ژن و شۆڕش

نووسەر: «هانا جاری»

ژن و شۆڕش؛ تێپەڕاندنی کلیشە پیاوسالارییەکان بە ڕوانگەی زانستی پەرەسەندنی مرۆیی و نۆرۆسایێنس بە جەخت خستنە سەر ئەزموونی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ماوەیە لەمەو پێش ئەم نووسینەی ژێرەوەم بە ڕێکەوت لە سۆشیاڵ میدیای ئێکسدا بینی:

«من دژی ئەوە نیم ئافرەت چەکی پێ نەبێ، بە پێچەوانەوە نە تەنیا ئافرەت، منداڵی ٥ ساڵەش دەبێ چەکی پێ بێ بۆ بەرگری. بەس بۆ شەڕ و هێرش پیاو باشترە بیکا، نەک ژن و ئافرەت. ژن لەبەر هۆڕمۆنی Estrogen هەستی ناسک و عاتفییە و باشترە زیاتر لە بەرەکانی پشتیوانی لە شەڕدا بەشداری بکا. پاشان ئێمەی کورد غیرەتمان ئەوە قەبوڵ ناکا ناموسمان وەبن دەستی دوژمن کەوێ.»

هاوکاتیش ڕووداوەکانی ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین کە لە جەرگەی شەڕ و قەیرانەکاندا، کۆمەڵگەی پیاوسالار چۆن هەوڵ دەدەن ژنان بخەنە دواوە و هێزەکانیان نەبینن.

ئەمە تەنیا یەکێکە لەو نووسینە و ئەکتانە لە سۆشیاڵ میدیا بۆ پەراوێز خستن و نەدیتنی هەوڵی ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. زۆرێک لە مەلایانی ئایینیش لەژێر چەمکی ئیسلامی سیاسی زۆر جار هەوڵیان داوە ژنان بخەنە پەراوێزەوە و توانایییەکانی ژنان ئینکار بکەن. لە دونیای ئەمڕۆشدا چون سەرچاوە زۆرە لە بەردەستدا، هەوڵ دەدەن ڕواڵەتێکی خێرخوازانەی پێ بدەن. سەرەتا لێرەدا بە زمانێکی زانستی بە ڕوانگەیەکی پەرەسەندنی مرۆیی و نۆرۆسایێنسەوە تەنیا ئەم نووسینە وەک نموونەیە بە نوێنەرایەتی ئەو بیرۆکە دژە ژنانە دەگرینە بەر ڕەخنە کە بیسەلمێنین ئەم گوتانە سەبارەت بە توانایییەکانی ژنان لە چەواشەکاریی هیچی زیاتر نین.

ئەو نووسینەی سەرەوە:

  • هۆرمۆنی ئیسترۆجین بە کار دەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی توانای بڕیاردان. ئەمە هەڵەیەکی زانستییە. توێژینەوە نوێیەکانی دەری دەخەن کە مێشکی مرۆڤ لە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی سەختدا زۆر بەهێزە. لە کاتی شەڕ و فشاردا، تەنیا هۆرمۆنە جنسییەکان کار ناکەن، بەڵکوو سیستەمی «Amigdala و Prefrontal Cortex»یش کار بۆ مانەوە و بڕیاردانی خێرا دەکەن، کە لە ڕەگەزەکاندا هاوشێوەن. ئیسترۆجین تەنیا هۆرمۆنی سۆز نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە بەهێزکردنی یادەوەری و توانای تێبینی کردنی وردەکارییەکانەوە هەیە، کە ئەمانە خەسڵەتی زۆر گرنگی بڕیاردانن.
  • وا وێنا دەکات کە «پیاو بۆ هێرش و ژن بۆ پشتیوانی» یاسایەکی سروشتییە، لە کاتێکدا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ژنانی شەڕکەر و پلاندەری هێرشمان کەم نەبووە.
  • لە یەک ڕستەدا ژن لەگەڵ منداڵی ٥ ساڵە هاوتا دەکات. ئەمە هەوڵێکی چەوتە بۆ وابەستە نیشاندانی ژن بۆ لەژێر سەرپەرشت بوونی بەردەوام. ئەمە وا دەکات کۆمەڵگە وەک بوونەوەرێک سەیری ژن بکات کە هەمیشە پێویستی بە سەرپەرشت هەیە.
  • چەمکی نامووس وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵکردنی جووڵەی ژن بە کار دەهێنێت. بە ناوی غیرەتەوە، ئازادی و سەربەخۆیی ژن لە کایەی گشتیدا سنووردار دەکەن.
  • سۆز وەک خاڵی لاوازی ژن دەبینێت، لە کاتێکدا لە سیاسەتی مۆدێرن و جیۆپۆلیتیکدا، ژیریی سۆزداری (EQ) و توانای دیپلۆماسی و تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکان، وەک خاڵی بەهێزی ژنان بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بە کەمترین زیان دەبینرێت.

