ڕووداوی ترۆماتیک

ڕووداوی ترۆماتیک (Traumatic Event)، ڕووداوێکە کە زیانی جەستەیی، عاتیفی، ڕۆحی، یان دەروونیت پێ دەگەیەنێت و لە دەرەنجامی ئەو ڕووداوەدا هەر کات هەست بە هەڕەشەیەک دەکەیت کە زیانت پێ دەگەیەنێت و تووشی ترسێکی دەروونیی زۆرت دەکات. لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە نەزانیت چۆن ڕووبەڕووی ئەو برینە ببیتەوە یان لەوانەیە سەبارەت بە کاریگەریی ڕووداوە ناخۆشەکە نکۆڵی بکەیت. دەبێت بزانیت بۆ چاکبوونەوە و سەقامگیرییەکی دەروونی لەدوای ڕووداوی ترۆماتیک پشتگیری و کاتت پێویستە.

هەندێک نموونە لە ڕووداوە ترۆماتیکەکان:

  • ئازاری جەستەیی یان برینداربوون (بۆ نموونە ڕووداوی سەختی ئۆتۆمبێل)
  • نەخۆشینی سەخت
  • جەنگ
  • کارەساتی سروشتی
  • تیرۆر
  • مردنی کەسێک لەپێش چاوت
  • دەستدرێژی
  • ئازاربینین لەناو بنەماڵەدا
  • زیندانیبوون

لەدوای مردنی کەسێکی ئازیز یان تەڵاقێکی سەخت دەتوانێت خەم و پەژارەی قووڵ و ئاڵۆز (Complicated grief) ڕوو بدات. گۆڕانکارییەکانی ژیان وەک گواستنەوە بۆ شوێنێکی نوێ، بەجێهێشتنی دایک و باوک، یان تێکهەڵچوونی ناو بنەماڵە دەتوانن ببنە هۆکار بۆ پەشێویی ڕاهاتن (Adjustment Disorder).

مرۆڤەکان چۆن ڕووبەڕووی ڕووداوە ترۆماتیکەکان دەبنەوە؟

مرۆڤەکان بە شێوەی جیاواز ڕووبەڕووی ئەم ڕووداوانە دەبنەوە. زۆر جار شۆک دەبن یان نکۆڵی لە کاریگەرییەکانی ڕووداوەکە بۆ پاراستنی خۆت بەکاردەهێنرێت. لەوانەیە هەست بە بێهێزی یان دابڕان بکەیت. لەوانەیە یەکسەر هەست بە چڕی تەواوی ڕووداوەکە نەکەیت. کاردانەوە باوەکان بریتین لە:

  • بەبیرهێنانەوەی زۆری بیرەوەرییەکان لە مێشکتدا
  • مۆتەکە
  • ترس لەوەی ڕووداوە ترۆماتیکەکان ڕوو بدەنەوە بەتایبەت لە ساڵەهاتەکەیدا (یان لە کاتی گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی)
  • وازهێنان و دووریکردن لە چالاکییە ڕۆژانەکان
  • بەردەوامی لە دووریکردن لە بەبیرهێنانەوەی ڕووداوەکە
  • گۆڕانکاریی لە باری دەروونی و گۆڕانکاریی لە جۆری بیرکردنەوەی کەسەکە
  • تووڕەیی
  • گۆڕانی لەناکاو و بەرچاوی باری دەروونی
  • دڵەڕاوکێ
  • نکۆڵی کردن
  • خەمۆکی
  • کێشە لە چڕکردنەوەی سەرنجدا
  • شێوانی خەو یان کەمخەوی
  • سەرئێشە
  • خراپتربوونەوەی نەخۆشینێک ئێستای کەسەکە

پەشێویی سترێسی پاش ترۆما

هەندێک جار دوای ئەوە کە تووشی ڕووداوێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانت دەبیت یان مردنی کەسێک دەبینیت، دەتوانێت حاڵەتی «پەشێویی سترێسی پاش ترۆما» (post-traumatic stress disorder (PTSD)) ڕوو بدات. «پی تی ئێس دی» جۆرێکە لە دڵەڕاوکێ کە کاریگەریی لەسەر هۆرمۆنەکانی سترێس دادەنێت و وەڵامی جەستە لە بەرامبەر سترێس دەگۆڕێت. ئەم کەسانە پێویستیان بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی بەهێز و چارەسەری بەردەوام هەیە.

«پی تی ئێس دی» دەتوانێت ببێت بە هۆکاری وەڵامدانەوەی جەستەیی و سۆزدارانەی زۆر بەرامبەر بە بیرکردنەوە و یادەوەریی ڕووداوەکە و دەتوانێت بۆ چەند مانگ و ساڵانێک لەگەڵیان بمێنێت. شارەزایان نازانن بۆ چی هەندێک کەس دوای ڕووداوێکی سەخت تووشی PTSDدەبن و هەندێک کەس نابن. چیرۆکی پشتی ترۆما، هۆکاری جەستەیی و دەروونی و جینەتیکی دەتوانن لە ڕوودانی PTSD کاریگەر ببن.

سەرچاوە: HealthLine.com

بۆچوونەکان 0

هیچ بۆچوونێک نەنووسراوە.