نووسەر: «هانا جاری»

بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و کاریگەریی ژنانی کورد لە شۆڕشی ژینادا، پێویستە سەرەتا دۆخی گشتییان لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، کولتووری و سیاسی نەختێک شی بکەینەوە. ژنانی کورد، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات، مێژوویەکی دوور و درێژیان لەگەڵ بەربەست و سنوورەکاندا هەیە کە ڕەگەکەی لە پێکهاتە نەریتییەکان، هەڵاواردنە ڕەگەزییە یاساییەکان و بارودۆخی تایبەتی سیاسی و ئابووریی ناوچەکەدایە. لێکۆڵینەوە لەم پاشخان و بەربەستانە یارمەتیمان دەدات باشتر لە قووڵایی و گرنگیی بەشدارییان لەم بزووتنەوە مێژوویییەدا تێ بگەین. هەروەها ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئامادەیی بەهێزی ئەوان لە شۆڕشی ژینادا کاردانەوەیەکی کاتی یان تەنیا سۆزداری نەبوو بۆ ڕووداوێکی دیاریکراو، بەڵکوو دەرەنجامی ساڵانێک خەباتی بەردەوام بوو لە دژی سنوورەکان و هەوڵێکی بڕیاردەرانە بوو بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان.

بۆ ماوەی چەندین دەیە، سەرەڕای فشارە قورسەکانی سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی ئێران، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بەربەستە نەریتییە کولتوورییەکان، ژنانی کورد ڕۆڵی چالاکیان لە بوارە جیاجیاکاندا گێڕاوە. ئەوان نەک تەنیا لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، بەڵکوو لە بزووتنەوە مەدەنییەکان، چالاکییە کولتوورییەکان و تەنانەت خەباتی سیاسی و چەکداریشدا بەشدارییان کردووە. لە ساڵانی دواییدا، بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوە نوێیەکانی ژنان، ئەم ئامادەیییە ڕەهەندی نوێی گرتووەتە بەر و ژنانی کورد زیاتر وەک سەرکردەی فیکری و پراکتیکی لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچەکەدا ناسراون.

ئەگەر بمانەوێت نەختێک لەسەر کوردستان قسە بکەین کوردستان خاکێکە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە: ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا. هەر بەشێکی ئەم خاکە، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیەوە، ئەزموونی جیاوازی بۆ ژنان خولقاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییە کولتووری، زمانی و مێژوویییە هاوبەشەکان لە نێوان ژنانی کورد لەم ناوچانەدا، هەستێکی هاوپشتی و ناسنامەیەکی هاوبەشی دروست کردووە کە بە ڕوونی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتی و مافخوازییەکاندا دەبینرێت.

تەوەرەی سەرەکیی ئەم بابەتە لەسەر دۆخی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێیدا سەرەڕای سەرکوتکردنی توند و سنووردارکردنی یاسایی، ژنان توانیویانە دەنگیان بەرز بکەنەوە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە داڕشتن و بەردەوامیی شۆڕشی ژینادا بگێڕن.

لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە بەشداریی ژنانی کورد لە شۆڕشی ژینادا هێمای بەرخۆدان، هۆشیاری و هیوا بۆ داهاتوویەکی باشترە. ئەم ئامادەیییە دەرەنجامی ساڵانێک هەوڵ، قوربانی و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر جیاکاری و نادادپەروەریدا. بەبێ تێگەیشتن لە پاشخانە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی، مرۆڤ ناتوانێت بە تەواوی لە گرنگیی ڕاستەقینەی ئەم بزووتنەوەیە تێ بگات.