ئەم لێکدانەوەیە هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی باڵادەستیی پیاو کە ژن تەنیا وەک کارگەی بەرهەمهێنانی منداڵ و سۆز و پیاویش وەک پارێزەر دەهێڵێتەوە. ئەم ڕوانگەیە نەک هەر دژە ژنە، بەڵکوو سووکایەتییە بە عەقڵی مرۆڤی سەردەمیش.

بە بڕوای من و بەپێی داتا مێژووییەکان، زۆربەی ململانێکانی سەر خاک لە بنەڕەتدا کێبڕکێی پیاوانە بوون بۆ دەسەڵات، نەک شەڕی ژنان. ژنان هەمیشە بەهۆی بڕیاری هەڵەی پیاوانەوە تێوەگلاون. ئاماژەکردن بەم ڕاستییە بۆ مەبەستی خەسارناسی، بەو مانایە نییە کە ژن توانای تیۆریی جیۆپۆلیتیکی نییە یان نابێت لەو کایەیەدا بەشدار بێت. بەشداری ژنان لە شۆڕش و شەڕەکاندا جیا لەوەی هێزێکی مرۆیین، بەستێن سازکردن بۆ دێمۆکراسییەکی ڕاستەقینە لە داهاتوودایە؛ جێی خۆیە ئاماژەی پێ بکرێت کە ئەم بەربەستانە بۆ بەشداری ژنان لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەبینین.

بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری ئێرانیشدا کە زنجیرەیەک ڕاپەڕین ڕووی داوە و ڕەنگدانەوەی ئازادیخوازانەمان بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا بە چەمکی «ژن، ژیان، ئازادی» بینییەوە؛ دەبێت زۆر زۆرتر هەوڵ بدەین کە کۆمەڵگەی پیاوسالار، دوای سەرکەوتنی سیاسی، ژنان نەخەنە پەراوێزەوە. دەبێت لە هەموو بزووتنەوە کوردستانییەکاندا لە چالاکبوون و بەشداربوونی ژنان داکۆکی بکەین.

گرنگە جیا لە گوتەی سۆزدارانە و پۆپۆلیستییەکان لە قەیرانەکاندا، وەک «مافی مرۆڤ درۆ بوو!» و «دەبێ سیاسەت فێر بین!» و «ئێمە بە ژن، ژیان. ئازادی ڕزگار نابین»، بزانین کە یەکێک لە ڕۆڵە هەرە گرنگەکان لەم ڕۆژانە پارێزەری لە بەشداربوونی ژنانە چ لە شۆڕشی سنووری ئێران و چ لە دۆخی ئێستای ڕۆژاڤای کوردستانە.

لێرەدا بۆ ئەوەی گرنگی بابەتەکە زۆرتر بخەینە ڕوو چەند نموونەی مێژوویی لە پەراوێزخستنی ژنان لە شۆڕشەکانی پێشووی دونیادا دەهێنینەوە کە تێ بگەین ئەم مژارە چەند مەترسییەکی گەورەیە و پێویستە گرنگی پێ بدرێت.

بێبەش کردنی ژنان لە شۆڕشەکاندا

لە مێژوودا کەم نین ئەو هەوڵانە بە یارمەتی و بەشداریی زۆری ژنان بە ئاکام گەیشتن بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکە ژنان خرانەوە ناو ماڵ و شێوەیەکی خۆماڵی لە دیکتاتۆرییەکی دیکە ساز بوو کە لێرەدا باسی هەندێکیان دەکەین.

  • شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران: ژنانی ئێرانی بە هەموو چین و توێژەکانەوە ڕژانە سەر شەقام بۆ ڕووخانی پاشایەتی. بەڵام کەمتر لە مانگێک دوای سەرکەوتن، سیستەمە نوێیەکە یاسای حیجابی زۆرەملێی دەرکرد و ژنانی لە زۆرێک لە پۆستە دادوەری و سیاسییەکان دوور خستەوە.
  • شۆڕشی ڕزگاریخوازی جەزائیر: ژنانی جەزائیری ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە شەڕی چریکی دژی فەرەنسا. دوای سەربەخۆیی، عەقڵیەتی پیاوسالاری نەتەوەیی و ئایینی، ژنانی گەڕاندەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی یاسای خێزان کە مافە سەرەتایییەکانی لێ زەوت دەکردن.
  • شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩): ژنانی پاریس یەکەم کەس بوون ڕێپێوانیان بەرەو کۆشکی ڤێرسای کرد. بەڵام کاتێک کۆماری نوێ دامەزرا، نەک هەر مافی دەنگدانیان پێ نەدرا، بەڵکوو یانە سیاسییەکانی ژنانیش داخران و چالاکوانانی وەک ئۆلیمپ دی گوژ لە سێدارە دران.
  • جەنگی جیهانی دووەم (ئەمریکا و بەریتانیا): بەهۆی چۆڵبوونی کارگەکان لە پیاوان، حکومەتەکان ژنانیان هان دا بۆ کارکردن لە پیشەسازییە قورسەکاندا. هەر کە جەنگ تەواو بوو، کەمپینێکی میدیایی بەرفراوان دەستی پێ کرد بۆ ئەوەی ژنان قەناعەت پێ بهێنن بگەڕێنەوە ناو ماڵ تا ئەو پیاوانە کە لە شەڕ گەڕاونەتەوە کارەکانیان وەربگرنەوە.
  • بەهاری عەرەبی (توونس و میسر - ٢٠١١): لە مەیدانی تەحریر، ژنان پارێزەر و هاواری سەرەکی گۆڕانکاری بوون. بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان، هێزە کۆنەپارێزەکان هەوڵیان دا دەستکەوتە مەدەنییەکانی ژنان پاشەکشە پێ بکەن و توندوتیژی دژی ژنان لە کایەی گشتیدا زیادی کرد.

پەراوێز خستنی ژنان لە شۆڕشە کوردییەکاندا

بێینەوە سەر مێژووی سیاسیی کورد، کە دیاردەی پەراوێز خستنی ژنان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو دەبینرێت. کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، هەمیشە لە دۆخی «تەنگانە» و «شۆڕش»دا بووە، ئەمەش وای کردووە هەمیشە پێویستی بە توانای ژنان هەبێت.

لە شۆڕشی ئەیلوولدا (١٩٦١ - ١٩٧٥) ژنان ڕۆڵی باڵایان هەبوو لە پشتگیریی لۆجستی، گواستنەوەی نامەی نهێنی، حەشاردانی پێشمەرگە و دابینکردنی خۆراک. لەم قۆناخەدا، ژن وەک سەرکردەی شۆڕش نەدەبینرا. دوای ١٩٧٥، هیچ پێگەیەکی دیاری سیاسی بۆ ژنان نەما و لەناو حیزبەکاندا پشتگوێ خران.

هەروەها لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشووری کوردستان، ژنان لە ناو شارەکاندا ڕاپەڕینیان بەرپا کرد. دوای دامەزرانی حکومەت و پەرلەمان لە ١٩٩٢، بەشی ژنان لە دەسەڵاتدا زۆر کەم بوو. تەنانەت یاسا کە مافی ژنان دەپارێزێت ساڵانێکی زۆر دوای ڕاپەڕین و لەژێر فشاری ڕێکخراوەکانی ژناندا هەموار کرایەوە، نەک بە ویستی خودی حیزبە سیاسییەکان.

لە شەڕی دژی داعش، جیهان بە قارەمانێتیی ژنانی کورد (YPJ) لە ڕۆژاڤادا سەرسام بوو . لە کاتێکدا لە ڕۆژاڤا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەیە، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هێشتا هەوڵ دەدرێت لە دانوستانە سیاسییەکاندا ژنان پەراوێز بخرێن و تەنیا وەک «شەڕکەری ئازا» نیشان بدرێن، نەک وەک دیپلۆماتکار و داڕێژەری سیاسەت.

لە مێژووی کورددا وەک زۆر مێژووی دیکەش کە نموونەمان لێ هێنایەوە هەمیشە پرسی نەتەوەیی خراوەتە پێش پرسی ئازادیی ژن. حیزبەکان بە ژنیان گوتووە: «جارێک با نیشتمان ڕزگار بکەین، دوایی مافەکانی ئێوە جێبەجێ دەکەین». بەڵام ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەو نیشتمانەی بەبێ ئازادیی ژن ڕزگار دەبێت، دواتر دەبێتە نیشتمانێک بۆ دیکتاتۆریی ناوخۆیی و چەوسانەوەی ژن تێیدا بەردەوام دەبێت. بۆیە ئەگەر لە قەیرانەکاندا پیاوان و بەداخەوە هەندێک لە ژنان دەڵێن ئێمە بە «ژن، ژیان، ئازادی» ڕزگار نابین و ئەوە دۆڕانە بۆ ئێمە. یان پیاوان حازر نین کارێکی سادە وەک جنێوی سێکسیستی دان (کە پێشێلکردنی مافی ژنانە) بنێنە لاوە، وەک هێڵێکی سوور بەرچاوی بگرن و بزانن خاکیش ئازاد بوو ئەو خاکە بۆ ژن ئەمن نییە. ئێستاکە پرسی ڕۆژاڤای کوردستان بۆتەوە سەردێری هەواڵەکان چون مەترسی سڕینەوەی لە لایەن داگیرکەران زۆر زۆرترە لەسەری گرنگە لەسەر ئەوە قسە بکرێت بۆ چی پاراستنی ڕۆژاوا تەنیا یارمەتیدەر لە پاراستنی پرسی کورد و کوردستان نییە بەڵکوو پارێزەری لە مافی ژن و ئاسایشی ناوچەکەیە لە دەسەڵاتی توندڕەوی ئایینی. گرنگە دەستکەوتەکانی لەم چەند ساڵەدا بە بیری خۆمان بهێنینەوە کە تێ بگەین ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدا تەنیا پرسی شەڕ لەسەر خاکی کورد نییە بەڵکوو پاراستنی هەندێک چەمکی مرۆڤدۆستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیشە.

