لێرەدا باسی چەند نموونە لە خۆپیشاندانەکانی ژنان (هەر چەند کە زیاتریش بووە) لە سەرتاسەری جیهان دەکەین و ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر سیاسەت هەیانبووە.

ڕێپێوانی ژنان لە ڤێرسای لە ٥ی ئۆکتۆبری ۱۷٨۹دا

بۆچی ڕوویدا؟

لە ساڵی ۱۷٨۹دا گرژییەکان لە فەڕانسەدا زۆر بوون و هەڵچوونە سیاسییەکانی شۆڕشی فەڕانسە دەنگی بەرزتر بووبوویەوە و؟لە هاوینی ئەو ساڵەدا خۆپیشاندەران هێرشیان کردبوویە سەر باستیل و هەر لەو کاتەدا بە هۆی خراپی کۆکردنەوەی بەرهەم دابینکردنی دانەوێڵە کەم بوو و هەر بەو هۆیەوە نرخی نانیش بەرز بوویەوە. لە ناڕەزایەتییەکاندا ژمارەیەک ژنانی پاریسی کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و پاشان لە پێنجی ئۆکتوبردا بەرەو ڤێرسای ڕێپێوانیان کرد. 

ئاکامەکەی بوو بە چی؟

هەندێک لە پیاوان لە حاڵێکدا بەرەو شار دەچوون پەیوەست بوون بە ژنان و دەوترێت ژمارەی جەماوەرەکە بە هەزاران کەس دەگەیشت. لە کۆتاییدا هەندێک لە ئەندامانی ئەو جەماوەرە بە توندوتیژی هێرشیان کردە سەر ئاپارتمانه شاهانەییەکان تا خواستەکان خۆیان بڵێن. دوایی ئەو ڕووداوە پاشا بڕیاری دا بۆ ئەوەی لە خەڵک نزیکتر بێتەوە بنەماڵەی خۆی گواستەوە بۆ پاریس و ئیدی نەگەڕایەوە ڤێرسای.

نەمایشی مافی دەنگدانی ژنان لە واشینگتۆن دی سی لە ڕێکەوتی ۳ی مارچی ۱۹۱۳دا

Woman Suffrage Procession

بۆچی ڕووی دا‌؟

تا ساڵی ۱۹۱۳ بزووتنەوەی مافی دەنگدانی ژنان لە ئەمریکا لە ئارادا بوو. ڕێککەوتننامەی مافی ژنان لە سێنێکا فۆلس لە نیویۆرک لە بەیاننامەی هەستەکان تێیدا دەخوێنرایەوە دەیان ساڵ پێشتر لە ساڵی ۱٨٤٨ ڕووی دا. لەو ساڵانەدا هەندێک بزووتنەوە هەبووە بۆ مافی دەنگدانی ژنان. ژمارەیەک نمایشی مافی دەنگدان لە سەرەتای ساڵانی ۱۹۰۰دا وەک یەکەم خۆپیشاندانی جەماوەری بزووتنەوەی مافی دەنگدان ڕووی دا. بەپێی وتەی کتێبخانەی کۆنگرێس خۆپیشاندانەکەی واشنگتۆن دی سی بۆ سەرنجڕاکێشانی زۆرتر لە ڕۆژێک پێش دەستبەکاربوونی سەرۆک وودر وێلسۆن پلانی بۆ دانرابوو. 

ئاکامەکەی بوو بە چی؟

هەزاران کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کردبوو. دوایی ڕێپێوانەکە لانیکەم سەد کەس بریندار بوون. ڕێپێوانەکە بەشێک بوو لە بزووتنەوەی ژنان بۆ مافی دەنگدان و ڕێپێوانی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا. لە نێویاندا خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە ساڵی ۱۹۱٥دا لە نیۆیۆرک کرا. دواجار لە کۆتاییدا لە ساڵی ۱۹۲۰دا مافی دەنگدان بە ژنان بەخشرا.

ڕێپێوانی ژنان لە پریتۆریا لە ۹ی ئاگۆستی ۱۹٥٦دا

بۆچی ڕووی دا؟

بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە یاساگەلێک بوو کە ئامانجی سنووردارکردنی جووڵەی خەڵکی ڕەش بوو. ۲۰ هەزار ژن لە ۹ی ئاگۆستی ۱۹٥٦ لەسەر بیناکانی یەکیەتی لە شاری پریتۆریای باشووری ئەفریقا ڕێپێوانیان کرد. کۆبوونەوەیەکی بەرچاوی ژنان و سەکردەکانیان بوو. پاشان بەماوەی سی خولەک بە بێدەنگی وەستان دواتر گۆرانییەکیان بە سەردێڕی "تۆ لە ژنێک دەدەی، لە بەردێک دەدەی" خوێندەوە. 

ئاکامەکەی بوو بە چی؟

ناڕەزایەتی دژی یاساکان پێش ڕێپێوانەکەی ژنانیش ڕووی دابوو و دوای ئەوەش بەردەوام بوو. لە نێوان ڕێپێوانەکان یەکێکیان بووە کۆمەڵکوژی. دواجار یاساکان لە ساڵی ۱۹٨٦ هەڵوەشایەوە. ئێستا ساڵڕۆژی ڕێپێوانی ژنان لە وڵاتەکەدا وەک ڕۆژی نیشتمانی ژنان بەڕێوە دەچێت. 

