوە بەرهەم هێنراون. هەروەها ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە بەکارهێنانی کولتوور و ئایینە ڕەسەنەکان بۆ مەبەستی پێشخستنی پێگەیەکی فەلسەفی.

بۆیە، پێویستە ئیکۆفێمینیزمی هاوچەرخ گەشە بکات بۆ دداننان بە کاریگەرییە ڕاستەقینەکانی ڕەگەز، چینایەتی، نەتەوە و سێکشوالێتی لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی ژن. ئەو ژنانەی کە لە پرسەکانی دادپەروەری ژینگەییدا بەشدارن و ئەو ژنانەی نوێنەرایەتی کولتووری کەمینەکان دەکەن، کاریان کردووە بۆ دامەزراندنی تێگەیشتنی تایبەتی خۆیان بۆ ئیکۆفێمینیزم؛ بە جۆرێک کە کولتوور و ڕۆحییەتی ناوخۆیی، پیرۆز ڕاگرتنی ڕۆڵیان وەک دایک و چاودێر، و دداننان بەو ڕێگایانەی کە داگیرکەریی ڕۆژئاوا ئەو باوەڕانەی تێک داوە، لە خۆ بگرێت.

سەرچاوە: Britannica: Ecofeminisms-future