نووسەر: هانا زانست
بانگەشەی ئەوەی کە فێمینیزم لەلایەن پیاوانەوە بۆ فریودانی ژنان دروست کراوە، نموونەیەکە لە «تیۆریی پیلانگێڕی» و هەروەها «چەواشەکاریی straw man». لەم جۆرە چەواشەکارییەدا، لەبری ڕەخنەگرتنی ڕاستەقینە لە فێمینیزم، وێنەیەکی خراپکراو و ناڕاستی لێ پێشکەش دەکرێت تاکوو بە ئاسانی بتوانرێت ڕەت بکرێتەوە. ئەم بانگەشەیە نە تەنیا مێژوو و ڕاستییەکانی بزووتنەوەی فێمینیزم پشتگوێ دەخات، بەڵکوو بە سادەکردنەوەی بابەتەکە و ناساندنی وەک پیلانگێڕییەک، لە پشکنینی سەرچاوە سەرەکییەکانی دوور دەکەوێتەوە.
شەپۆلەکانی فێمینیزم لە مێژوودا بە کورتی
- شەپۆلی یەکەم: گرنگیدان بە مافی دەنگدان و مافە یاسایییەکانی ژنان، وەک خاوەندارێتی و پەروەردە.
- شەپۆلی دووەم: گرنگیدان بە یەکسانی لە شوێنی کارکردندا، کۆنترۆڵکردنی جەستە، پەروەردە و خەباتکردن لە دژی توندوتیژیی ڕەگەزی.
- شەپۆلی سێیەم: ئاوڕدانەوە لە جیاوازییە تاکەکەسییەکانی ژنان، ناسنامە تێکەڵەکان و ڕەخنەگرتن لە گشتگیرییەکەی شەپۆلەکانی پێشوو.
- شەپۆلی چوارەم: جەختکردن لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئازاری سێکسی و توندوتیژیی ئۆنلاین.
بۆ چی ئەم جۆرە ئەدەبیاتە یارمەتی بەردەوامی پیاوسالاری دەدات؟
بەکارهێنانی ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، واتە ناساندنی بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان بە پیلانگێڕی یان فریودان، بەشێکە لە هەمان پێکهاتە پیاوسالارانەیە کە فێمینیزم لە دژی خەبات دەکات. ئەم زمانە و گێڕانەوانە دەبنە هۆی ئەوەی داواکارییەکانی ژنان بۆ یەکسانی و دادپەروەری بێ بنەما نیشان بدرێن و بە لاڕێدا ببرێن. لە ڕاستیدا، زمان و وتووێژی پیاوسالارانە نە تەنیا ڕەنگدانەوەی هێزی باڵادەستە، بەڵکوو دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە و بەهێزتری دەکات. کاتێک خەباتەکانی ژنان وەک فریو دەگەڕێنەوە، لە ڕاستیدا یارمەتیی بەردەوامی پێکهاتە جیاکەرانە و نابەرامبەرەکان دەدەن و ڕێگر دەبن لە گفتوگۆی ڕاستەقینە دەربارەی مافەکان و پێگەی ژنان.
لە ئەنجامدا، ڕەخنەگرتن لە فێمینیزم بەم جۆرە ئیستدلالانە نە تەنیا نازانستی و نادادپەروەرانەیە، بەڵکوو یاریدەدەری مانەوەی هەمان سیستەمی پیاوسالارییە کە فێمینیزم بۆ گۆڕینی بووە.