نووسەر: هانا زانست
پرسی ژن و فێمینیزم نابێت ببێتە کەرەستەی دەستی خاوەن هێزەکان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک بەتایبەت نیوەی کۆمەڵگە واتە ژنان. لەو ناوچانە کە ئایدیۆلۆژییە پانتاییخوازەکان زاڵن، وەک ڕۆژهەڵاتی ناوین گەندەڵی لە نێو سیستەمدا زۆرە. لەم سیستەمەدا ئەگەر چەمکە بەرابەریخوازەکان ببنە کەرەستەی دەستی دەسەڵات، متمانەی خەڵکیش کەم کەم بەم چەمکانە لە ناو دەچێت. بیرۆکە دادپەروەرانەکان دەبێت وەک بیرۆکەیەکی سەربەخۆ و پتەو لەنێو ژیانی خەڵکدا ڕیشە دابکوتن. نەک ئەوەی کە ببنە کەرەستەی دەستی ئایدیۆلۆژییە زاڵەکان بۆ ئەوەی کە لە کاتی قەیرانەکاندا بۆ زیاترکردنی تەمەنیان خۆیانی پێ بڕازێننەوە یان بۆ لەناو بردنی متمانەی خەڵک بە چەمکە بەرابەریخوازەکان.
چونکە بوون بە کەرەستەی ئەم ئایدیۆلۆژییانە کە لە ناوەڕۆکی خۆیاندا پەرەپێدەری گەندەڵی و بەرتەریخوازی دوای ماوەیەک دەبێتە سازبوونی بێ متمانەیی خەڵک بەرامبەر بە چەمکە دادپەروەرانەکان کە لە دڵی ڕەنجی گرووپێک لە خەڵک خولقاوە.
نموونەی ئەم دۆخە لە زۆر شوێن و لە کوردستانیشدا دەبینین. هەست بە بۆشاییی نەبوونی بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنان وەک گرووپی بچووک بچووک بۆ چالاکی دەکرێت. بە حیزبیکردنی پرسی ژنان لە پاڵ باشییەکانیدا ئەو خراپییەشی هەیە بۆشایی بۆ بوونی بزووتنەوەی سەربەخۆ دەخاتە نێو کۆمەڵگە.
خاوەندارێتی لە پرسی ژن دەبێت بە دەستی خودی ژنانەوە بێت نەک پیاوان. ئەم پرسە لە دڵی ئێش و ئازاری ژنانەوە خولقاوە و دەبێت لە ڕوانگە و قەڵەمی خودی خاوەن پرسەکە واتە ژنان بنووسرێتەوە و لە کاتی خۆیدا بە پەروەردە و دانانی یاسای دروست، کێشەکان وردە وردە چارەسەر بکرێن.
ڕۆڵی پیاوان لە پرسی ژندا تەنیا دەبێت وەک پیاچوونەوەیەکی بە ئینسافەوە بێت بە جێگە و پێگەی خۆیان لەو سیستەمە، نەک شیعر بە باڵای ژنەوە گوتن و خۆ بە خاوەن زانینی پرسی ژن. بەتایبەت لە باسی کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دەبێت ڕۆڵی خۆیان بەرچاو بگرن و بەردەنگیان هاوڕەگەزی خۆیان واتە بکەری ئەو توندوتیژییانە بێت.