لایەنی ئابووری

ژنانی کورد هەمیشە ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیان لە ئابووریی خێزاندا گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە تەنیا لە کارەکانی ناوماڵ وەک چێشت لێنان، خاوێنکردنەوە و بەخێوکردنی منداڵدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو ژنان بە شێوەیەکی چالاکانە لە چالاکییە ئابوورییەکانی دەرەوەی ماڵیشدا بەشدارن. بەرهەمهێنانی فەرش، جلی کوردی و کەلوپەلە دەستکردەکانی دیکە لە مێژەوە یارمەتیدەر بووە بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانە کوردەکان. ئێستاش زۆرێک لە ژنانی کورد وەک مامۆستا، پەرستار و فەرمانبەر لە دامودەزگا حکومی و تایبەتەکاندا کار دەکەن و بەشدارییەکی بەرچاو لە گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەکەیاندا دەکەن.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە، هێشتا ڕۆڵی ژنانی کورد لە بڕیارە ئابوورییەکاندا سنووردارە. زۆربەی ژنان، بەتایبەت لە ناوچە گوندنشین و نەریتییەکاندا، سەربەخۆیی دارایییان نییە و زۆر جار داهاتی کارەکانیان لەلایەن پیاوانی خێزانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. تەنانەت لەو خێزانانەشدا کە ژنان تێیاندا بە سەربەخۆ کار دەکەن، کۆنترۆڵی کۆتایی بەسەر داهات و داراییی ماڵدا بە گشتی لە دەستی پیاواندایە و ژنان لە مافی بڕیاردانی سەربەخۆ بێبەشن.

لە بازاڕە ناوخۆیییەکاندا، ئەگەرچی هەندێک جار ژنان وەک دووکاندار و فرۆشیار دەبینرێن، بەڵام ژینگەی بازاڕ هەر بە زاڵێتی پیاوانە ماوەتەوە. زۆربەی هەلەکانی کار و خاوەندارێتیی دووکانەکان لای پیاوانە. زۆرێک لە شوێنە بازرگانییەکان لە ڕووی فیزیکی یان کولتوورییەوە بۆ بەشداریی ژنان گونجاو نین. کەمیی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ ژنان، دیدگا نەریتییە سنووردارکەرەکان و نەبوونی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی، لەو هۆکارانەن کە بەشداریی ئابووریی ژنان سنووردار دەکەن.

بە گشتی، لە کاتێکدا ژنانی کورد ڕۆڵێکی فراوان لە ئابووریی خێزان و کۆمەڵگەدا دەگێڕن، هێشتا ڕووبەڕووی بەربەستی وەک نەبوونی سەربەخۆیی دارایی، سنوورداری لە بڕیاردانی ئابووری، دەستڕانەگەیشتنی یەکسان بە هەلەکانی کار و بەربەستە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە. لابردنی ئەم بەربەستانە پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەتی نەریتی، ڕەخساندنی هەلی کاری یەکسان، پێشکەشکردنی مەشق و ڕاهێنانی لێهاتوویی ئابووری و دابینکردنی پاڵپشتییەکی بەهێزی یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە، تاوەکوو ژنان بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە پەرەپێدانی ئابووریی کۆمەڵگەکەیاندا بگێڕن.

لایەنی پەروەردەیی و فێرکاری

ئەگەرچی لە ساڵانی دواییدا لە کوردستان پێشکەوتن لە بواری پەروەردەدا بەدی کراوە و خوێندنی زانکۆ بووەتە بەشێک لە کولتووری ناوچەکە، بەڵام هێشتا بەربەست و سنووربەندی بۆ خوێندنی کچان، بەتایبەت لە قۆناخە باڵاکاندا، بوونیان هەیە. هەندێک لە خێزانەکان، بەهۆی نەریتە کولتوورییەکان یان نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، ڕێگە بە کچەکانیان نادەن بۆ درێژەدان بە خوێندن بچنە شارەکانی دیکە. ئەم جۆرە دیدگایانە دەرفەتە پەروەردەیییەکان بۆ کچان سنووردار دەکەن و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر گەشەی کەسی و کۆمەڵایەتییان هەیە. تەنانەت کاتێک خێزانەکان لەگەڵ درێژەدان بە خوێندنی کچەکانیان هاوڕان، زۆر جار هانیان دەدەن بواری دیاریکراوی وەک مامۆستایەتی یان پەرستاری هەڵبژێرن. ئەم پیشانە وەک گونجاوتر دەبینرێن چونکە لەگەڵ چاوەڕوانییە جێندەرییەکاندا دەگونجێن و زۆر جار ڕێگە بە ژنان دەدەن لە ژینگەیەکی تایبەت بە ئافرەتاندا کار بکەن. لە بەرامبەردا، زۆرێک لە بوار و کارەکانی دیکە لەژێر ڕکێفی پیاواندا ماونەتەوە و کچان کەمتر هانیان دەدرێت ڕوو لەو بوارانە بکەن.

ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بازاڕێکی کاری تەواو جێندەری کە تێیدا دەرفەتەکان بۆ ژنان سنووردارن. سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە ژینگە پەروەردەیییەکان پاڵپشت نین بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کچان. دیدگا باوکسالارییەکان، هەڵاواردنی دیار و شاراوە، و نەبوونی پاڵپشتیی پێویست، وادەکەن کچان نەتوانن هەموو تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ. لە هەندێک حاڵەتدا، تەنانەت ڕەنگە ڕووبەڕووی هەراسانکردن یان هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە ببنەوە، کە ئەمەش متمانەبەخۆبوون و پاڵنەری ئەوان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن کەم دەکاتەوە.

بە کورتی، ئەگەرچی لە کوردستان پێشکەوتنی بەرچاو لە خوێندنی کچاندا بەدی هاتووە، بەڵام گەیشتن بە دادپەروەریی ڕاستەقینەی پەروەردەیی و دەرفەتی یەکسان، پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە لە دیدگا کولتوورییەکان، سیاسەتە پەروەردەیییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە. پاڵپشتیی خێزان، دابینکردنی ژینگەی فێربوونی ئارامتر و پاڵپشتیکار، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە تێپەڕاندنی ئەم بەربەستانە بگێڕن.

لایەنی کۆمەڵایەتی و کولتووری

ژنانی کورد نەک تەنیا لە ژێر سیستەمی ئەپارتایدی ڕەگەزیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داگیرکەرانەی بەسەر خاکەکەیاندان، بەڵکوو لە ناوخۆی کوردستانیشدا ڕووبەڕووی گوشارەکانی دابونەریتە کۆنەپارێز و ئایینییەکان دەبنەوە. ئەم گوشارانە جیاکارییەکی دووفاقە و بەربەستی جیددییان لە هەردوو ژیانی کەسی و کۆمەڵایەتیدا دروست کردووە. لە زۆرێک لە کۆمەڵگە کوردییەکاندا، هێشتا وەک کارکەری ناوماڵ سەیری ژنان دەکرێت و ڕۆڵیان لە بڕیارە سەرەکییەکانی خێزان و کۆمەڵگەدا زۆر سنووردارە. ئەم نایەکسانییە تەنیا لە ئاستی خێزاندا نییە، بەڵکو لە کایە کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت سیاسییەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە، لە یاساکانی میراتدا، بەشە پشکی ژن بە یاسا نیوەی پیاوێکە؛ بەڵام لە پراکتیکیدا، زۆرێک لە ژنان تەنانەت لەم مافە یاسایییەش بێبەش دەکرێن. ئەگەر هەوڵی وەرگرتنەوەی مافەکانیان بدەن، زۆر جار دەکەونە ژێر گوشارەوە تاوەکوو بە کەمتر لەوەی یاسا بۆی بڕیار داون ڕازی بن.

کێشەیەکی جیددی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نەبوونی پەروەردەیەکی دروست سەبارەت بە مافەکانی ژنان و تێنەگەیشتنە لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی. ئەم کەمیی هۆشیارییە وای کردووە زۆرێک لە شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەوانە توندوتیژیی خێزانی، ئەوەی پێی دەوترێت کوشتن لەسەر نامووس، و تەنانەت خۆکوژیش وەک کێشەیەکی جیددی و چارەسەرنەکراو بمێننەوە. بەداخەوە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە زۆر جار لە ناو کۆمەڵگەدا وەک کارێکی ئاسایی دەبینرێن و هەندێک جار بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیری دەکرێن. زۆرێک لە قوربانییەکان، لە ترسی لۆمەی کۆمەڵایەتی یان بەهۆی نەبوونی پشتیوانییەوە، ناتوانن دەنگ هەڵبڕن و لە بێدەنگیدا ئازار دەچێژن.

