نووسەر: هانا زانست
ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری دوو چەمکی جیاوازن، بەڵام لە وتووێژی ڕۆژانەدا و تەنانەت لە هەندێک فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا زۆر جار بە یەک مانا بەکار دەبرێن.
ناسیۆنالیزمی بەتایبەت توند ئایدیۆلۆژییەکی سیاسییە کە جەخت لەسەر باڵادەستیی نەتەوەیەک دەکات بەسەر ئەوانی تردا. زۆر جار ئامانجەکانی بریتین لە پاراستنی دەسەڵات و پەرەپێدانی سەرکوتکردنی نەتەوەکانی دیکە و هەندێک جار جیابوونەوە لەوانی دیکە. ناسیۆنالیزم دەتوانێت شەڕانگێز بێت و سەرنجی لەسەر باڵادەستی بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕق و کینە و ململانێ لە نێوان نەتەوەکاندا. وەک فارس کە دەڵێن کە لە ڕابردوودا ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوای ئاسیا لەژێر دەسەڵاتیاندا بووە و شانازیش بەو داگیرکەرییە دەکەن و لە پشتی ناوی ئێرانەوە هەوڵی چەوساندنەوەی نەتەوەکانی دراوسێ دەدەن. ناسیۆنالیزمی توند تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی شەڕ و ململانێ لەناو هاوزمانەکاندا وەک ڕەگەزپەرستیی فارسی ئێران بەرامبەر ئەفغانستانییەکان. من پێم وایە هۆکارێکی ئەو تووڕەیییەیان هەڵدەگەڕێتەوە بۆ هێرشی پاشایەکی ئەفغانستان بۆ سەر ئەسفەهانی ئێران و ئەو ڕقە نەوە بە نەوە گوازراوەتەوە.
لە بەرامبەردا، نیشتماندۆستی هەستێکی مرۆڤدۆستانەیە بۆ خۆشەویستی و گرنگیدان بە شوێنی لەدایکبوون و ژیانت، کولتوور و خەڵکەکەت. نیشتماندۆستی باڵادەستی و دوژمنایەتی بەرامبەر بەوانی تری نییە و لەسەر بنەمای هاودەنگیی بەکۆمەڵ و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی دامەزراوە.
جیا لەو جیاکاریی و خۆبەزلزانینە کە لە ناسیۆنالیزمدا هەیە، بەتایبەت ناسیۆنالیزمێک کە تیۆرییەکەی بەدەستی پیاوانەوە داڕێژراوە، هەموو ناسیۆنالیزمێک لە بابەتێکی دیکەدا هاوبەشن: بە کەرەستە کردنی جەستەی ژن. ئەو ناسیۆنالیزمە لەسەر جەستەی ژن دامەزراوە بۆیە لەو ناسیۆنالیزمەدا نیشتمان بە ژن وێنا دەکرێت و بە موڵکی پیاو دەناسرێت. بەشێک لە چەمکی نامووسیش لەمەوە هەڵگیراوە بۆیە پەیوەندی ژنان لەگەڵ پیاوی نەتەوەی بەرامبەر زۆرتر سەرکۆنە دەکرێت بەڵام پەیوەندی پیاو وەک سەرکەوتن سەیر دەکرێت. نیشتمان بە لەشی ژن وێنا دەکرێت بۆیە لە شەڕی دوو نەتەوەدا دەستدرێژیی پیاوان بۆ سەر ژنانی نەتەوە داگیرکراوەکە دەبینین. بێگومان ئەمە ڕوانگەیەکی دوور لە مرۆڤایەتییە و پێویستی بە دووبارە نووسینەوە هەیە بەتایبەت دووبارە نووسینەوە لە ڕوانگەی ژنانی ئازادیخوازەوە کە هەم پرسی ژن بۆیان گرنگە و هەم خۆشەویستیی نیشتمانی خۆیان لە دڵیاندا هەیە.
جا لەوانەیە کەسێک ئەم قسانەی منە بەوە بگرێت کە داواکاریی دەوڵەتی کوردی ڕەوا نییە. نە؛ بێگومان ڕەوایە. کاتێک باس لە کورد دەکرێت، داواکاری بۆ «دەوڵەتی کوردی» تەنیا داواکارییەکی ناسیۆنالیستی نییە. لە ناوەڕۆکدا پرسێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە لەسەر بنەمای مافی چارەنووس و ئازادیی سیاسی دامەزراوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستەمی دەوڵەتی مۆدێرن لە دەوری مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە بنیات نراوە، هەر بزووتنەوەیەک بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی یان کولتووری زۆر جار ناچار دەکرێت بە زمانی ناسیۆنالیزم قسە بکات بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت. بە واتایەکی تر، خواستی دەوڵەتی کوردی بە پێکهاتەی سیستەمی سیاسیی جیهانی لە قاڵب دەدرێت، کە تەنیا لەڕێگەی چوارچێوەیەکی نەتەوەیی دانی پێدا نراوە و ڕێگە بە سەربەخۆییی خاکی کوردستان دەدات. هەروەها دەتوانێت پەیوەندیی بە کۆتاییهێنان بە جیاکاری و بەدەستهێنانی ئازادی و دەستەبەرکردنی کەرامەتی مرۆڤەوە بێت. چونکە ئەگەر نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان بەوە بگەن کە دەوڵەت-نەتەوەکەیان لەسەر خاکی نەتەوەی دیکە دامەزراوە من پێم وایە ئەو کاتە ئەو ناوچە لە ئازادی تێ گەیشتووە.