«د. محەممەد کەمال / Muhammad Kamal» لە ساڵی ١٩٥٥ لە باشووری کوردستان لە دایک بووە. ساڵی ١٩٧٩ بۆ خوێندنی فەلسەفە ڕۆیشتووە بۆ پاکستان و لە ١٩٨٨ پلەی دکتۆرای فەلسەفەی لە زانکۆی کەراچی بە دەست هێناوە و بووەتەوە مامۆستای زانکۆ. ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ لە ئەڵمانیا پۆست دکتۆرای خوێندووە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە شاری مێلبۆرنی ئۆسترالیا مامۆستای زانکۆیە لە بواری فەلسەفەدا. بە نووسین و وەرگێڕانی چەندین کتێب، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ناساندنی فەلسەفە بە کۆمەڵگای کوردستان.
بە بۆچوونی ئێوە پێگەی ژن لە فەلسەفەی سیاسیی کلاسیک و مۆدێرندا چۆن ڕوون کراوەتەوە؟ ئایا ئەم ڕوانگانە بۆ ژنانی کورد کاریگەرییان هەیە؟
لە فەلسەفەی کلاسیکی و مۆدێرندا ژن پێگەی هەبووە. دوو مامۆستای «سوکرات» («ئەسپاسیای میلیتۆس Aspasia of Miletus» و «دیۆتیمای مانتینیا Diotima of Mantinea») ژن بوون؛ «ئەفلاتوون» دوو خوێندکاری ژنی لە ئەکادیمیا هەبووە؛ «هەیپاشیا Hypatia» (فەیلەسووف و سەرۆکی فێرگەی ئەفلاتوونیزمی نوێ لە شاری ئەسکەندەرییە) ژن بوو. لە سەردەمی مۆدێرندا فەیلەسوفی وەکوو «سیمۆن دیبۆڤوار Simone de Beauvoir»، «هانا ئارنت Hannah Arendt» و «ئایرس مەردۆخ Iris Murdoch» و چەند فەیلەسووف و ئەکادیمیستی ژن هەن ڕۆڵی سەرەکییان لە پێشخستنی بیرکردنەوەی فەلسەفیدا بینیوە. کەم و زۆر لەسەر فەلسەفەی ئەم فەیلەسووفە ژنانە نووسراوە، کاریگەرێتییان بەسەر فەلسەفەوە شرۆڤە کراوە. هەموو دەزانین، چۆن «سیمۆن دیبۆڤوار» کاریگەرێتی بەسەر فەلسەفەی بوونگەرایی و فێمینیزمەوە هەیە یان «هانا ئارنت» چۆن لەسەر کێشە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم نووسیویەتی.
جگە لەمە، «ئەفلاتوون»، بە دیدی من، یەکەم فەیلەسووفە هەوڵی ڕووخاندنی ئەو تێڕوانین و دۆگمایانەی داوە کە جەخت لەسەر دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای جێندەر دەکەن و ئەرکی ژن بە کاری ناوماڵ و منداڵ بەخێوکردنەوە دەبەستنەوە. ئەو لە دایەلۆگی «کۆمار»دا لە سیستەمی خوێندن و پەروەردە، سیاسەت و مەشقی سەربازی ژن و پیاو جیا ناکاتەوە. لەو باوەڕەدایە، ئەگەر هەمان هەل و بواری خوێندن و پەروەردە بۆ ژنان بڕەخسێت ژنی فەیلەسووف و جەنگاوەری ئازا و قارەمانیان لێ دەردەچێت، کە دەتوانن دەوڵەت و کۆمەڵ بەڕێوە بەرن. «ئەفلاتوون» ئەرکی منداڵ بەخێوکردنیش لەسەر شانی ژن لا دەبات و بە دەوڵەتی دەسپێرێت، تاکوو ژن بتوانێت چالاکانە ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت.
بیرکردنەوەی ئەفلاتوون بۆ بوونی ژن لە فەلسەفەی کلاسیکدا سەرەتایەکی ڕۆشنە. بەڵام، «ئەریستۆ» هەرچەندە لەڕووی بیرکردنەوەی زانستییەوە لە ئەفلاتوونی مامۆستای پێشکەوتووترە و دامەزرێنەری بیرکردنەوەی زانستییانەیە، بەڵام تێڕوانینی بۆ ژن پێشکەوتنخوازانە نییە. لە کتێبی هەشتەمی «نیکۆماخۆس»دا باسی دەکات، هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە تەنیا لە نێوان پیاواندا دروست دەبێت نەک ژن و پیاو، چونکە توانایییەکانیان جیاوازن.