بۆ باشترکردنی دۆخی ژنانی کورد، پێویستە هەڵاواردنە ڕەگەزییە یاساییەکان هەموار بکرێنەوە، هۆشیاریی گشتی لە ڕێگەی بەرنامە کولتوورییەکانەوە بەرز بکرێتەوە، و پەروەردەیەکی گشتگیر سەبارەت بە مافەکانی ژنان و لێکەوتەکانی توندوتیژی دابین بکرێت. پشتگیریی گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مافی ژنانیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی هۆشیاریی گشتی و گۆڕینی دیدگای کۆمەڵگە بەرامبەر بە پێگە و مافەکانی ژنان. تەنیا لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییانەوە دەتوانین هیوای داهاتوویەک بخوازین کە تێیدا ژنانی کورد لە مافی یەکسان و دەرفەتی دادپەروەرانە بەهرەمەند بن.

لایەنی سیاسی و مەدەنی

ژنانی کورد کە خاوەن بیرکردنەوە و کەسایەتیی سەربەخۆن، زۆر جار لەناو کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی پشتگوێخستن یان تەنانەت دژایەتیکردن دەبنەوە. پێکهاتە زاڵە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەرفەتێکی کەم بۆ بەشداریی ژنان لە ژیانی مەدەنی و سیاسیدا دەڕەخسێنن. لە ئەنجامدا، زۆرێک لە ژنانی بەتوانا و شایستە ناتوانن ڕۆڵی کاریگەر لە بوارە جیاجیاکاندا بگرنە ئەستۆ. پارتە سیاسییەکانیش مەیلیان بەرەو پشتگوێخستنی پرسەکانی ژنان هەیە و زۆر جار وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان بەکاریان دەهێنن، نەک وەک بابەتێکی سەربەخۆ و گرنگ مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

تەنانەت کاتێک ژنان دەتوانن بگەنە پێگە سیاسییەکان، بەزۆری چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت شوێن سیاسەتەکانی پارتەکەیان بکەون و کەمتر ئازادییان هەیە بۆ دەربڕینی ڕای سەربەخۆ یان کارکردنی خۆسەرانە. دروشمی ناسراوی «ژن، ژیان، ئازادی» لەم دواییانەدا بووەتە هێمای داخوازییەکانی ژنانی کورد. بەڵام ئەم دروشمە هێشتا نەبووەتە باوەڕێکی قووڵ و ڕەگداکوتاو لە کولتووری کۆمەڵگەدا و تا ڕادەیەکی زۆر هەر بە دروشم ماوەتەوە.

گەیشتن بە واتا ڕاستەقینەکەی ئەم دروشمە پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دیدگای گشتی، پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، و هۆشیاریی زیاتری کۆمەڵگە سەبارەت بە ماف و ڕۆڵی ژنان هەیە. تەنیا لەو کاتەدایە کە ژنانی کورد دەتوانن بە شێوەیەکی چالاک و سەربەخۆ بەشداری لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیدا بکەن.

لایەنی میدیا و فەزای دیجیتاڵی

لە ساڵانی دواییدا، ئامادەیی ژنان لە سۆشیاڵ میدیادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەڵام لە هەندێک خێزاندا، هێشتا سنووربەندی بۆ ئازادیی کچان لە بەشداریی ئۆنلایندا بوونی هەیە. لە ئەنجامدا، فەزا دیجیتاڵییەکان زۆر جار بە زاڵێتی پیاوان دەمێننەوە. بەداخەوە، ئەم ژینگەیە وای کردووە کە توندوتیژیی زارەکی، هەڕەشە و هەراسانکردنی ژنان بە ئاسانی ڕووبدات.

