نووسەر: هانا زانست
توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-کولتووری، لەژێر کاریگەری چەندین هۆکاردا پێکهاتووە. زۆرێک لە پیاوان ئەم توندوتیژیانە بە هۆی دەسەڵات و یاسا سەپێنراوەکانی حکومەتە داگیرکەرەکان دەزانن و ڕۆڵی کولتووری پیاوسالاری پشتگوێ دەخەن. ئەم جۆرە تێگەیشتنە ڕێگری لە چاکسازیی بنەڕەتی دەکات، چونکە تەنیا سەرنج دەخرێتە سەر گۆڕینی یاسا نووسراوەکان، لە کاتێکدا کولتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە دامەزراندنی توندوتیژی و نایەکسانیی ڕەگەزی.
کاریگەریی کولتووری پیاوسالاری لەسەر توندوتیژی دژی ژنان
کولتووری پیاوسالاری لە کوردستاندا وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری، ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە لە شێوە پێدانی ڕەفتار و بۆچوونەکان سەبارەت بە ژنان. زۆرێک لە نەریت و سوننەتەکان، تەنانەت بەبێ پشتگیریی یاسایی، ژنان لە دۆخی ژێردەستدا دادەنێن و هێزی پیاوان جێگیر دەکەن. ئەم کولتوورانە بریتین لە چاوەڕوانیی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵە ڕەگەزییە سەپێنراوەکان و دانانی بەهای جیاواز بۆ پیاو و ژن کە لە منداڵییەوە فێر دەکرێت و لە هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەدی دەکرێت.
توندوتیژی دژی ژنان لە شێوەکانی وەک کوشتنی نامووسی، هاوسەرگیری زۆرەکی و خەتەنەی ژنان دەردەکەوێت و وەک سیستەمێکی خۆدووبارەکردنەوە کار دەکات کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەی دیکە دەگوازرێتەوە. ئەم دیاردانە نەک تەنیا ڕەوایی بە ڕەفتارە نایەکسانەکان دەدەن، بەڵکوو بەهێزیان دەکەن و دەری دەخەن کە هێزی کولتووری پیاوسالاری لە یاسا زیاترە.
کاریگەری یاسای داگیرکەر:
یاسا سەپێنراوەکانی حکومەتی داگیرکەر کاریگەرییان هەبووە لەسەر دۆخی ژنان، بەڵام ئەم کاریگەرییە بە بەراورد لەگەڵ کولتووری پیاوسالاری، سنووردار و کاتییە. یاساکانی داگیرکەر هەندێک سنووری سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دروست دەکەن یان دەرفەتەکانیان سنووردار دەکەن، بەڵام زۆر جار لە یاساشدا ئەگەر نەختە مافێک بە ژن درابێت لە لایەن کۆمەڵگەوە پشتگوێ دەخرێت و ئەوە دەری دەخات هێزی کولتوور چەندە زۆرترە و یان ئەگەر یاساکە بەپێی کولتووری کۆمەڵگە بێت هەر لەو یاسای داگیرکەرە کەڵک دەگرن بۆ چەوساندنەوەی زۆرتری ژنی کۆمەڵگەی خۆیان.
بۆیە تەنانەت ئەم یاسایانەش لە پراکتیکدا بە تەواوی جێبەجێ ناکرێن و یان بەپێی نۆرم و کولتووری کۆمەڵگەی خۆیان کەڵکی لێ دەگرن. بۆ نموونە، لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە میراتەوە لە سنووری ئێراندا، ژنان نیوەی میراتەکەیان بەر دەکەوێت، زۆرێک لە ژنان تەنانەت ئەو نیوە میراتەشیان وەرنەگرتووە. کولتووری پیاوسالاری ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە پشتگوێخستنی مافە یاسایییەکانیان. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێزی کولتووری پیاوسالاری کاریگەریی زۆرترە لە یاسا. کاریگەرییەکانی چاکسازیی یاسا بەبێ گۆڕانکاریی کولتووری و کۆمەڵایەتی، سنووردار دەبن.
دەرەنجام
شیکردنەوە مێژوویی و کۆمەڵناسییەکان دەری دەخەن کە توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان زیاتر لە کولتووری پیاوسالاری و نەریتە دامەزراوەکانەوە سەرچاوە دەگرێت تا یاسای داگیرکەر. هەرچەندە یاساکانی داگیرکەر و دەسەڵات دەتوانن بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری بگۆڕن، بەڵام ڕۆڵی بەردەوام و بڕیاردەر لە بەردەوامی توندوتیژی، دەگەڕێتەوە بۆ بۆچوونەکان و بەها کولتوورییەکان. بۆیە، بۆ کەمکردنەوەی بەردەوامی توندوتیژی دژی ژنان، پێویستە چاکسازی کولتووری و پەروەردەیی لەگەڵ چاکسازی یاساکان و سیاسەتە پشتگیریکەرەکاندا جێبەجێ بکرێت. تەنیا بەم شێوەیەیە کۆمەڵگا دەتوانێت بەرەو یەکسانی ڕەگەزی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بچێت و توندوتیژی دژی ژنان کەم بکاتەوە.