مانگرتنی ژنانی ئایسلەند

بۆچی ڕووی دا؟

ئایسلەند لە ساڵی ۲۰۱٦دا جارێکی دیکە لە پێشەنگی پێوەرەکانی جیاوازی جێندەری کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بوو. بەڵام لە ساڵی ۱۹۷٥دا ژنان کەمتر مووچەیان پێدەدار و نوێنەرایەتییەکی کەمیان لە حکوومەتدا هەبوو. بۆیە بڕیاریان دا مان بگرن یان وەک ئەو کاتە کە پێی دەگوترا "ڕۆژی پشوودانی ژنان". بەپێی وتەی بی بی سی بۆ ئەوەی گرنگی کارەکەی خۆیان پیشان بدەن لە ۲٤ی ئۆکتۆبرێ هەمان ساڵدا ۲٥ هەزار ژن لە شەقامەکانی ڕیکاڤیک کۆبوونەوە. 

ئاکامەکەی بوو بە چی:

ئانادیس ڕودۆلفسدۆتیر لەو کاتەدا تەمەنی ١١ ساڵ بوو.  ئەو مانگرتنەکەی بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ساڵی ٢٠٠٤ وەبیرهێنایەوە و بە "بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە" و "هاندانێک بۆ هەنگاوهەڵگرتن" ناوی برد.  ڤیگدیس فینبۆگادۆتیر دوای پێنج ساڵ بوو بە یەکەم سەرۆکی ژن لە وڵاتەکەدا، و دەڵێت ئەو ڕۆژە یارمەتی داوە بۆ هەڵبژاردن؛  هێماکانی دیکەش بەدوای خۆیاندا هات.  بەڵام جیاوازی مووچە هێشتا لە وڵاتەکەدا هەیە و هێشتا بوار بۆ باشترکردن ماوە.

ناڕەزایەتییەکانی قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە پۆڵەندا: ئۆکتۆبەری ٢٠١٦

بۆچی ڕووی دا:

لە پۆڵەندا، سیاسەتمەداران هەوڵیاندا زیاتر دەستڕاگەیشتن بە لەباربردنی منداڵ لە وڵاتەکەدا سنوودار بکەن و سزای زیندانیکردن تا پێنج ساڵیان بۆ ئەو ژنانەی کە ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجامدەدەن سەپاند. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پزیشکانەش کە هاوکاری دەکەن، هەروەها بەرپرسیارن. 

ئاکامەکەی بوو بە چی؟

هەزاران ژن کە زۆربەیان جلوبەرگی ڕەشیان لەبەردا بوو، کارەکانیان بایکوت کرد و لە ٣ی ئۆکتۆبردا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان کرد.  نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە گۆڕەپانی قەڵای وەرشۆ کۆبوونەوە و دروشمیان دەدایەوە. هەوڵەکانیان بووە هۆی ئەوەی پەرلەمان پاشەکشە بکات و بە زۆرینەی دەنگ قەدەغەکردنیان ڕەت کردەوە.

لە کۆتایی مانگەکەدا خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردەوە بە دژی پێشکەشکردنی پێشنیارێکی نوێ کە هەوڵیدا لەباربردنی منداڵ فەقەت بۆ کاتێک قەدەغە نەکرێت کە ئەگەری ئەوە کە لە ژیاندا بمێنێتەوە کەم بێت یان منداڵەکە لە حاڵەتەکانی نائاساییدا بێت. ژنانی پۆڵەند بڕیاریاندا فشارەکانیان لەسەر سنووردارکردنەکان بەردەوام بێت.  لەلایەکی دیکەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە دژی حکومەتی پۆڵەندا بەدوای خۆیدا هێنایەوە.

ناڕەزایەتی ژنانی ئەرجەنتینی دژی توندوتیژی لە ئۆکتۆبری ۲۰۱٦دا

بۆچی ڕووی دا؟ 

لە مانگی جوونی ساڵی ٢٠١٥دا ژنان لە ئەرجەنتین هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە کوشتنی چیارا پایزی ١٤ ساڵە کە چەند هەفتەیەک بوو دووگیان بوو و لەلایەن دۆستە کۆڕەکەیەوە لێیدرا بوو و گیانی لە دەست دا. خۆپیشاندەران بە دروشم و هاشتاگی #NiUnaMenos کۆبوونەوە کە بە واتای "یەکێک کەمتر نەبێت" یان ئیدی ژنان بەهۆی توندوتیژی جێندەرییەوە نەدۆڕێن.  هیندێ پۆمێرانیک، ڕۆژنامەنووسێک کە لە ڕێکخستنی ڕێپێوانەکە لە بوینس ئایرێس یارمەتیدەر بوو، بۆ ڕۆژنامەی گاردیان نووسیویەتی، لە ئەرجەنتین هەر ٣٠ کاتژمێر جارێک ژنێک بەهۆی توندوتیژی ڕەگەزییەوە دەمرێت.

لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی دواتردا، لوسیا پێرێزی ١٦ ساڵە کە لە هێرشێکی ترسناکدا مادەی هۆشبەری پێ خوراندرابوو و دەستدرێژی سێکسی کرابوویە سەر و ئەشکەنجە درابوو. لە 19ی ئۆکتۆبرێ 2016  “miércoles negro” یان چوارشەممەی ڕەش دەیان هەزار کەس لە بوینس ئایرێس و شارەکانی دەوروبەری ئەمریکای باشوور کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە مردنی پێرێز و چەندین ژنکوژی دڵتەزێنی دیکە. 

ئاکامەکەی بوو بە چی؟

دوای یەکەمین ناڕەزایەتی لە ساڵی ٢٠١٥، دادوەری دادگای باڵا "ئیلێنا هایتن" ڕایگەیاند کە دەفتەرێک بۆ تۆمارکردنی ژنکوژییەکان دادەمەزرێت.  بەپێی هەواڵێکی بی بی سی، ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی ئەرجەنتین پلانێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیاند.  بەڵام چالاکوانانیش هەوڵ دەدەن دژی ئەو کولتوورە بوەستنەوە کە سەرچاوە و بنەمای ئەو جۆرە توندوتیژییانەن.

سەرچاوە: Guardian