سەندرۆمی پێش سووڕی مانگانە (PMS) بریتییە لە گۆڕانکارییەکانی باری دەروونی و هەست و سۆز و تەندروستی جەستەیی و ڕەفتار کە لە نێوان هێلکەدانان و دەستپێکردنی پۆن (کەوتنە سەر خوێن) لە سووڕی مانگانەدا ڕوو دەدات. بە گشتی، تا چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی پۆن دەمێنێتەوە و دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی ژنان هەبێت.
PMS کێشەیەکی زۆر باوە. نزیکەی ٤٨٪ی ئەو ژنانەی کە لە تەمەنی زاوزێدان تووشی دەبن و بۆ نزیکەی ٢٠٪یان نیشانەکانی ئەوەندە توندن کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.
بە پێچەوانەی بیروڕای هەندێک کەس، PMS بە ڕاستی حاڵەتە؛ حاڵەتێکە کە دەتوانێت ژیانی ڕۆژانە تێک بدات و ببێتە هۆی ناڕەحەتیی جەستەیی و پەژارەی ڕۆحی.
نیشانەکانی PMS
ئەگەرچی نیشانەکانی PMS زۆرتر سووک یان مامناوەندن و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ژیانی ڕۆژانە نییە، بەڵام دەشتوانن ئەوەندە سەخت ببن کە کاریگەریی زۆریان لەسەر چالاکیی ڕۆژانە و تەندروستیی گشتی هەبێت.
نیشانەکانی لە سۆز و هەڵسوکەوتدا
لەوانەیە ئەمانە ببن:
- دڵەڕاوکێ، نائارامی
- گرژی و تووڕەبوونی نائاسایی
- گۆڕانکاری لە ویستی خواردندا
- گۆڕانکاری لە شێوازی خەوتندا وەک ماندوویەتی و شێوانی خەوتن
- خەمباری و بێتاقەتی، هەندێک جاریش دڵپڕبوون و گریانی لەناکاو و بێ کۆنترۆڵ
- گۆڕانی خێرا لە باری دەروونی و سۆزی کاتی
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
- زەحمەتبوونەوەی سەرنجدان یان بیرهێنانەوە
نیشانە جەستەیییەکان
لەگەڵ PMS، ڕەنگە هەست بە هەندێک لەم نیشانانە بکرێت:
- ئاوسانی (ماسینی) سک
- جەمامی
- ئازار و ئاوسانی مەمکەکان
- زیپکە
- قەبزی
- سکچوون
- سەرئێشە
- ئازاری پشت و ماسولکەکان
- هەستیاری نائاسایی بە ڕووناکی یان دەنگ
- سستی و سڕیی نائاسایی
کەی یارمەتی لە پزیشک وەربگرین؟
زۆربەی ئەو کەسانەی کە سووڕی مانگانەیان هەیە لانی کەم چەند نیشانەیەکی PMSیان دەبێت، بەڵام مەرج نییە ئەم نیشانانە هەموو مانگێک دەربکەون یان کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانە هەبێت.
ئەگەر نیشانەکانی PMS ئەوەندە سەخت بوون کە هەموو مانگێک ڕۆتینی ئاسایییان تێک دایت، باشترە داوای یارمەتی لە پزیشکێک بکەیت. پزیشکی شارەزا دەتوانێت PMS بناسێتەوە و یارمەتیت بدات بۆ چارەسەرێک، وەک:
- کۆنترۆڵی هۆرمۆنەکانی زاوزێ
- تەواوکەری خۆراک، وەک کالسیۆم، مەگنیزیۆم، یان ڤیتامین B6
- میفینامیک ئەسید
هێورکردنی نیشانەکانی PMS
- شلەمەنی زۆر بخۆرەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی سک.
- خۆراکی سەلامەت بخۆ کە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی زۆری تێدا بێت.
- خواردنی شەکر و خوێ و قاوە و کحول کەم بکەرەوە، بە تایبەت ئەگەر هەستیار بیت بە کاریگەرییەکانیان.
- هەوڵ بدە ڤیتامین Dی زیاتر وەربگریت لە ڕێگەی هەتاو، خۆراک، یان تەواوکەرەکانەوە.
- هەوڵ بدە هەموو شەوێک ٧ بۆ ٩ کاتژمێر بخەویت بۆ ئەوەی لە ڕۆژدا کەمتر هەست بە ماندوویەتی بکەیت و تەندروستیی گشتیشت باشتر ببێت.
- هەوڵ بدە ڕۆژانە لانی کەم نیو کاتژمێر چالاکیی جەستەیی ئەنجام بدەیت، ئەگەر توانیت. وەرزشکردن نەک تەنیا یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی سک و جەمامی، بەڵکوو دەتوانێت دڵەڕاوکێ و نیشانەکانی خەمۆکیش کەم بکاتەوە.
- ڕۆژانە کاتێک بۆ چاودێریکردنی خۆت تەرخان بکە، کە لەوانەیە وەرزشکردن، ئیسراحەتکردن، کات بۆ خولیاکان، یان کات بۆ پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە خۆ بگرێت.
سەرچاوە: HealthLine.com