چەند توێژینەوەیەک لەسەر بیرکردنەوەی فەلسەفیی ژنە فەیلەسووف «هەیپاشیا» (کە گرووپێکی مەسیحی کوشتیان و جەستەیان پارچە پارچە کرد) کراوە. بەرهەمە فەلسەفییەکانی «سیمۆن دی بۆڤوار»، «هانا ئارنت» و «ئایرس مەردۆخ» بڵاو کراونەتەوە و هەندێکیان کراون بە کوردی. دڵنیام بەرکەوتنی تێڕوانینە فەلسەفییەکانی ئەم فەیلەسووفانە بە ژنی کورد و خوێندنەوەیان لە کاریگەری بەدەر نابێت. ئەمڕۆ ژمارەیەکی دیاری ژنان لە کوردستان بەرگری لە مافەکانی ژن لەژێر ئەم کاریگەرێتییە دەکەن.
٢. ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگادا چ پەیوەندییەکی لەگەڵ گەشەی بەردەوام، دیموکراسی و دادپەروەری هەیە؟
ئازادیی ژن بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ئازادی لەنێو کولتوورێکی ستەمکەر و کۆنخوازدا بە دەست نایەت. ئازادی پێویستی بە گەشەی بەردەوامی بیرکردنەوە و کەژێکی دیموکراسی هەیە تاکوو ژن بتوانێت توانایییەکانی خۆی بخاتە گەڕ.
٣. بۆ چی ئامادەبوونی ژنان لە فەلسەفە و بیری ڕەخنەگرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کۆمەڵگای کوردیدا کەمترە؟ ئایا پێکهاتەکانی دەسەڵات، زمان یان نەریت هۆکارن؟
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کوردی تاکوو ئەمڕۆ لەنێو کولتووری خێڵگەرایی، دینخوازی و پیاوسالاری گیری خواردووە. ئەم سێ خەسڵەتەی کولتوورەکەمان، کە ڕەنگدانەوەی لە دەسەڵاتی ڕامیاری و زمانیشدا هەیە ڕێبەستن بۆ ئازادیی ژن و بەشداریبوونیان چالاکانە یان دڵخۆشکەرانە لە بوارەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و زانستیدا. بەڵام، کولتوور دەگۆڕێت و من گەشبینم و توانایی لە ژنی کورددا بۆ گەشەکردن و داکۆکیکردن لەسەر مرۆڤبوونی دەبینم. خاڵێکی گرنگی دیکە، بیرکردنەوەی پیاوە بەرامبەر بە ژن. تاکوو پیاو دان بە مرۆڤبوونی ژندا نەهێنێت و وەکوو مرۆڤ نەیبینێت، گۆڕانی بنەڕەتی بەسەر سێ خەسڵەتەکاندا ڕوو نادات.
٤. وەک فەیلەسووفێکی کورد، چ جیاوازییەک لە نێوان ستەم بەرامبەر ژنانی کورد و ژنانی نەتەوە و کۆمەڵگاکانی دیکە دەبینن؟
لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ستەم لە ژنان دەکرێت، بەڵام ڕێژەی ستەمکردنەکە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ ئەوی دی جیاوازە، کە دەکەوێتە سەر دەسەڵاتی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگاکان. بۆ نموونە، ستەمکردن لە ژنانی ئەفغانستان لە ستەمکردن بەرامبەر بە ژنانی کوردستان زۆرترە. یان خود ستەمکردن لە ژنانی وڵاتێکی پێشکەوتووی دیموکراسی لە ئەورووپا لە ستەمکردن لە ژنانی کورد کەمترە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هیچ وڵاتێک (هێشتا) ستەمکردن کۆتایی پێ نەهاتووە. ئێمە تاکوو کولتووری پیاوسالاری و دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای جێندەر هەڵنەوەشێنینەوە ستەم بەرامبەر ژن کۆتایی نایەت و بنبڕ نابێت. ئەمەش پێویستی بە شۆڕشی هزری و کولتووری هەیە کە لە بیرکردنەوەی مرۆڤەکانەوە دەست پێ دەکات.
٥. ئایا دەکرێت فەلسەفەیەکی ناوخۆیی لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیانی ژنی کورد دروست بکرێت؟
بیرکردنەوەی فەلسەفیی داهێنەرانە و ڕەخنەگرانە زادەی مێشکی مرۆڤە. مرۆڤی کوردیش توانای بیرکردنەوەی هەیە و دەتوانێت داهێنەر و ڕەخنەگر بێت. ژنی کورد وەک مرۆڤ خاوەنی ئەم توانایەیە و دەکرێت لەبەر ڕۆشناییی ئەزموونی خۆی فەلسەفییانە بیر بکاتەوە.