زۆرێک لە ژنان و کچان لە کاتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیادا ڕووبەڕووی سووکایەتی، بێڕێزی، هەڕەشە و تەنانەت هەڕەشەی سێکسی دەبنەوە. ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەبەخۆبوون و ئاسایشی دەروونییان دروست دەکات. هەر بۆیە، ئەگەرچی سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت دەرفەتی بەنرخ بۆ فێربوون، گەشەکردن و پەیوەندیی فراوانتر بۆ ژنان بڕەخسێنێت، بەڵام نەبوونی پاڵپشتیی خێزانی و کۆمەڵایەتی، هەروەها نەبوونی یاسای پارێزەر و هۆشیاریی گشتیی پێویست، ڕێگرن لەوەی ژنان بەبێ ترس و بە تەواوی سوود لەم پلاتفۆرمانە وەربگرن.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە هۆشیاریی خێزانەکان سەبارەت بە گرنگیی بەشداریی چالاک و ئارامی ژنان لە فەزای ئۆنلایندا بەرز بکرێتەوە و ڕێکاری جیددی دژی هەراسانکردن و هەڕەشە دیجیتاڵییەکان بگیریتە بەر. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گۆڕینی سۆشیاڵ میدیا بۆ ژینگەیەکی ئارامتر و یەکسانتر بۆ هەمووان.

لایەنی ناسنامە و فرەکولتووری

ئەزموونی ژنانی کورد تەنیا لە ڕێگەی ڕەگەزەوە دانەتاشراوە، بەڵکوو بە قووڵی بەستراوەتەوە بە ناسنامەی نەتەوەیی، جوگرافیا، ئابووری و کولتوورەوە. ژنانی کورد لە ناوەندە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی بەربەست و دەرفەتی جیاواز دەبنەوە. دۆخی ئەوان بەپێی ئەو شار، گەڕەک یان خێزانەی تێیدا دەژین، دەکرێت زۆر جیاواز بێت.

بۆ نموونە، ژنان لە ناوچە گوندنشینەکاندا ڕەنگە ڕووبەڕووی سنووربەندیی زیاتر ببنەوە لە دەستڕانەگەیشتن بە خوێندن، خزمەتگوزاریی تەندروستی و هەلەکانی کار. لە بەرامبەردا، ژنان لە شارە گەورەکاندا ڕەنگە لەگەڵ جیاکاریی پیشەیی یان گوشارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستەویەخە بن. سەرەڕای ئەمانەش، ناسنامەی کوردی کاریگەری لەسەر ئەزموونی ژیانی ژنان هەیە؛ جگە لە جیاکاریی ڕەگەزی، ئەوان ڕەنگە ڕووبەڕووی جیاکاریی نەتەوەیی و کولتووریش ببنەوە، کە ئەمەش دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان ئاڵۆزتر دەکات.

گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییەکان لە کوردستان کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ژیانی ژنان هەیە، بەتایبەت لە سەردەمی قەیران یان ئاڵۆزییەکاندا. لە کاتی شیکردنەوەی دۆخی ژنانی کورددا، گرنگە ڕەچاوی ئەم ئەزموونە جۆراوجۆر و ئاڵۆزانە بکرێت و لە گشتاندن دوور بکەوینەوە. تێگەیشتنێکی باشتر لە پێویستییەکانی ژنان لە چوارچێوە جیاوازەکاندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ داڕشتنی سیاسەت و بەرنامەی کاریگەرتر بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخیان.

ژنانی کورد لە شۆڕشی ژینادا

ڕەهەندەکانی بەشداری

ژنانی کورد و کچانی هەرزەکار ڕۆڵێکی پێشەنگ، ئیلهامبەخش و یەکلاکەرەوەیان لە شۆڕشی ژینادا گێڕا. ئامادەیی ئەوان تەنیا لە شەقامەکاندا کورت نەبووەوە؛ بەڵکوو لە ناو قوتابخانەکان و لە سەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاشدا چالاک و کاریگەر بوون. زۆرێک لە دروشم، داواکاری و پەیامەکانی ئەم بزووتنەوەیە ڕاستەوخۆ لە ئەزموونی ژیان و خەمەکانی ژنانەوە سەرچاوەیان گرتبوو. ژنانی کورد ئازایانە لە ڕیزەکانی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا وەستان و ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەکان و بەردەوامبوونی گوڕوتینی بزووتنەوەکەدا گێڕا.

