نووسەر: هانا زانست
گفتوگۆیەکی بەسوود و بەرهەمهێنەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پێویستی بە چوارچێوەیەکی ڕوون هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێز و هەڵسوکەوت و وتووێژێکی بەرهەمهێنەر دابنرێت.
ئەم بنەما سەرەکییانە بریتین لە:
- باسەکە پەیوەندیی بە بابەتەکەوە هەبێت: بابەتە سەرەکییەکە بە لاڕێدا نەبرێت و لە زانیاری و بۆچوونی پەیوەست بە وتووێژەکە کەڵک بگیرێت.
- ڕێزگرتن: هەموو بەشداربووان بە کەرامەتەوە لەگەڵ یەک مامەڵە بکەن، لە هێرشی کەسی دوور بکەونەوە، و ناکۆکییەکان بە ئەدەب و ڕێزەوە دەرببڕن.
- دووربوون لە ناوەڕۆکی زیانبەخش: سووکایەتیکردن و بوختانکردن یان ناوەڕۆکی گومڕاکەر بڵاو نەکرێتەوە.
- گرتنە خۆی هەموو لایەک: ڕوانگە جۆراوجۆرەکان هان بدە و دڵنیا ببە لەوەی کە گوێ و ڕێزی بگیرێت لە هەموو دەنگەکان بەتایبەت ئەوانەی لە کۆمەڵگا لاواز یان پەراوێزخراوەکانن.
- پاراستنی نهێنیی تاکەکەسی: نهێنیی تاکەکان بپارێزە و بەبێ ڕێگەپێدان، زانیاریی نهێنیدەرخەر یان ناسێنەر هاوبەش مەکە.
- ڕاستی و دروستی: تێ بکۆشێ بەدوای ڕاستییەوە ببە، هەڵەکان بە خێرایی ڕاست بکەرەوە، و زانیاری هەڵە بڵاو مەکەرەوە.
- مەیانەڕەوی: بە بەردەوامی ستانداردە کۆمەڵایەتییەکان بە دادپەروەری جێبەجێ بکە، پێشێلکارییەکان چارەسەر بکە، و ژینگەیەکی سەلامەت بۆ گفتوگۆ دروست بکە.
دووربوون لە هەڵە مەنتیقییەکان
لە کاتی بەشداری لە گفتوگۆکاندا، گرنگە کە سەفسەتەکان بناسیت و لێیان دوور بکەویتەوە. ئەم سەفسەتانە، هەڵەکردنن لە بەڵگەهێنانەوەدا و بیرۆکەکان لاواز دەکەنەوە. باوترین جۆرەکانی سەفسەتە ئەمانەن:
- بەرەو کەسایەتی (Ad Hominem): هێرش بردنە سەر کەسەکە لەجیاتی باسکردنی بەڵگەکەی.
- بۆ نموونە زۆر دەبینین لە تویتەردا کە کەسێک کە نەختێک جیاوازتر لە نۆرمی کۆمەڵگە بیر دەکاتەوە تۆمەتبار دەکەن بە جاشبوون. ئەگەر ژن بێت، جنێوی سێکسیستیی پێ دەدەن یان پەیوەندیی دەدەنەوە بە حیزبێکی تایبەت بۆ ئەوەی خەڵک بێ متمانە بکەن بەو کەسە و سەرنج لە باسە سەرەکییەکە لا بدەن.
- مرۆڤی کایی (Straw Man): بە جۆرێکی هەڵە باسی بەڵگەهێنانەوەکە بکەیت و بیبەیت بە لاڕێدا بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانیت هێرش بکەیتە سەری.
- لەم جۆرە چەواشەکارییەش لە تویتەردا زۆر دەبینین: بۆ نموونە ڕەخنە دەگریت لە ژنێک: «ئەوەی کە پیاوانی دەوری تۆ باشن بە واتای ئەوە نییە کە کۆمەڵگە پیاوسالار نییە.» بەڵام ئەو قسەکەت دەگۆڕێت کە «فێمینیستەکان دەڵێن نابێت باوک و برامان خۆش بوێت!».
- داوا لە دەسەڵات (Appeal to Authority): پشتبەستن بە بۆچوونی کەسێکی دەسەڵاتدار لە جیاتی خستنە ڕووی بەڵگەی بەهێز.