٦. بۆچوونی ئێوە دەربارەی «فێمینیزمی کوردی» چییە؟ ئایا پێویستی بە چوارچێوەیەکی فکری سەربەخۆ لە فێمینیزمی ڕۆژئاوایی هەیە؟
من باوەڕم بە فێمینیزمە، بە فێمینیزمی کوردیشەوە. پێم خۆشە ژنی کورد بە ئاگاییەوە مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێت و بەرگری لە ئازادییەکەی بکات. هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ڕامیاری پێویستی بە چوارچێوەی فیکرییە و گرنگە فێمینیزمی کوردی سوود لە فێمینیزمی ڕۆژئاوایی وەربگرێت. هەر چەند کۆمەڵگەکان جیاوازن و بارودۆخی مێژووییی خۆیان هەیە بەڵام چوارچێوەی فیکری کە تۆ ئاماژەت بۆ کردووە، یان ئەو بیرکردنەوە فەلسەفییەی فێمینیزمی لەسەر دادەمەزرێت جیهانییە و سنووری نەتەوە دەبڕێت. ئەرکی بیرمەند لە هەر بوارێکدا بێت هاوشێوەی ئەرکی ئەو زانستکارەیە دژە-ڤایرۆسێک بۆ نەخۆشی دەدۆزێتەوە بێ ئەوەی بیر لە ڕەگەز و نەتەوەی نەخۆشەکان بکاتەوە.
٧. لە فەلسەفەی سیاسیدا، چۆن دەکرێت لە نێوان ڕزگاریی تاکەکەسیی ژن و ڕزگاریی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک (وەک نەتەوەی کورد) هاوسەنگی دروست بکرێت؟
هیچ کۆمەڵێک ئازاد نییە ئەگەر تاکەکانی ئازاد نەبن، بەتایبەتی ژن. ڕزگاربوونی نەتەوەیەک، وەکوو کورد، تەنیا لە دەرکردنی داگیرکەر بۆ ئەو دیو سنوورەکانی نیشتمان نییە. ئێمە کاتێک دەتوانین باسی ڕزگاربوون و ئازادی بکەین کە تاکی کورد هەست بە ئازادی بکات. هاوسەنگی ڕزگارکردنی نەتەوەیی و ڕزگارکردنی تاکەکەسەکان (ژنانی کورد) پێویستی بە ئاگایی کۆمەڵایەتی و شۆڕشی کولتووری هەیە. ئەم شۆڕشە کولتوورییە (لە ناوەوە)، هێندەی شۆڕشی ڕامیاری دژی داگیرکەر گرنگە.
٨. بە بۆچوونی ئێوە بۆ چی ژنان، تەنانەت لە کۆمەڵگا ئەکادیمییەکانیشدا، هێشتا لە پەراوێزی فەلسەفەدان؟
ژنان لە کۆمەڵگە ئەکادیمییەکاندا هێشتا لە پەراوێزی فەلسەفەدان. هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیە بۆ کولتووری پیاوسالاری دەگەڕێتەوە. بەڵام وەکوو من دەیبینم، ئەم دیاردەیەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ژمارەی ژنانی پسپۆڕی ئەکادێمیست بەرەو زۆر بوون دەڕوات. بۆ نموونە، لەم زانکۆیەی من کاری تێدا دەکەم، سەرۆکی بەشی فەلسەفە، ڕاگری کۆلێژی ئاداب و سەرۆکی زانکۆ ژنن.
٩. چۆن دەکرێت بەشداریی ژنان لە بەرهەمهێنانی بیر، سیاسەتدانان و گوتاری فەلسەفی بەهێز بکرێت؟
ئێمە لە ڕێگەی ئاگایی کۆمەڵایەتی و سیستەمی خوێندن و پەروەردەوە دەتوانین بەشداریی ژنان لە بەرهەمهێنانی بیر و گوتاری فەلسەفی و سیاسەتدانان بەهێز بکەین. ئەمە دەکەوێتە سەر شانی ئێمەی خوێندەواران، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد. پێویستە تاکی کورد جۆرێک پەروەردە بکرێت ڕێز لە مرۆڤبوونی ژن و توانایییەکانی بگرێت.
١٠. بۆ کچانی گەنجی کورد کە خولیای بیر و فەلسەفەن، چ پێشنیازێکتان هەیە؟
من هیچ پێشنیازێکم نییە جگە لەوەی ژنی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی خولیای بیر و فەلسەفەن، ڕەسەنانە بیر بکەنەوە و بێ ترس و قارەمانانە دژی هەموو ڕێگریکردنێک لە ئاستی بوون بە خۆ و داهێنانەکانیاندا بوەستن. هەوڵ بدەن خاوەنی پرۆژەدانانی خۆیان و بوونی خۆیان بن.