جگە لەوەش، کچانی هەرزەکار لە ڕێگەی دروستکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی پاڵپشتییەوە، یارمەتیدەر بوون لە بنیاتنانی هاوپشتی و هەماهەنگی لە نێوان خۆپیشاندەراندا. ئامادەیی بەهێزی ئەوان هیوای گشتیی بۆ دادپەروەری، یەکسانی و ئازادی بە زیندوویی هێشتەوە. بە گشتی، ڕۆڵی ژنان و کچانی کورد لە شۆڕشی ژینادا نموونەیەکی ڕوونی ئازایەتی، هۆشیاری و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییە، کە کاریگەریی قووڵی لەسەر ئاراستەی داهاتووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ناوچەکەدا دروست کردووە. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» کە بووەتە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین دروشمەکان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی ئێراندا، لە بنەڕەتدا لە دروشمە کوردییەکەی Jin, Jiyan, Azadi وەرگیراوە. ئەم دروشمە سەرەتا لەلایەن ژنانی کوردەوە لە خەباتیاندا بۆ مافی یەکسان و ئازادی دەنگی دایەوە و دواجار لە کاتی شۆڕشی ژینادا بۆ ناو هەموو کۆمەڵگەی ئێران گوازرایەوە.

ژنانی کورد ڕووبەڕووی جۆرێکی دەگمەن لە چەوسانەوەی دووفاقە دەبنەوە: چەوسانەوە لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەتەوە. وەک ژنانی دیکە لە ئێران، ئەوان لەژێر سایەی یاسا سنووردارکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدان، وەک حیجابی زۆرەملێ، هەلی کاری سنووردار و نایەکسانیی یاسایی. لە هەمان کاتدا، بەهۆی خەباتی سیاسیی کورد و پێگەی پەراوێزخراوی کوردستانەوە، ڕووبەڕووی فشار و جیاکاریی زیاتر دەبنەوە.

سەرەڕای ئەم بەربەستە تایبەتانە، زۆر ئەزموونی هاوبەش لە نێوان ژنانی کورد و ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا هەیە. هەموو ئەم ژنانە، بێ گوێدانە نەتەوە و کولتوور، ڕووبەڕووی کێشە هاوبەشەکانی وەک حیجابی زۆرەملێ، جیاکاریی ڕەگەزی و نەبوونی ئازادییە کەسییەکان دەبنەوە. ئەم خەباتە هاوبەشانە وای کرد ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان لەژێر دروشمی «Jin, Jiyan, Azadi» یەکبگرن و بیکەنە هێمای هاوپشتی لە خەباتی بەکۆمەڵیان بۆ مافەکانی ژنان. ئەمڕۆ دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا دەنگی ژنانی کورد نییە، بەڵکوو بووەتە بانگەوازێکی هاوبەش بۆ ئازادی، یەکسانی و شکۆمەندی بۆ هەموو ژنانی ئێران. ئەم دروشمە سنوورە نەتەوەیی و جوگرافییەکانی بڕیوە و ئیلهامبەخشی بزووتنەوە فراوانەکانی ئازادیخوازی بووە.

بەربەستەکانی بەردەم بەشدارییکردن لە شۆڕشی ژینادا

سەرەڕای ئامادەیی چالاکانە و کاریگەریان لە فەزا کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، ژنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی جیددی بوونەتەوە. دەکرێت ئەم بەربەستانە لە چەند بوارێکی سەرەکیدا کۆبکرێنەوە:

یەکەم، سەرکوتکاریی حکوومی و توندوتیژی: فشارە ئەمنییەکان بەربەستێکی گەورە بوون. ئەو ژنانەی لە چالاکییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەشداربوون، زۆر جار ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن، هەڕەشەی بەردەوام، بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییەکان و تەنانەت ئازاری جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

دووەم، فشارە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان: نیگەرانی لە ناوبانگی خێزان، ترسی دەستگیرکردن یان زیانگەیشتن لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، و دیدگا نەرێنییەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بەو ژنانەی لە نەریتەکان لادەدەن، وای کردووە هەندێک ژن لە بەشداریی چالاکانە پاشەکشە بکەن.

سێیەم، بەربەستە یاسایی و ئەمنییەکان: زۆرێک لە چالاکییەکانی پێوەست بە مافەکانی ژنان و یەکسانیی ڕەگەزی بە تاوان دەناسرێن، ئەمەش توانای ژنان بۆ دەنگ هەڵبڕین یان خۆڕێکخستن سنووردار دەکات.

