نووسەر: هانا زانست

نۆرم

یەکێک لەو مەسەلانەی کە مێشکم پێیەوە سەرقاڵە ئەوەیە کە لەسەر چ بنەمایەک، کەسایەتییەک وەک «ئاسایی» یان «نۆرماڵ» دادەنرێت. لە ڕوانگەی منەوە، زۆرێک لە ڕەفتارەکانی مرۆڤ، لە دەرەوەی هۆکارە جینەتیکییەکان، کاردانەوەیەکن بە پێکهاتە ئاڵۆزە کۆمەڵایەتییەکان. تەنانەت هەندێک لە گۆڕانکارییە جینەتیکییەکانیش لە وەڵامی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤدا بووە.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەر مرۆڤێک لەوانەیە لە قۆناخێکی ژیانیدا، ڕەفتارێک لە خۆی نیشان بدات کە لەگەڵ نۆرمە پێناسەکراوەکانی کۆمەڵگادا یەک نەگرێتەوە؛ بە تایبەت لەو کۆمەڵگانەدا کە پێویستییە تاکەکەسییەکانی خەڵک پشتگوێ دەخەن و ژیانی کۆمەڵایەتی نەک لەسەر بنەمای هاوسۆزی و بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لەسەر بنەمای کێبڕکێ، چاودێری، و دەستتێوەردان لە ژیانی یەکتردا بەڕێوە دەچێت.

بۆ نموونە لەبارەی دەربڕینی خۆشەویستییەوە، کۆمەڵگە لەوانەیە شێوەیەکی تایبەتی لە ڕەفتار وەک «قبووڵکراو» یان «ڕێزدار» پێناسە بکات، بەڵام مرۆڤەکان ڕێگای جۆراوجۆریان هەیە بۆ دەربڕینی هەستەکانیان. فشار خستنە سەر خەڵک بۆ گونجاو بوون لەگەڵ شێوەیەکی یەکگرتوو لە دەربڕین، ئەم هەستە دروست دەکات کە ئەگەر بەپێی نۆرم ڕەفتار نەکەن، چیتر شایانی ڕێز نین.

بە گشتی، من لەگەڵ چەمکی «ئاسایی بوون»دا کێشەم هەیە. هەتا چەند دەیەی ڕابردووش، نەخوێندەواریی ژنان لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا شتێکی ئاسایی بوو و خوێندنیان پێ شتێکی نائاسایی و تەنانەت ناخۆش بوو. لە ڕوانگەی منەوە، تەنیا سنووری نێوان ئاسایی و نائاسایی دەبێت «زیان گەیاندن» بێت. ئەوەی زیان بە خۆی یان کەسانی تر دەگەیەنێت، لە ڕوانگەی منەوە نائاساییە؛ نەک ئەوەی کە تەنیا بە جۆرێکی جیاواز بیر دەکاتەوە یان ڕەفتار دەکات.

لە ساڵانی دواییدا، بەکارهێنانی لەیبڵە دەروونناسییەکان بۆ وەسفکردنی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی خەڵک، بە شێوەیەکی نیگەرانکەر باو بووەتەوە. ئەوەی کە بەهۆی ئەزموونە تاڵەکانی لەگەڵ خەڵکی تر بە پارێزی زیاترەوە ڕەفتار دەکات، لەوانەیە بە دیسۆردەرێک تۆمەتبار بکرێت. ئەوەی کە زۆر متمانەی بە خۆی و کارەکانی هەیە بە لەیبلێ ترەوە ناو دەبرێت؛ ئەوەی کە میهرەبانە و لە هەستی کەسانی تر چاک تێ دەگات لەوانەیە ناونیتکەیەکی دی بخوات و ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستەکانی خۆی زۆر گرنگی بدات هەندێک جار پێی دەڵێن دژە کۆمەڵایەتی. تەنانەت کاردانەوە توندەکانیش بۆ دۆخە قەیراناوییەکان بەبێ بەرچاوگرتنی پێشینەی کولتووری کۆمەڵایەتی، بە دیسۆردەرەکانی کەسایەتی دەناسێنرێت.

مەبەست ئەوە نییە کە ئەو دیسۆردەر و نەخۆشییە دەروونییانە بوونی نییە؛ با بەدڵنیایییەوە کە هەن. مەبەست لەیبڵ لێدانی نەخۆشی دەروونی و دیسۆردەرە کەسایەتییەکانە بەپێی بینینی چوار دانە لە نیشانەکانی لەنێو کەسێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی پێکهاتە کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکان.

دەیان ژنم بینیوە کە تووشی خەمۆکی بوون بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ پیاوێکدا کە بەپێی ئەو پیاوەتییە ژەهراوییە کە کۆمەڵگە بۆی تاریف کردووە هەڵسوکەوتی کردووە؛ بەجێی چاکسازیی کولتووری و دروست کردنی ژێرخانی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی پیاوەکان لەو چوارچێوە دیاریکراوەی پیاوەتی هەڵسوکەوت نەکەن ژنان دەبەستنەوە بە دەوا و دکتۆر و دەروونناس. یانی لەو زانستانە بۆ پاراستنی نۆرمەکانی کۆمەڵگە کەڵک دەگیرێت.

بەگشتی مەبەست ئەوەیە کاریگەریی پێکهاتە کۆمەڵایەتی کولتوورییەکان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ زۆر زۆرتر لەوەیە کە بیری لێ دەکەینەوە. ئەوەی کە زۆر جار لە شیکردنەوەی ڕەفتاری مرۆڤەکاندا پشتگوێ دەخرێت، پێشینە کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کاریگەرەکانە. زۆرێک لەو ڕەفتارانەی کە وەک «کارەسات» یان «هەڵە» دەناسێنرێن، بەرهەمی ڕاستەوخۆی بارودۆخی کەسی نین، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەیان لەنێو کولتوور و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا شاراوەتەوە.

زۆر جار لە زانستی وەک دەروونناسی و دەروونپزشکیش کە دەتوانن زۆر بەکەڵک بن بۆ پاراستنی ئەو نۆرمە هەڵانە کەڵک دەگیرێت. لە دونیای ئێستادا زۆر زانست پێکەوە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی بە شتێکی دیاریکراو و زانستی بگەین وەک کۆمەڵگەناسی، دەرونناسی، پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، نۆرۆسایێنس و...

ژیانی مرۆڤ زۆر ڕەهەندە و هەر تاکێک بە کۆمەڵێ برینەوە گەورە بووە. پێویستیمان بەو پێوەرانە هەیە کە هەم بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی دابین بکەن و هەم ئازادی تاکەکەسی بناسێنن؛ و لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵەکاندا، تەنیا ئەو ڕووداوە نەبینرێت، بەڵکوو بە پێشینە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی پشتیشیەوە گرنگی بدرێت.

لە کۆتاییدا، پرسیارەکەی من ئەوەیە: چۆن بە ڕاستی نۆرم پێناسە دەکرێت؟ ئەگەر کەسێک لە چوارچێوە قبوڵکراوەکان دوور بکەوێتەوە، بۆ دەبێت ئیتر شایەنی ڕێز نەبێت و مافی ژیانی نەبێت؟ بۆ دەبێت بۆ هەموو شتێک چوارچێوەیەکی دیاریکراومان هەبێت و ژێرخانێک ساز نەبێت کە ڕێزی زۆرتر بۆ تایبەتمەندییەکان کەسایەتیی مرۆڤ بگرێت؟!