- بۆ نموونەی ئەمەش لە تویتەردا، دەتوانین ئاماژە بکەین بەوە کە ئەگەر کەسێک چالاکیی کولتووری و کۆمەڵایەتی بکات ناونیتکەی «وۆکیست» لێ دەنێن بۆ ئەوەی کارەکەی بێ بایەخ بکەن. کە بەرامبەریان دەوەستیت، دەڵێن «ئیلان ماسکیش بەو کەسانە وا دەڵێت!». لە حاڵێکدا ماسک بۆ خۆشی ڕەخنەی زۆری لەسەرە، بەڵام چون گیرفانی پڕە و ناسراوە قسەی دەبێتە سەرچاوە بۆ دروستی و هەڵەیی پرسێک.
- دووانەی چەواشە (False Dilemma): تەنیا دوو هەڵبژاردە خستنە ڕوو لە کاتێکدا چەندین هەڵبژاردەی تر هەیە.
- بۆ ئەمەش بۆ نموونە دەگوترێت «تا دەوڵەتی کوردیمان نەبێت چاکسازیی کۆمەڵایەتی ناکرێت و کەسێک پێش دەوڵەتی کوردی لە بیری مافی ژنان و کەمینەکان بێت دژی سەربەخۆیی کوردستانە!»، لە حاڵێکدا مرۆڤ دەتوانێت هاوکات چەند پرسی بۆ گرنگ بێت.
- لێژاییی فێڵاوی (Slippery Slope): بەڵگەهێنان کە یەک هەنگاوی بچووک بە ناچاری دەبێتە زنجیرەیەک لە ڕووداوە خراپەکان.
- نموونە بۆ ئەم سەفسەتەیەش ئەوەیە کە دەڵێن «ئەگەر ئیزنی چالاکی بە فێمینیستەکان بدەین، کۆمەڵگە بەرەو وێرانی دەچێت!». یان زۆر جار لە فارسەکان دەبیسین کە «خواستی خوێندن بە زمانی دایکی دژایەتی کردنی زمانی فارسییە».
- بەڵگەهێنانەوەی بازنەیی (Circular Reasoning): بەکارهێنانی ئەنجام وەک گریمانە بەبێ ڕاستکردنەوەی گونجاو.
- بۆ نموونە پان ئیرانیستەکان دەڵێن لە ئێراندا جگە لە فارسی زمانی دیکە بۆ پەروەردە نابێت، چون پێیان وایە زانست بەو زمانانە نانووسرێت و بۆ نموونە ناکرێت کەسێک بە زمانی خۆی ببێت بە ئەندازیارێکی چاک.
- گشتیکردنی پەلە (Hasty Generalization): دروستکردنی ئیدعایەکی بەربڵاو لەسەر بنەمای نموونەی سنووردار.
- نموونەکان: «من فێمینیستێکم بینی کە جاش بوو، بۆیە فێمینیزم دژی سەربەخۆیی کوردستانە!» یان «من فێمینیستێکم دیت کە لەگەڵ منداڵەکانی باش نەبوو، بۆیە بیرۆکەیەکی شەیتانییە!»
- سەرشێوێنکە (Red Herring): پێناسای زانیاریی بێ پەیوەندی بۆ بەلاڕێبردنی سەرنج لە بابەتە سەرەکییەکە.
- نموونەیەکی زۆر بەرچاو: «کێشەی ئێمە حیجاب نییە، ئێمە خاکمان داگیر کراوە!». بە ناگرنگ نیشاندانی کێشەکە بە نموونە هێنان لە کێشەیەکی دیکە لە حاڵێکدا هەردووکیان هاوکات دەتوانن گرنگ بن.
تێگەیشتن لەم ئاکار و سەفسەتانە یارمەتیمان دەدات بۆ دروستکردنی گفتوگۆیەکی پڕ لە واتا، ڕێزدارانە و بەرهەمهێنەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. کاتێک ئەم ڕێبازانە جێبەجێ دەکەین، دەتوانین ژینگەیەکی باش بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و زانیاری دروست بکەین کە سوودی بۆ هەموو بەشداربووان هەبێت.