چوارەم، نەریتە باوکسالارییەکان: ئەم نەریتانە کە لە قووڵایی کولتووردا ڕەگیان کوتاوە، نەک تەنیا ئامادەیی ژنان لە فەزای گشتیدا سنووردار دەکەن، بەڵکوو دیدگای خێزان و کۆمەڵگەش بە جۆرێک دادەڕێژن کە ڕێگر بێت لە گەشەی کەسیی ژنان.

بەربەستە تاکەکەسی و بەکۆمەڵەکان

زۆرێک لە ژنان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی خێزانی یان بێ متمانەیی بەرامبەر بە گروپە سیاسییەکان، نەیانتوانی بەشدارییەکی چالاکانە بکەن. لەو حاڵەتانەشدا کە خێزانەکان پاڵپشتی کچەکانیان بوون، نیگەرانییە جیددییەکان سەبارەت بە سەلامەتی و داهاتوویان، پاڵپشتییەکەیانی سنووردار دەکرد. ئەم ترسانە زیاتر پێوەست بوون بە نائارامییە گشتییەکان و لێکەوتە درێژخایەنەکان لەسەر خوێندن یان پیشەی کچان.

ڕەخنەی ناوخۆیی لە بزووتنەوەکە

لە کاتێکدا دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بووەتە ناسنامەی سەرەکیی بزووتنەوەکە، بەڵام هێشتا وەک چەمکێکی پراکتیکی لە ناو کولتووری گشتی یان لای پارتە سیاسییەکاندا بە قووڵی ڕەگی دانەکوتاوە. زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان و چالاکوانان هێشتا زیاتر جەخت لەسەر پرسە نەتەوەیی یان نیشتمانییەکان دەکەنەوە و زۆر جار مافەکانی ژنان پەراوێز دەخەن.

ئەم پشتگوێخستنە لە کاتی ڕاپەڕینەکانی ئەمدواییەدا بەدی دەکرا، کاتێک هەندێک گروپی نەتەوەیی کورد دروشمی وەک «کێشەی کورد حیجاب نییە»یان بەرز دەکردەوە، کە ئەمە بە کەم تەماشاکردنی گرنگیی پرسە ڕەگەزییەکانی وەک حیجابی زۆرەملێ بوو. پێویستە لە یادمان بێت کە کوردستان کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە و بەشێکی زۆری دانیشتووان هێشتا خاوەن دیدگای نەریتی و ئایینین، کە ئەمەش زەمینە بۆ بەردەوامیی سنووردارکردنی ژنان خۆش دەکات.

بۆیە، هەتا «ژن، ژیان، ئازادی» نەبێتە گوتارێکی زاڵی گشتی و پارتە سیاسییەکان وەک بەشێکی بنەڕەتی لە داواکارییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان مامەڵە لەگەڵ پرسی ژناندا نەکەن، ئازادی و یەکسانیی ڕاستەقینە لە کوردستاندا بەدی نایەت.

دەرەنجام

دۆخی ژنان لە کوردستان نیشانی دەدات کە ئەوان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک بەربەستی ئابووری، پەروەردەیی، کولتووری، سیاسی و ناسنامەیی دەبنەوە. کەچی، ڕۆڵی چالاک و پێشەنگی ئەوان لە شۆڕشی ژینادا سەلماندی کە سەرەڕای ئەم گوشارانە، ئەوان بوونەتە هێزێکی گۆڕانکار و ئیلهامبەخش.

ئامادەیی ئەوان نەک تەنیا دەرەنجامی ساڵانێک خەباتە بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەڵکوو بەڵگەی پێویستیی بەپەلەیە بۆ چاکسازیی قووڵی کولتووری و پێکهاتەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەگەرچی ڕێگەی گەیشتن بە یەکسانیی تەواو هێشتا دوورە، بەڵام ئەزموونی شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە هیوای گۆڕانکاری هێشتا زیندووە. ئەمڕۆ کۆمەڵگە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە کارکردنی کولتووری و بەرزکردنەوەی هۆشیاری هەیە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان لە هەموو کایەکانی ژیاندا.