ئەزموونەکانی ڕۆژاڤا

لەم ڕۆژانەدا کە بێهیوایی زاڵ بووەتەوە بەسەر کوردستاندا، زۆر دەبینین کە دەڵێن ئەو دروشمانە هەمووی درۆن و کورد دەبێت ڕەگەزپەرست بێت. بەڵام دەبێت بزانین ئەوەی ڕووی داوە، تەنیا ئەزموونێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو گۆڕینی چەمکەکان بوو. ژنان بوونە هێزێکی کارا نەک تەنیا لە مەیدانی جەنگدا، بەڵکوو لە بەڕێوەبردن و بڕیاردانی سیاسیشدا. ئەم مۆدێلی هاوسەرۆکایەتییە، ڕەگێکی داکوتاوە کە بە پاشەکشەی سەربازی لەناو ناچێت. ئەگەر لە ڕووی جوگرافییەوە گوشاریش هەبێت، بەڵام ئەو نەوەیەی کە لەژێر سایەی ئەم سیستەمەدا گەورە بووە، چیتر ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. ئەمە دەبێتە میراتێکی فکری بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها ڕۆژاڤا توانیی سەرنجی فەیلەسووف، بیرمەند و ئازادیخوازانی جیهان ڕابکێشێت. ئەمە وای کرد کە پرسی کورد لە چوارچێوەی قوربانیبوونەوە بگۆڕێت بۆ خاوەن بوون. لە ناوچەیەکدا کە ساڵانێکی زۆر بەدەست دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینییەوە دەیناڵاند، دروستکردنی چوارچێوەیەک کە کورد، عەرەب، سریانی و پێکهاتەکانی دیکە تێیدا بەشدار بن، دەستکەوتێکی فکریی گەورەیە.

خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە خوێندن بە زمانی دایک (کوردی، سریانی، عەرەبی) لە ڕۆژاڤادا بوو بە فەرمی. سەدان منداڵ و گەنج فێری خوێندن و نووسین بە زمانی خۆیان بوون. ئەکادیمیای تایبەت بە زانستە مرۆیییەکان و ژنۆلۆژی داڕێژران. لە کاتێکدا داعش و گرووپە توندڕەوەکان سەرقاڵی تێکدانی شوێنەوارە مێژووییەکان بوون، لە ڕۆژاڤا هەوڵێکی زۆر درا بۆ پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری. بووژانەوەی مۆسیقا، هەڵپەڕکێ، و فۆلکلۆری نەتەوە جیاوازەکان وەک بەشێک لە ناسنامەی ناوچەکە ناسێنران.

دەستکەوتەکان تەنیا دیوار و سنوور نین، بەڵکوو ئەو متمانەبەخۆبوونە نەتەوەیی و مرۆیییەیە کە لای تاکی ئەو ناوچەیە و کوردەکانی تر بەگشتی دروست بووە. هەر ئەوەی وێنەی ژنی گەریلا دادەنرا و لە کاتی شۆڕشی ژینا بەرامبەر بە فارس دەگوترا دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» هی ئێمەیە یانی متمانەبەخۆیی. هەموو ئەمانە دەبێت ببینرێتەوە و بێهیوایی بڵاو نەکرێتەوە.

من بڕوام وایە کە ئەگەر ڕۆژێک وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان چەمکە ئازادیخوازانەکانیان خستە ژیانیان، نووسییانەوە و بڵاویان کردەوە، ئەمجارە ڕۆژاڤای کوردستان ئەو مانیفێستانە دەژیێتەوە و دیسان بە بیری دونیای دەهێنێتەوە. ڕۆژاڤای کوردستان دەبێتە قیبلەیەکی ئازادیخوازی. و ئێمەی ژنانی کورد بەتایبەت دەبێت زۆر داکۆکی لە خەباتی ئەم بەشەی کوردستان بکەین چون گوتاری «ژن، ژیان، ئازادی» لەم بەشەوە سنوورەکانی دونیای تێ پەڕاند.